راپرسییه‌ك: كامالا پێش تره‌مپ كه‌وت


وێستگه‌نیوز-
ڕاپرسییه‌كی نوێ ده‌ریخست كه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌و وڵاته‌، كامالا هاریس جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكا به‌ دوو خاڵ له‌ پێش دۆناڵد تره‌مپ كاندیدی كۆمارییه‌كانه‌وه‌یه‌.

راپرسییه‌كه‌ دوێنێ دووشه‌ممه‌ و ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ له‌لایه‌ن ئاژانسی رۆیته‌رز/ ئیپسۆسه‌وه‌ ئه‌نجامدراوه‌ دوای كۆنفرانسی نیشتمانی كۆمارییه‌كان كه‌ تیایدا تره‌مپ به‌ فه‌رمی كاندیدكردنی پارته‌كه‌ی بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی كۆمارییه‌كان له‌ رۆژی پێنجشه‌ممه‌دا قبوڵكرد، هه‌روه‌ها دوای ئه‌وه‌ی بایدن رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ كشانه‌وه‌ی خۆی و پشتگیری له‌ هاریس راگه‌یاند.

هاریس كه‌ تیمی‌ هه‌ڵمه‌تی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ پشتیوانی پارتی دیموكراتی به‌ده‌ستهێناوه‌، له‌ راپرسییه‌كه‌دا بۆ ده‌نگده‌رانی تۆماركراو به‌ ڕێژه‌ی 44% به‌رامبه‌ر 42% پێش تره‌مپ كه‌وتووه‌ له‌گه‌ڵ‌ بوونی‌ په‌راوێزی‌ هه‌ڵه‌ كه‌ به‌ سێ خاڵی سه‌دی‌ دانراوه‌.
یه‌ك خاڵ

هاریس و تره‌مپ له‌ راپرسییه‌كدا كه‌ له‌ رۆژانی 15 و 16ی ته‌مموز ئه‌نجامدرا، هه‌ریه‌كه‌یان به‌ ڕێژه‌ی 44% یه‌كسانبوون، له‌ به‌رامبه‌ردا تره‌مپ له‌ راپرسییه‌كدا كه‌ له‌ یه‌كه‌م و دووه‌می ئه‌م مانگه‌دا ئه‌نجامدرا، به‌ ڕێژه‌ی یه‌ك خاڵ پێشكه‌وت و هه‌ردووكیان هه‌مان په‌راوێزی‌ هه‌ڵه‌یان بۆ نووسراوه‌.

راپرسییه‌ نیشتمانییه‌كان ئاماژه‌ی‌ گرنگ بۆ پشتیوانی ئه‌مریكییه‌كان بۆ كاندیده‌كان ده‌خه‌نه‌ ڕوو، به‌ڵام به‌زۆری كۆمه‌ڵێك ویلایه‌تی كێبڕكێكار له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مریكا ئه‌نجامه‌كانیان یه‌كلایی ده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ دواجار بڕیار ده‌ده‌ن كێ له‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكادا سه‌رده‌كه‌وێت.

ڕاپرسییه‌كه‌ به‌ شێوه‌ی ئۆنلاین ئه‌نجامدراوه‌ و 1241 ئه‌مریكی كه‌ مافی ده‌نگدانیان هه‌یه‌ له‌سه‌رتاسه‌ری وڵات ده‌نگیان داوه‌.


PM:10:57:23/07/2024


ئه‌م بابه‌ته 2644 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت