بۆچی..توركیا ده‌یه‌وێت 4 ملیۆن سه‌گی سه‌ر شه‌قامه‌كان كۆبكاته‌وه‌


وێستگه‌ نیوزـ

له‌ توركیا پارتی داد و گه‌شه‌پێدان، پێشنیاری كردووه‌ شه‌قامه‌كانی وڵات له‌ سه‌گی به‌ره‌ڵا پاكبكرێنه‌وه‌، ئه‌مه‌ ترس و نیگه‌رانی لای ئه‌و كه‌سانه‌ دروست كردووه‌ كه‌ به‌رگری له‌ مافی ئاژه‌ڵ ده‌كه‌ن.

دوێنی هه‌ینی 12ی ته‌موزی 2024، پارتی ده‌سه‌ڵاتدار پرۆژه‌ یاسایه‌كی پێشكه‌ش به‌ په‌رله‌مانی توركیا كردووه‌، ئامانج له‌ پرۆژه‌ یاساكه‌ كۆكردنه‌وه‌ی ملیۆنان سه‌گی به‌ره‌ڵای سه‌ر شه‌قامه‌كانه‌.

ئه‌م پلانه‌، ترسی و نیگه‌رانی لای ئه‌و كه‌سانه‌ دروستكردووه‌ كه‌ ئاژه‌ڵیان خۆشده‌وێت و به‌رگری له‌ مافی ئاژه‌ڵ ده‌كه‌ن، ئه‌وان ده‌ڵێن هه‌ڵمه‌تی كوتانی به‌ كۆمه‌ڵی سه‌گه‌كان، چاره‌سه‌رێكی باشتره‌، له‌وه‌ی ئه‌و سه‌گانه‌ له‌ شوێن یان له‌ په‌ناگای به‌خێوكردندا حه‌پسبكرێن.

به‌گوێره‌ی پرۆژه‌ یاساكه‌ی پارتی داد و گه‌شه‌پێدان، شاره‌وانییه‌كان ئه‌ركی كۆكردنه‌وه‌ی سه‌گه‌ به‌ره‌ڵاكانی سه‌ر شه‌قامه‌كان ده‌گرنه‌ ئه‌ستۆ و ده‌یانگوێزنه‌وه‌ بۆ شوێنی له‌خۆگرتنیان و ده‌خرێنه‌ به‌رده‌ست ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌یانه‌وێت سه‌گ به‌خێوبكه‌ن، به‌ڵام سه‌گه‌ دڕنده‌كان یان ئه‌وانه‌یان تووشی نه‌خۆشی بوون و چاره‌سه‌ری نه‌خۆشییه‌كه‌یان نییه‌ ده‌كوژرێن.

له‌م باره‌یه‌وه‌ عه‌بدوڵڵا گوله‌ر، سه‌رۆكی كوتله‌ی په‌رله‌مانی پارتی دادو گه‌شه‌پێدان، به‌ رۆژنامه‌نووسانی راگه‌یاندووه‌: "شه‌قامه‌كان شوێنك نین سه‌گ تێیدا بژین. سه‌گه‌كان مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ په‌ناگایه‌كی گونجاوتریان بۆ ژیان هه‌بێت".

له‌ پرۆژه‌ یاسا كۆنه‌كه‌دا كه‌ به‌ر له‌ چه‌ند مانگێك له‌مه‌وبه‌ر دزه‌ی پێكرابوو بۆ ناو میدیاكانی توركیا، مادده‌یه‌كی تێدابوو ده‌ڵێت له‌ ماوه‌ی مانگێكدا، ده‌كرێت هه‌مو سه‌گه‌كانی سه‌ر شه‌قامه‌كان بكوژرێن، به‌ڵام دوای توڕه‌بوونێكی جه‌ماوه‌ریی به‌رفراوان، ئه‌و مادده‌یه‌ لابراوه‌.

به‌ گوێره‌ی پرۆژه‌ یاسا نوێكه‌، له‌ توركیا ژماره‌ی سه‌گی سه‌ر شه‌قامه‌كان به‌ 4 ملیۆن سه‌گ داده‌نرێن، شاره‌وانییه‌كانی ئه‌و وڵاته‌، له‌ ماوه‌ی 20 ساڵی رابردوودا، توانیویانه‌ 2 ملیۆن و 500 هه‌زار سه‌گ ته‌عقیم بكه‌ن و بیانكوتن. له‌ پرۆژه‌ یاسا نوێكه‌دا، شاره‌وانییه‌كان پابه‌ند ده‌كات به‌ ته‌عقیم و كوتانی سه‌رجه‌م سه‌گه‌كانی سه‌ر شه‌قامه‌كان، پاشان جێهێشتنیان له‌و شوێنانه‌ی كه‌ تێیدا ده‌دۆزرێنه‌وه‌.

هه‌ر به‌ گوێره‌ی پرۆژه‌ یاسا نوێكه‌، له‌ ئێستادا 322 په‌ناگای ئاژه‌ڵان هه‌یه‌ و به‌ هه‌ر هه‌مویان، توانای له‌ خۆگرتنی 105 هه‌زار سه‌گیان هه‌یه‌.


PM:12:44:13/07/2024


ئه‌م بابه‌ته 3848 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت