محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ده‌سه‌ڵات


وێستگه‌نیوز-
به‌ فه‌رمانی مه‌سعود پزیشكیان سه‌رۆكی‌ هه‌ڵبژێردراوی‌ ئێران، محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف، وه‌زیری پێشووی ده‌ره‌وه‌ی كۆماری ئیسلامیی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی حكومه‌تی ڕاگوزه‌ر بۆ گواستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات بۆ چوارده‌هه‌مین كابینه‌ی حكومه‌ت ده‌ستبه‌كار ده‌بێت.


محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف، له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ئێكس له‌گه‌ڵ بڵاوكردنه‌وه‌ی چاوپێكه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ یه‌كێك له‌ كه‌ناڵه‌ ناوخۆییه‌كانی ئێران، نووسیویه‌تی: "سڵاو هاوڕێیان، تكایه‌ گوێ به‌و ده‌نگۆ و هه‌واڵانه‌ مه‌ده‌ن كه‌ سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستنیشان كردنی ئه‌ندامانی حكومه‌ت بڵاو كراونه‌ته‌وه‌، چونكه‌ پرۆسه‌كه‌ تازه‌ ده‌ستی پێكردووه‌".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌داوه‌ كه‌ "هه‌ر له‌ جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆك كۆماره‌وه‌ تاوه‌كو كۆتایی هیچ كه‌سایه‌تییه‌ك بۆ هیچ پۆستێك ده‌ستنیشان نه‌كراوه‌، هه‌نگاوه‌كانی دیاریكردنی كاندیدانی پۆسته‌كانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت، دوای وه‌رگرتن و كۆكردنه‌وه‌ی پێشنیازه‌كانی رێكخراوه‌ ناحكومییه‌كان، كۆمه‌ڵه‌ و رێكخراوه‌ زانستییه‌كان، كۆمه‌ڵه‌ پیشه‌سازییه‌كان و بازرگانییه‌كان و كه‌رتی تایبه‌ت، ده‌بێت.

بڕیاره‌ 30ی ئه‌م مانگه‌ ڕێوه‌ڕه‌سمی سوێند خواردنی چوارده‌هه‌مین كابینه‌ی حكومه‌تی كۆماری ئیسلامی ئێران له‌ په‌رله‌مانی ئێران به‌ڕێوه‌ بچێت.

ڕاسپاردنی محه‌ممه‌د جه‌واد زه‌ریف بۆ ئه‌و ئه‌ركه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ پێشتر ڕایگه‌یاندبوو، نیازی نییه‌ له‌ هیچ كابینه‌یه‌كی دیكه‌ی حكومه‌ت ڕۆڵی هه‌بێت.
به‌ گوێره‌ی به‌شێك له‌ میدیا ناوخۆییه‌كانی ئێران، هۆكاری ئه‌وه‌ی زه‌ریف نایه‌وێت چیتر به‌رپرسیاری وه‌ربگرێت، بۆ هه‌ڵوێستی په‌رله‌مانی ئێران ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ متمانه‌ی پێ ناده‌ن.


AM:09:50:13/07/2024


ئه‌م بابه‌ته 2588 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت