ئه‌نجامی كۆتایی هه‌ڵبژاردنه‌كانی فه‌ره‌نسا راگه‌یه‌ندرا


وێستگه‌نیوزـ

وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی فەڕەنسای راگەیاند و هاوپەیمانی بەرەی جەماوەریی نوێی چەپڕەو بە بەدەستهێنانی 182 کورسی پەرلەمانی بوون بە براوەی هەڵبژاردنەکان.

دوای ئەوان هاوپەیمانی "پیکەوە"ی ناوەندگەرایی بەسەرۆکایەتی ئیمانوێل ماکرۆن 163 کورسی بەدەستهێنا و گردبوونەوەی نیشتمانی راستڕەوی توندڕەو، کە لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکاندا براوەی یەکەم بوو، لەم خولەدا بوو بە سێهەم و توانیان تەنها 143 کورسیی بەدەستبهێنن.

خولی دووەمی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی فەڕەنسا لە ژێر رێوشوینێکی ئەمنی توند و بەئاماده‌یی زیاتر لە 30 هەزار پۆلیس بەڕێوەچوو، تیایدا رکابەری دەکرا بۆ پڕکردنەوەی 577 کورسی پەرلەمانی ئەو وڵاتە، کە 76 کورسییان لە خولی یەکەمدا یەکلایی بوەوە و 501 کورسی لەم خولەدا دەستنیشانکرا.

هەرچەندە هیچکام لە هاوپەیمانێتیەکان نەیانتوانی 50+1ی کورسییەکان بەدەستبهێنن، کە دەکاتە 289 کورسی پەرلەمانی و پێویستە بۆ پرکردنەوەی زۆرینەی رەها و پێکهێنانی کابینەی حکومەت، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنج بوو رێژەی بەرزی بەشداری بوو لەو هەڵبژاردنانەدا کە 66.63% بوو، ئەم رێژەیەش لەدوای ساڵی 1981 و ئەو هەڵبژاردنەی کە تیایدا فرانسوا میتەران، بە سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرا تۆمار نەکراوە.

هاوكات هه‌ر ئەمڕۆ دووشەممە 8ی ته‌مموزی 2024، لە یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕەکانی ئەم هەفتەیەدا، بەهای یۆرۆ بەرامبەر بە دۆلار دابەزی و یەک یۆرۆ بە 1.083 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
هۆڵگەر شمیدلینگ، ئابووریناسی سەر بە بانکی (بێرێنبێرگ)ی ئەڵمانی لەو بارەیەوە رایگەیاند، "ئەستەمە بە ئاسانی حکومەت لە فەرەنسا پێکهبێنرێت و بە ئەگەری زۆرەوە، حکومەتێک پێکدێت بە هاوپەیمانی چەپەکان و پارتەکەی ماکرۆن".


AM:08:37:08/07/2024


ئه‌م بابه‌ته 808 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو