ئیسرائیل كوشتنی‌ سه‌ركرده‌یه‌كی‌ باڵای‌ حه‌ماسی‌ راگه‌یاند


وێستگه‌نیوز-

سوپای ئیسڕائیل رایگه‌یاند كه‌ رۆژی شه‌ممه‌ له‌ هێرشێكی‌ ئاسمانیدا بۆ سه‌ر ناوچه‌ی‌ مه‌واسی‌، رافع سه‌لامه‌ فه‌رمانده‌ی لیوای خان یونسی بزووتنه‌وه‌ی‌ حه‌ماسی‌ فه‌له‌ستینی‌ كوژراوه‌.

 سوپای ئیسڕائیل ده‌ڵێت: "رۆژی‌ شه‌ممه‌ هێرشێكی‌ ئاسمانی‌ كرایه‌سه‌ر ناوچه‌ی‌ مه‌واسی‌ له‌ كه‌رتی‌ غه‌ززه‌".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ "ئامانجی‌ هێرشه‌كه‌، محه‌مه‌د زه‌یف سه‌ركرده‌ی باڵی سه‌ربازی بزووتنه‌وه‌ی‌ حه‌ماس له‌ كه‌رتی‌ غه‌ززه‌ بوو".

وتیشی: "رافع سه‌لامه‌ یه‌كێك بووه‌ له‌ نزیكترین یاریده‌ده‌ره‌كانی زه‌یف و به‌شدار بووه‌ له‌ پلاندانانه‌كه‌ی حه‌ماس بۆ هێرشه‌كه‌ی 7 ی مانگی 10 بۆ سه‌ر ئیسڕائیل".

جه‌ختیشی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ "مه‌رگی سه‌لامه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رچاو توانا سه‌ربازییه‌كانی حه‌ماس كه‌م ده‌كاته‌وه‌"، به‌ڵام تا ئێستا حه‌ماس مه‌رگی سه‌لامه‌ی پشتڕاست نه‌كردووه‌ته‌وه‌.

لای‌ خۆیه‌وه‌ سامی ئه‌بو زوهری یه‌كێك له‌ سه‌ركرده‌كانی‌ حه‌ماس رایگه‌یاند كه‌ ئه‌و راپۆرته‌ی كه‌ له‌ رادیۆی سوپای ئیسرائیل په‌خشكرا و رایگه‌یاندووه‌ كه‌ هێرشه‌كه‌ی‌ سه‌ر خان یونس له‌ كه‌رتی غه‌ززه‌، محه‌مه‌د زه‌یف سه‌رۆكی باڵی سه‌ربازی بزووتنه‌وه‌كه‌ی‌ كردووه‌ته‌ ئامانج، "قسه‌ی پووچه‌".

ئه‌بو زوهری بۆ ئاژانسی رۆیته‌رز رایگه‌یاند كه‌ "هه‌موو قوربانییه‌كان خه‌ڵكی مه‌ده‌نین، ئه‌وه‌ی روده‌دات په‌ره‌سه‌ندنێكی مه‌ترسیداری شه‌ڕی قڕكردنه‌ له‌ ژێر رۆشنایی پشتیوانی ئه‌مریكا و بێده‌نگی جیهانی. ئه‌مه‌ په‌یامێكی كرده‌یی داگیركه‌ره‌ كه‌ باكی‌ به‌ رێككه‌وتن نییه‌".


PM:09:31:14/07/2024


ئه‌م بابه‌ته 1316 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت