ئه‌رژه‌نتین، حه‌ماس وه‌ك "رێكخراوی تیرۆریستی" پۆلێن ده‌كات


وێستگه‌نیوز-
سه‌رۆكایه‌تی ئه‌رژه‌نتین رایگه‌یاند كه‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ حه‌ماسی‌ فه‌له‌ستینی‌ وه‌ك رێكخراوێكی‌ تیرۆریستی‌ پۆلێن ده‌كات.


رۆژی‌ هه‌ینی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌رژه‌نتین ئه‌و بڕیاره‌ی‌ راگه‌یاند، به‌پێی ئه‌وه‌ی تۆڕی ئه‌مریكی "ABC"ش بڵاویكرده‌وه‌، ئه‌م بڕیاره‌ دوای‌ نزیكبوونه‌وه‌ی به‌رده‌وامی نێوان خافێر میلی سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته‌ و ئیسرائیل دێت.

ئه‌م بڕیاره‌ی ئه‌رژه‌نتین له‌ژێر ڕۆشنایی به‌رده‌وامی شه‌ڕی نێوان ئیسرائیل و حه‌ماس له‌ كه‌رتی غه‌ززه‌ دێت، دوای ئه‌و هێرشانه‌ی كه‌ بزووتنه‌وه‌كه‌ له‌ 7ی ئۆكتۆبه‌ری‌ رابردوو له‌ ناو ئیسرائیل ده‌ستیپێكرد، كه‌ بووه‌هۆی كوژرانی 1200 كه‌س كه‌ زۆرینه‌یان خه‌ڵكی مه‌ده‌نی بوون و ژماره‌یه‌كیان ژن و منداڵ بوون، جگه‌ له‌ رفاندنی زیاتر له‌ 200 كه‌س وه‌ك بارمته‌.

دوابه‌دوای ئه‌م هێرشانه‌ش، ئیسرائیل به‌ بۆردومانی توند و هێرشی‌ زه‌مینی بۆسه‌ر كه‌رتی غه‌ززه‌ی‌ فه‌له‌ستین وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و به‌پێی‌ ئاماره‌كانی‌ وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌ فه‌له‌ستین له‌ غه‌ززه‌ له‌ ئه‌نجامدا زیاتر له‌ 38 هه‌زار كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ كه‌ زۆربه‌یان ژن و منداڵ بوون.

له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی بۆ ئیسرائیل، خافێر میلی سه‌رۆكی ئه‌رژه‌نتین نیازی خۆی بۆ گواستنه‌وه‌ی باڵیۆزخانه‌ی وڵاته‌كه‌ی بۆ قودس راگه‌یاند.

بڕیاره‌كه‌ی نووسینگه‌ی میلی، ئاماژه‌ی به‌ په‌یوه‌ندییه‌ به‌هێزه‌كانی حه‌ماس له‌گه‌ڵ ئێران داوه‌، كه‌ ئه‌رژه‌نتین به‌ به‌رپرسیاری دوو هێرشی چه‌كداری خوێناوی بۆ سه‌ر شوێنی جوله‌كه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ی‌ ده‌زانێت.

ئه‌م هه‌نگاوه‌ ته‌نها چه‌ند ڕۆژێك پێش یادی‌ 30 ساڵه‌ی ته‌قاندنه‌وه‌ی‌ ناوه‌ندێكی كۆمه‌ڵایه‌تی جوله‌كه‌كان له‌ بۆینس ئایرێسی‌ پایته‌ختی‌ ئه‌رژه‌نتین دێت له‌ ساڵی 1994 كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ 85 كه‌س كوژران و سه‌دان كه‌سیش برینداربوون، ئه‌مه‌ش خراپترین هێرشی له‌م جۆره‌یه‌ له‌ مێژووی مۆدێرنی ئه‌رژه‌نتیندا.

هه‌روه‌ك هێرشێكی دیكه‌ بۆ سه‌ر باڵیۆزخانه‌ی ئیسرائیل له‌ بۆینس ئایرێس له‌ ساڵی 1992دا بووه‌هۆی‌ كوژرانی‌ زیاتر له‌ 20 كه‌س.

ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ئه‌رژه‌نتین ئه‌ندامانی گرووپی حزبوڵای لوبنانی كه‌ له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ پاڵپشتی ده‌كرێت، به‌ ئه‌نجامدانی ئه‌و دوو هێرشه‌ تۆمه‌تبار كرد.


AM:09:10:13/07/2024


ئه‌م بابه‌ته 440 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت