ئه‌ڵمانیا سه‌نته‌ری ئیسلامی له‌ هامبۆرگ قه‌ده‌غه‌ ده‌كات و هه‌ڵده‌كوتێته‌ سه‌ر باره‌گاكانی


وێستگه‌نیوزـ

حكومه‌تی ئه‌ڵمانیا "سه‌نته‌ری ئیسلامی له‌ هامبۆرگ" قه‌ده‌غه‌ كرد، سه‌نته‌ره‌كه‌ كۆمه‌ڵه‌یه‌كی ئیسلامییه‌ و مزگه‌وتێك له‌و شاره‌ ئه‌ڵمانییه‌ به‌ڕێوه‌ده‌بات و ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه‌، به‌ گومانی پشتیوانی له‌ حزبوڵڵای لوبنانی و په‌یوه‌ستبوونی به‌ ئێرانه‌وه‌، له‌ژێر چاودێری و لێكۆڵینه‌وه‌دایه‌.


ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 24ی ته‌موزی 2024، له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا هاتووه‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ: "سه‌نته‌ری ئیسلامی له‌ هامبۆرگ و رێكخراوه‌كانی دیكه‌ی سه‌ر به‌م سه‌نته‌ره‌ له‌ سه‌رانسه‌ری ئه‌ڵمانیا قه‌ده‌غه كرد، چونكه‌ رێكخراوێكی ئیسلامی تووندڕه‌وه‌ و ئامانجه‌كانی پێچه‌وانه‌ی ده‌ستوری ئه‌ڵمانیایه‌".

به‌ گوێره‌ی ئه‌وه‌ی له‌ به‌یاننامه‌كه‌ی وه‌زاره‌تدا روونكراوه‌ته‌وه‌، پۆلیس به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ، له‌ هه‌شت ویلایه‌تی ئه‌ڵمانیا، هه‌ڵیكوتاوه‌ته‌ سه‌ر 53 بنكه‌ و باره‌گای تایبه‌ت به‌ سه‌نته‌ره‌كه‌.

له‌م باره‌یه‌وه‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی ئه‌ڵمانیا ده‌ڵێت قه‌ده‌غه‌كردنی سه‌نته‌ره‌كه‌، له‌سه‌ر بنه‌مانی كۆمه‌ڵێك به‌ڵگه‌ی گشتگیر بووه‌، به‌ڵگه‌كان‌ له‌ پرۆسه‌ی پشكنینه‌كانی پێشوو له‌ مانگی تشرینی دووه‌می رابردوو، له‌ 55 بنكه‌ و باره‌گادا دۆزراونه‌ته‌وه‌.

نانسی ڤێزه‌ر، وه‌زیری ناوخۆی ئه‌ڵمانیا ده‌ڵێت: "ئه‌مڕۆ، سه‌نته‌ری ئیسلامیمان له‌ هامبۆرگ قه‌ده‌غه‌ كرد كه‌ له‌ ئه‌ڵمانیا، بانگه‌شه‌ی بۆ ئایدۆلۆژیای ئیسلامگه‌رای توندڕه‌و ده‌كرد".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "ئه‌م ئایدۆلۆژیا ئیسلامگه‌رایه‌ دژ به‌ كه‌رامه‌تی مرۆڤ بوو، دژ به‌ مافه‌كانی ژنان بوو، دژ به‌ سه‌ربه‌خۆیی دادگاكان بوو، دژ به‌ ده‌وڵه‌ته‌ دیموكراسییه‌كه‌مان بوو".

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، ئاژانسی رۆیته‌رز به‌یانی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، نه‌یتوانیوه‌ له‌ رێگه‌ی ته‌له‌فۆنه‌وه‌‌، لێدوانی سه‌نته‌ره‌كه‌ وه‌ربگرێت و پێگه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كه‌شی بۆ رای گشتی به‌رده‌ست نه‌بووه‌.

پێشتر ده‌سته‌ی پاراستنی ده‌ستور (واته‌ هه‌واڵگری ناوخۆ) له‌ ویلایه‌تی هامبۆرگ، ماوه‌یه‌كی زۆره‌ "سه‌نته‌ری ئیسلامی له‌ هامبۆرگ IZH"ی خستووه‌ته‌ ژێر چاودێرییه‌وه‌. ده‌سته‌كه‌ ئه‌و سه‌نته‌ره‌ ئیسلامییه‌ به‌ توندڕه‌و و سه‌ر به‌ ئێران پۆلێن ده‌كات.


PM:02:35:24/07/2024








ئه‌م بابه‌ته 712 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت