سه‌ركه‌وتنی پزشكیان چ ره‌نگدانه‌وه‌یه‌كی له‌سه‌ر گروپه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق ده‌بێت؟


وێستگه‌ نیوزـ

دوێنێ شه‌ممه‌ 7ی ته‌موزی 2024، خالید العرداوی مامۆستای زانسته‌ سیاسییه‌كان له‌ زانكۆی به‌غداد، له‌ لێدوانێكیدا بۆ "به‌غداد ئه‌لیوم" ده‌ڵێت: "ئێران ده‌وڵه‌تێكی داموده‌زگاییه‌‌‌، له‌ بڕیاردانی سیاسی ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تیدا یه‌كگرتووه‌. هه‌ر بۆیه‌ ئاراسته نێوده‌وڵه‌تییه‌كه‌ی، پێش هه‌مو شتێك، به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ته‌حه‌كومی پێوه‌ ده‌كات".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "له‌ ساڵی 1989وه‌، پێنج هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری ئه‌نجامداوه‌، له‌ دوو جاریاندا سه‌رۆكه‌كان كه‌سانی ریفۆرمخواز بوون: محه‌مه‌د خاته‌می و حه‌سه‌ن رۆحانی، سێ سه‌رۆكه‌كه‌ی دیكه‌ له‌ توندڕه‌وه‌كان بوون: ره‌فسه‌نجانی، ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد، ئیبراهیم ره‌ئیسی، به‌ڵام هه‌مو ئه‌وه‌، كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر هێڵه‌ گشتییه‌كانی سیاسیه‌تی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ نه‌بووه‌".

ناوبراو ئه‌وه‌ش روونده‌كاته‌وه‌: "جار جاره‌ تۆنی گوتاری ده‌وڵه‌ت و ئه‌وله‌ویاته‌كانی، هه‌ڵبه‌ز و دابه‌ز به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت. به‌ڵام هێڵه‌ گشتییه‌كانی جێگیر و نه‌گۆڕه، به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ده‌وڵه‌ته‌كه‌ و ئه‌و وێنه‌یه‌ی ده‌یه‌وێت پێشكه‌شی جیهانی بكات و پێداویستییه‌كانی ئه‌و ژینگه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ی له‌ ده‌وروپشتیدایه‌، ده‌ستنیشانی ده‌كات. له‌به‌ر ئه‌وه‌، ئه‌م شه‌شه‌مین هه‌ڵبژاردنه‌ نائاساییه‌ی سه‌رۆكایه‌تی، زۆر له‌ رێچكه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشوو دوورناكه‌وێته‌وه‌".

بردنه‌وه‌ی پزشكیان ره‌نگه‌ تۆزێك تووندڕه‌وه‌كان شه‌رمه‌زار بكات، ئه‌مه‌ له‌ حاڵه‌تێكدا ئه‌گه‌ر ئێران هه‌وڵیدا له‌ خۆرئاوا نزیكببێته‌وه‌، گوتاره‌ توونده‌كه‌ی دژ به‌ ئه‌مریكا و ته‌ل ئه‌بیب سوكتر بكات، به‌دوای رێكه‌وتنێكی ناوچه‌یدا بگه‌ڕێت خزمه‌ت به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی بكات. سه‌ره‌ڕای چاككردنی وێنه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كه‌ی، به‌و پێودانگه‌ی ده‌وڵه‌تێكی دیموكراسییه‌ و تێیدا خه‌ڵك به‌ ئازادانه‌ سه‌رۆكه‌كانیان هه‌ڵده‌بژێرن".

خالید ئه‌لعه‌رداوی له‌ درێژه‌ی وته‌كانیدا ده‌ڵێت: "هه‌مو ئه‌وانه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی باشه‌، دوو حكومه‌ته‌ ریفرمخوازه‌كه‌ی پێشوو، حكومه‌تی خاته‌مه‌ی و رۆحانی، ئه‌وانه‌یان ئه‌نجامداوه‌ و حكومه‌ته‌كه‌ی پزشكیان ئه‌ویش ئه‌نجامیده‌دا".

"ئێمه‌ كاتێك بیر له‌وه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ سه‌رۆكه‌كانی ئێران (ریفۆرمخوازه‌كان و موحافیزكاره‌كان) چی ده‌كه‌ن، پێویسته‌ ئه‌وه‌مان له‌ یاد بێت، سه‌رجه‌م هێڵه‌كانی گه‌مه‌كه‌‌، به‌ده‌ست رابه‌ره‌وه‌یه‌، له‌ دواجاردا ئه‌وه‌ رابه‌ره‌ كۆی بڕیاره‌ گرنگ و چاره‌نوسسازه‌كان ده‌رده‌كات، به‌ تایبه‌ت له‌ بواری ئه‌منی و سه‌ربازی، چونكه‌ ئه‌و سه‌رۆكی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانه‌ و بڕیاری شه‌ڕ و ئاشتی، ته‌نها به‌ ده‌ست ئه‌وه"‌.

خالید ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات: "لێره‌وه‌ ئێران به‌ هه‌ڵبژاردنی پزشكیان، وا پێده‌چێت به‌ ئاراسته‌ی هێوركردنه‌وه‌ی گۆڕپانی ناوچه‌كه‌ هه‌نگاو بنێت، هه‌وڵده‌دات له‌ ناوچه‌كه‌ فشار بخاته‌ سه‌ر گروپه‌كانی، تا له‌ هه‌ڵوێست و گوتاره‌ توونده‌كانیان، نه‌رمی بنوێنن و بخرێنه‌ ژێر كۆنترۆڵه‌وه‌. له‌ حاڵه‌تێكدا ئه‌گه‌ر بارودۆخی ناوچه‌كه‌ ئاڵۆزتر بوو، ئه‌وا ئێران به‌و پێیه‌ی سه‌ركردایه‌تییه‌كی ریفۆرمخواز به‌رێوه‌یده‌بات، له‌ دۆخێكی دانوستانی باشتردا ده‌بێت، ده‌رئه‌نجامی هه‌مو ئه‌وه‌، ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی ئه‌م سه‌ركردایه‌تییه، به‌مه‌ش ره‌وتی موحافیزكار له‌ به‌رپرسیاره‌تی رزگاری ده‌بێت".

مامۆستای زانسته‌ سیاسییه‌كان، ئاوا كۆتایی به‌ قسه‌كانی ده‌هێنێت: "له‌ دواجاردا گروپه‌ چه‌كداره‌كانی سه‌ر به‌ ئێران كه‌ باڵی ئێرانن له‌ ناوچه‌كه‌، له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی پزیشكیان، زه‌ره‌رمه‌ندنابن، چونكه‌ ئه‌وان له‌ دواجاردا به‌ ته‌واوه‌تی سه‌ربه‌خۆنین و به‌ ته‌نها ناتوانن بڕیاری شه‌ڕ و ئاشتی بده‌ن، هه‌روه‌ها ناتوانن دوور له‌ ئێران، ئیداره‌ی گه‌مه‌كه‌ بده‌ن".

رۆژی شه‌ممه‌ 6ی 2024، وه‌زاره‌تی ناوخۆی ئێران، رایگه‌یاند كه‌سایه‌تی ریفۆرمخواز مه‌سعود پزشكیان براوه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تی كۆماره‌ و له‌ سه‌عید جه‌لیلی كاندیدی موحافیزكاره‌كانی بردووه‌ته‌وه‌.

وه‌زاره‌تی ناوخۆی رایگه‌یاند پزشكیان نزیكه‌ی 55% ده‌نگه‌كانی به‌ده‌ستهێناوه‌، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ رێژه‌ی به‌شدارووبوان له‌ گه‌ڕی دووه‌می هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی كۆماردا 49.8% بووه‌.


PM:09:15:07/07/2024


ئه‌م بابه‌ته 1324 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت