به‌ڕێوبه‌ری ده‌زگای خزمه‌تگوزاری‌ نهێنی ئه‌مریكا به‌هۆی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر تره‌مپه‌وه‌ ده‌ستی له‌كاركێشایه‌وه‌

‌كیمبه‌رلی چیتڵ‌ به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌زگای خزمه‌تگوزاری نهێنی

وێستگه‌نیوز-

به‌ڕێوبه‌ری ده‌زگای خزمه‌تگوزاری‌ نهێنی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا به‌هۆكاری هێرشه‌كه‌ی سه‌ر دۆناڵد تره‌مپ كاندیدی كۆمارییه‌كان بۆ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌و وڵاته‌، ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی له‌ پۆسته‌كه‌ راگه‌یاند.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 23ی ته‌مموزی 2024 كیمبه‌رلی چیتڵ‌ به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌زگای خزمه‌تگوزاری نهێنی به‌هۆی شكستی ده‌زگاكه‌ی له‌ پاراستنی تره‌مپ، ده‌ستی له‌ كار كێشایه‌وه‌.

دوێنێ‌ دووشه‌ممه‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مریكا دانیشتنێكی سه‌باره‌ت به‌ هه‌وڵی تیرۆركردنی دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی پێشوو و كاندیدی كۆمارییه‌كان بۆ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا له‌ ویلایه‌تی پێنسیلڤانیا ئه‌نجامدا، بۆ لێپرسینه‌وه‌ له‌ كیمبه‌رلی چیتڵ‌ به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌زگای خزمه‌تگوزاری نهێنی له‌ سه‌ر رووداوه‌كه‌.

كیمبه‌رلی چیتڵ‌ به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌زگای خزمه‌تگوزاری نهێنی له‌به‌رده‌م ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مریكا دانی‌ نا به‌وه‌ی‌ له‌ پاراستنی‌ دۆناڵد تره‌مپ شكستیان هێناوه‌ و نه‌یانتوانیوه‌ بیپارێزن.

چیتڵ‌ له‌ میانی دانیشتنه‌كه‌دا وتی: "له‌ 13ی ته‌مموزدا ئه‌ندامانی‌ ده‌زگاكه‌مان به‌ جه‌سته‌ی خۆیان تره‌مپیان پاراست، منیش ستایشی ئه‌و كارانه‌ ده‌كه‌م كه‌ كردوویانه‌، هه‌روه‌ها به‌رپرسیارێتی‌ هه‌ر بۆشایییه‌كی ئه‌منی ده‌گرمه‌ئه‌ستۆ كه‌ بووه‌ هۆی هه‌وڵی تیرۆركردنه‌كه‌”.

وتیشی‌: "ئه‌گه‌ر زانیاریمان هه‌بوایه‌ كه‌ تره‌مپ له‌ مه‌ترسیدایه‌، رێگه‌مان نه‌ده‌دا بچێته‌ سه‌ر سته‌یج".

به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌زگای خزمه‌تگوزاری‌ نهێنی دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ ئاژانسه‌كه‌ی له‌ سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ ئاستی پاراستنی بۆ تره‌مپ چڕتر كردووه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها هه‌ڵسه‌نگاندنێك ئه‌نجام ده‌دات "بۆ ده‌ستنیشانكردنی كه‌موكوڕییه‌ ئه‌منییه‌كان، له‌ 13ی ته‌مموزدا".

له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا وتی: "دوای هه‌وڵی تیرۆركردنه‌كه‌، فه‌رمانم ده‌ركرد بۆ ئه‌وه‌ی پارێزگارییه‌كی توندتر و چڕتری‌ تره‌مپ بكرێت".

له‌ دانیشتنه‌كه‌دا سه‌رۆكی لیژنه‌ی چاودێری ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، جه‌یمس كۆمه‌ری كۆماریخواز و خه‌ڵكی ویلایه‌تی كێنتاكیی ئه‌مریكا، داوای له‌ چیتڵ‌ كرد ده‌ستله‌كاربكێشێته‌وه‌، هاوكات ژماره‌یه‌ك له‌ یاسادانه‌رانی دیكه‌ی كۆمارییه‌كانیش هه‌مان داواكارییان خسته‌ڕوو.

له‌ ئێواره‌ی 13ـی ته‌مموزدا و له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری، ته‌قه‌ له‌ دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مریكا و كاندیدی كۆمارییه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا كرا و به‌هۆیه‌وه‌ تره‌مپ گوێی راستی برینداربوو، گواسترایه‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ بۆ چاره‌سه‌ر، بێجگه‌ له‌ كوژرانی ته‌قه‌كه‌ره‌كه‌ش له‌شوێنی رووداوه‌كه‌، یه‌كێك له‌ ئاماده‌بووان كوژرا و دوو كه‌سی تریش برینداربوون.


PM:09:00:23/07/2024


ئه‌م بابه‌ته 480 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت