نه‌ له‌ عێراقه‌ نه‌ له‌ توركیایه‌... چاوه‌كان له‌سه‌ر شوێن و كاتی دیداره‌كه‌ی نێوان ئه‌ردۆگان و ئه‌سه‌ده‌

‌وێنە..ئەرشیف

وێستگه‌ نیوزـ

پێشنیاره‌كانی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك كۆماری توركیا، سه‌باره‌ت به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانی سوریا، ته‌نها له‌ چوارچێوه‌ی ره‌خساندنی ده‌رفه‌ت نه‌ماوه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو ئه‌ردۆگان جه‌ختی له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ هاوتا سورییه‌كه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د بانگهێشتی وڵاته‌كه‌ی ده‌كات.

ئه‌ردۆغان هه‌فته‌ی رابردوو رایگه‌یاند، له‌وانه‌یه‌ "له‌ هه‌ر كاتێكدا بێت" هاوتا سورییه‌كه‌ی بانگهێشتی توركیا بكات، بێ ئه‌وه‌ی ورده‌كاری زیاتر بخاته‌ڕوو. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ ئێواره‌ی سێ شه‌ممه‌، به‌رپرسێكی توركی رایگه‌یاند كاتی دیداره‌كه‌ی نێوان هه‌ردوو سه‌رۆك هێشتا "ده‌ستنیان نه‌كراوه‌".

تا حاڵی حازر، روسیا له‌گه‌ڵیدا عێراق، به‌رده‌وامن له‌ بینینی رۆلی نێوه‌ندگیر بۆ ئه‌گه‌ری لێكنزیكردنه‌وه‌ی نێوان توركیا و سوریا كه‌ له‌ دواجاردا، دیدارێكی راسته‌وخۆی نێوان ئه‌ردۆغان و ئه‌سه‌دی لێده‌كه‌وێته‌وه‌.

عومه‌ر چیشلیك وته‌بێژی پارتی "داد و گه‌شه‌پێدان"ی ده‌سه‌ڵاتدار، ئاماژه‌ی به‌وه‌دا دیداره‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌، یه‌كه‌م دیداری له‌و جۆره‌ ده‌بێت له‌ كاتی هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی‌ سوریا، به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

خورشید دلی شرۆڤه‌كاری سیاسی و توێژه‌ر له‌ كاروباری توركیا، باس له‌وه‌ ده‌كات به‌غداد هه‌رچه‌نده‌ رۆڵێكی گرنگی هه‌یه‌، به‌ڵام بۆ ئه‌م دیداره‌، شوێنێكی گونجاو نییه‌، به‌ تایبه‌ت ئه‌ردۆغان نایه‌وێت قووڵاییه‌كی عه‌ره‌بی و ئێرانی به‌ هه‌نگاوێكی له‌م جۆره‌ ببه‌خشێت.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌، پێناچێت به‌غداد له‌ رووی سیاسییه‌وه‌، كاریگه‌ری له‌سه‌ر دیمه‌شق هه‌بێت، ئه‌مه‌ پێچه‌وانه‌ی مۆسكۆیه‌ كه‌ به‌ تۆڕێك له‌ په‌پوه‌ندی و به‌رژه‌وه‌ندی، به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ هه‌ر یه‌ك له‌ سوریا و توركیا.

خورشید له‌ لێدوانه‌كانیدا بۆ ئه‌لعه‌ره‌بییه‌ نێت، پێیوایه‌ دیداری ئه‌سه‌د وئه‌ردۆغان، له‌سه‌ر مێزی سه‌رۆك ڤلادیمێر پوتن به‌ڕێوه‌ده‌چێت، به‌و پێیه‌ی ئه‌وه‌ روسیایه‌ نێوه‌ندگیری نێوانیان به‌ڕێوه‌ده‌بات.

جگه‌ له‌وه‌ پێیوایه‌ پوتن ده‌یه‌وێت له‌م دیداره‌دا، وه‌رچه‌رخانێك له‌ سیاسه‌تی روسی و ناوچه‌یی به‌رامبه‌ر به‌ قه‌یرانی سوریا به‌دیبێنێت و بازێكی گه‌وره‌ له‌ سیاسه‌ته‌كانی ئۆراسیادا به‌ده‌ستبێنێت.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد دیاریكردنی كاتی دیداره‌كه‌، په‌یوه‌سته‌ به‌ لێكتێگه‌یشتنی هه‌ردوو لایه‌نی توركی و سوری له‌سه‌ر نه‌خشه‌ڕێگایه‌ك، به‌ڵام تا ئێستا ناوه‌نده‌ سیاسییه‌كان، ئه‌وه‌ ده‌بینن كه‌ توركیا به‌ شێوه‌یه‌كی چاوه‌ڕواننه‌كراو زۆر په‌رۆشی دیداره‌كه‌یه‌، كه‌چی لایه‌نی سوری، هێشتا هه‌ر چاوه‌ڕوانه‌ و وردبینی له‌ حساباته‌كانیدا ده‌كات.

ئه‌و شرۆڤه‌كاره‌ سیاسییه‌، باس له‌وه‌ ده‌كات كاتی گونجاو بۆ روسیا، بۆ رێكخستنی دیداری نێوان ئه‌سه‌د و ئه‌ردۆغان، پێش هه‌ڵبژاردنه‌ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی ئه‌مریكایه‌، چونكه‌ پوتن له‌ پشت ئه‌وه‌وه‌ ده‌یه‌وێت، ئیداره‌ی داهاتووی ئه‌مریكا، بێ له‌به‌رچاوگرتنی كێ براوه‌یه‌، بخاته‌ به‌رده‌م ئه‌م شایسته‌/ ئیستیحقاقه‌ گرنگه‌وه‌.

هه‌مو ئه‌و شیكردنه‌وانه‌، دوای ئه‌وه‌ هات رۆژنامه‌یه‌كی توركی نزیك له‌ پارتی ده‌سه‌ڵاتدار، رۆژی سێ شه‌ممه‌ ئاشكرای كرد گفتوگۆكانی نێوان توركیا و سوریا، پێش دیداره‌كه‌ی ئه‌ردۆگان و ئه‌سه‌د، له‌سه‌ر ئاستی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی هه‌ردوو وڵاته‌كه‌ ده‌بێت.

رۆژنامه‌ی"یه‌نی شه‌فه‌ق"ی توركی، باس له‌وه‌ ده‌كات سه‌باره‌ت به‌ دیداره‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ی نێوان هه‌ردوولا، زنجیره‌یه‌ك كۆبوونه‌وه‌ی پێشوه‌خته‌ به‌ چاودێری روسیا ئه‌نجامده‌درێت.


PM:12:25:10/07/2024


ئه‌م بابه‌ته 1872 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت