كامالا هاریس كێیه‌ كه‌ كاندیده‌ بۆ جێگرتنه‌وه‌ی بایدن

‌كامالا هاریس

وێستگه‌نیوزـ

پێش 59 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، له‌ شاری ئۆكلاند له‌ ویلایه‌تی كالیفۆرنیا، منداڵێكی كچ، له‌ باوكێكی كۆچبه‌ری خه‌ڵكی جامایكا و دایكێكی كۆچبه‌ری خه‌ڵكی هیندستان، به‌ ناوی كامالا هاریس له‌دایكبوو.


دواتر كچی ئه‌م دایك و باوكه‌ كۆچبه‌ره‌، له‌ سیاسه‌تی ئه‌مریكادا ده‌بێته‌ ژماره‌یه‌ك قورس. هاریس له‌ رێكه‌وتی 20ی شوباتی 2021وه‌، له‌ هه‌ره‌می ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنی ئه‌مریكا، بووه‌ته‌ كه‌سی دووه‌م، ئه‌مه‌ بۆ ئه‌مریكا پێشینه‌یه‌كی مێژوویی بوو، چونكه‌ پێشتر هیچ خانمێك له‌ وڵاته‌كه‌دا پۆستی جێگری سه‌رۆكی وه‌رنه‌گرتبوو.

پێویسته‌ هاریس له‌ رۆژان و هه‌فته‌كانی داهاتوودا، به‌ شێوه‌یه‌كی جێگیر هه‌نگاوبنێت، یه‌كه‌م به‌ربه‌ست له‌ به‌رده‌میدا، ئه‌وه‌یه‌ ده‌بێت به‌ بڕوابه‌خۆبوون و به‌هێزییه‌وه‌ ده‌ربكه‌وێت و له‌ كۆنگره‌ی پارتی دیموكراته‌كان كه‌ بڕیاره‌ له‌ 19ی مانگی ئابی داهاتوو بكرێت، رێگربێت له‌ ده‌ركه‌وتنی ركابه‌ره‌ به‌هێزه‌كانی كه‌ ده‌یانه‌وێت ببنه‌ كاندیدی پارته‌كه‌یان بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی.

به‌ربه‌ستی دووه‌م ئه‌وه‌یه‌ دوای ته‌واوبوونی كۆنگره‌كه‌ی نیشتیمانی پارته‌كه‌ی، توانیبێتی به‌ فه‌رمی كارتی كاندیبوونی بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی وه‌رگرتبێت. له‌و كاته‌دا ده‌بێت به‌ یه‌كه‌مین ژن؛ كه‌ یه‌كێك له‌ دوو پارته‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی وڵات، كاندیدی كردووه‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا.

ئه‌گه‌ر هاریس توانی ئه‌وه‌ تێپه‌ڕێنێت، ئه‌وا له‌ ژیانیدا تا رۆژی 15ی تشرینی دووه‌می داهاتوو، چاوه‌ڕێی گه‌وره‌ترین ده‌رفه‌تی مێژوویی ده‌كات، له‌و به‌رواره‌دا ئه‌مریكییه‌كان سه‌رۆكێكی نوێ هه‌ڵده‌بژێرن.

ئه‌گه‌ر هاریس له‌مه‌دا سه‌ركه‌وتوو بوو، له‌ كاتێدا هه‌شت ساڵ له‌مه‌وبه‌ر هێلاری كلینتۆن تیایدا شكستیهێنا، ئه‌وا هاریس مێژوو بۆ خۆی تۆمار ده‌كات‌ و له‌ فراوانترین درگایه‌وه‌ ده‌چیته‌ ناو ئه‌و مێژووه‌، به‌و پێیه‌ی ده‌بێته‌ یه‌كه‌مین ژن وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌مریكا هه‌ڵده‌بژێردرێت.

هاریس له‌ مانگی كانوونی دووه‌می ساڵی 2021، وه‌ك یه‌كه‌مین ژن و وه‌ك یه‌كه‌مین كه‌س كه‌ ره‌چه‌ڵه‌كێكی ئاسیایی هه‌یه‌، پۆستی جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكا وه‌رده‌گرێت.

جۆ بایدن له‌ مانگی ئازاری ساڵی 2023، سه‌باره‌ت به‌ هاریس وتی: "جار دوای جار بنمیچه‌ شوشه‌ییه‌كه‌ی شكاند"، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌نجامدانی كۆمه‌ڵێك كار كه‌ پێشتر هیچ كه‌سێكی دیكه‌ ئه‌نجامی نه‌دابوو.

ئه‌م جێگره‌ی سه‌رۆكی ئه‌مریكا كه‌ هه‌نوكه‌ ته‌مه‌نی 59 ساڵه‌، باس له‌وه‌ ده‌كات زۆرجار له‌ كاتی منداڵیدا، شان به‌شانی باوكه‌ جامایكاییه‌كه‌ی كه‌ مامۆستای ئابورییه‌ له‌ زانكۆ و دایكه‌ هیندییه‌كه‌ی كه‌ پسپۆڕی شێرپه‌نجه‌ی مه‌مكه‌، به‌شداری خۆپیشاندانه‌كانی كردووه‌ و تیێدا داوای مافه‌ مه‌ده‌نییه‌كانی كردووه‌.

له‌ ساڵی 2020، سه‌رۆكی پێشووی كۆمارییه‌كان كامالا هاریس-ی به‌ "دڕنده‌/ وه‌حش" و "ژنێكی تووڕه‌" وه‌سفكرد، ئه‌وانه‌ هه‌ندێك ده‌سته‌واژه‌ن، له‌ ناوه‌وه‌ی خۆیاندا هه‌ڵگری ره‌هه‌ندێكی ره‌گه‌زپه‌رستانه‌ و وێنه‌یه‌كی كۆنه‌په‌رستانه‌ی دژ به‌ ژنانی ره‌شپێست هه‌ڵگرتووه‌.
دوای ئه‌وه‌ی بایدن له‌ دیبه‌یته‌كه‌ی 27 حوزه‌یرانی 2024، به‌شێوه‌یه‌كی زۆر لاواز و كاره‌ساتاوی ده‌ركه‌وت، دۆناڵد تره‌مپ-ی ته‌مه‌ن 78 ساڵ و  كاندیدی كۆمارییه‌كان، ده‌ستیكرد به‌ هێلاشكردنه‌ سه‌ر هاریس.

تره‌مپ هه‌میشه‌ هه‌وڵیداوه‌ نازناوی گاڵته‌جاڕانه‌ بۆ هاریس جێگره‌كه‌ی سه‌رۆك هه‌ڵبژێرێت، ئه‌وه‌تا نازناوی "كامالای پێكه‌نیناوی" پێده‌ڵێت، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ پێكه‌نینه‌كه‌ی كه‌ به‌ ده‌نگی به‌رز ده‌داته‌ قاقای پێكه‌نین.

ته‌نانه‌ت دوێنێ یه‌ك شه‌ممه‌ 21ی ته‌موزی 2024، تیمی هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی تره‌مپ، ره‌خنه‌یان له‌ هاریس گرت و رایانگه‌یاند "خراپتر" ده‌بێت له‌ سه‌رۆكی ده‌ستله‌كاركێشاوه‌.

هاریس ده‌رچووی زانكۆی "هاورد"ه‌، ئه‌م زانكۆیه‌ له‌ واشنتۆن دامه‌زرا تاكو پێشوازی له‌ خوێندكاره‌ ره‌شپیسته‌كان بكات، له‌ كۆشكی سپی ئاوا وه‌سفی هاریس ده‌كرێت: "هه‌میشه‌ له‌ پێناو گه‌ل تێده‌كۆشێت، له‌و كاته‌وه‌ی به‌ربه‌سته‌كانی تێكشكاند و بووه‌ داواكاری گشتی ناوچه‌ی سان فرانسیسكۆ و داواكاری گشتی كالیفۆرنیا، تا به‌و په‌ڕی شانازییه‌وه‌ بوو به‌ ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پیرانی ئه‌مریكا و پاشان بوو به‌ جێگری سه‌رۆك".

هاریس له‌ نێوان ساڵانی 2004 و 2011، بۆ دووجاری له‌سه‌ر یه‌ك، بووه‌ داواكاری گشتی شاری سان فرانسیسكۆ، پاشان له‌ نێوان ساڵانی 2011 و 2017 بووه‌ داواكاری گشتی ویلایه‌تی كالیفۆرنیا.

دواتر له‌ مانگی كانونی دووه‌می 2017، وه‌ك ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پیران له‌ واشنتۆن، سوێندی یاسایی خوارد، به‌م پێیه‌ بووه‌ یه‌كه‌مین ژنی به‌ ره‌چه‌ڵه‌ك ئاسیایی و دووه‌م سیناتۆری ره‌شپێست له‌ مێژووی وڵاته‌كه‌دا. دوای ئه‌وه‌ی بوو به‌ جێگری سه‌رۆك، به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ وتاره‌كه‌ی پێشكه‌ش به‌ "كچه‌ بچووكه‌كانی ئه‌مریكا" كرد.

هاریس باس له‌وه‌ ده‌كات جارێكیان دایكی ته‌ماشای كردووه‌ و پێی وتووه‌: "كامالا له‌وانه‌یه‌ ببیته‌ یه‌كه‌مین كه‌س كه‌ شتگه‌لێكی زۆر به‌دیده‌هێنیت، پێش تۆ كه‌س به‌دینه‌هێناوه‌، به‌ڵام دڵنیابه‌ تۆ دواهه‌مین كه‌س نیت كه‌ ئه‌وه‌ ده‌كه‌یت".

له‌ ئێستادا هاریس كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات له‌ مانگی تشرینی دووه‌می داهاتوو، لانی كه‌م به‌شی یه‌كه‌می ئامۆژگارییه‌كه‌ی دایكی جێبه‌جێ بكات و ببێت به‌ یه‌كه‌مین ژن وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌مریكا هه‌ڵده‌بژێردرێت.


PM:03:22:22/07/2024


ئه‌م بابه‌ته 1772 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت