قالیباف به‌ڵێن به‌ پوتین ده‌دات ئێران به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ر رێبازه‌كه‌ی ره‌ئیسی‌


وێستگه‌نیوز-
له‌میانی‌ سه‌ردانه‌كه‌ی‌ بۆ مۆسكۆ، سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی‌ ئێران به‌ڵێنی‌ به‌ سه‌رۆكی‌ روسیا دا كه‌ وڵاته‌كه‌ی‌ له‌سه‌ر رێبازه‌كه‌ی‌ ئیبراهی ره‌ئیسی‌ سه‌رۆكی‌ كۆچكردووی‌ ئێران به‌رده‌وام بێت.

له‌ دوای دیدارێكی‌ محه‌مه‌د باقر قالیباف، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی ئێران و ڤلادیمێر پوتین، سه‌رۆك كۆماری روسیا، له‌ په‌راوێزی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی په‌رله‌مانی "بریكس" له‌ شاری سانت پترسبۆرگ له‌ روسیا، ئێران رایگه‌یاند كه‌ ده‌یه‌وێت په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ روسیا "له‌سه‌ر رێبازی‌ سه‌رۆك كۆماری كۆچكردوو ئیبراهیم ره‌ئیسی” فراوانتر بكات.

محه‌مه‌د باقر قالیباف، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی ئێران له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ (X) نووسیویه‌تی: "له‌گه‌ڵ ڤلادیمێر پوتین، سه‌رۆكی روسیا باسم له‌ به‌دواداچوونی رێككه‌وتنی دارایی نێوان هه‌ردوو وڵات كرد، هه‌روه‌ها پرۆژه‌ی رێڕه‌و، هه‌روه‌ك جه‌ختم له‌سه‌ر پێویستی فراوانكردنی په‌یوه‌ندییه‌ ئابوورییه‌كان كرده‌وه‌”.

قالیباف ده‌ڵێت: "سه‌رۆك كۆماری روسیا دڵنیایی ده‌دا سه‌باره‌ت به‌ به‌رده‌وامی‌ به‌رفراوانبوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئێران و روسیا هاوشێوه‌ی‌ سه‌رده‌می‌ (سه‌رۆكی كۆچكردوو) ئیبراهیم ره‌ئیسی و داوای لێكردم سڵاوی گه‌رمی به‌ عه‌لی خامنه‌یی رێبه‌ری مه‌زن بگه‌یه‌نم”.

قالیباف له‌سه‌ر بانگهێشتی ڤیاچێسلاڤ ڤالۆدین سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی‌ دومای ده‌وڵه‌تی روسیا و ڤالێنتینا ماتوینكۆ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی فیدراڵی روسیا سه‌ردانی ئه‌و وڵاته‌ ده‌كات بۆ به‌شداریكردن له‌ ده‌یه‌مین دانیشتنی ئه‌نجومه‌نی په‌رله‌مانی كۆمه‌ڵه‌ی‌ بریكس.

له‌ 19ی ئایاری ئه‌مساڵدا و به‌هۆی رووداوی كه‌وتنه‌ خواره‌وه‌ی هه‌لیكۆپته‌ره‌كه‌ی، ئیبراهیم ره‌ئیسی، سه‌رۆك كۆماری پێشووی‌ ئێران و ژماره‌یه‌ك یاوه‌ری‌ له‌نێویاندا حسێن ئه‌میر عه‌بدولـله‌هیان وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ گیانی له‌ده‌ست دا.

هه‌ینی‌ رابردوو گه‌ڕی‌ دووه‌می‌ هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئێران به‌ڕێوه‌چوو كه‌ مه‌سعود پزیشكیان كاندیدنی‌ ریفۆرمخوازه‌كان توانی‌ سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێت.


PM:10:49:12/07/2024


ئه‌م بابه‌ته 868 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت