گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەكان لە فەرەنسا دەستیپێكرد

‌دیمەنێک لە دەستپێکردنی گەڕی دووەمی دەنگدانی فەرەنسا. وێنە: AFP

وێستگه‌نیوزـ

گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە فەرەنسا دەستیپێكرد، كە رەنگە پەرلەمانێك بێنێتە ئارا خاوەن زۆرینەیەكی روونی تیادا نەبێت، بە تایبەت ئەگەر راستڕەوەكان كورسی پێویست نەهێنن بۆ پێكهێنانی یەكەم حكومەتی خۆیان، لەدوای جەنگی جیهانی دووەمەوە.


كێبڕكێی هەڵبژاردن لە فەرەنسا لە 577 بازنەی هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت، هەر بازنەیەك كورسیەكی هەیە لە كۆمەڵەی نیشتمانی، كە ژووری دووەمی پەرلەمانە.

لە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردندا، كە رۆژی یەكشەممەی رابردوو بەڕێوەچوو 76 پەرلەمانتار هەڵبژێردران، كە 39 یان نوێنەرایەتی پارتی سەربە گردبونەوەی نیشتمانی راستڕەوەكان و هاوپەیمانەكانیانن، ئەوەش مانای وایە 501 كورسی ماوە بۆ كێبڕكێی كردن لەگەڕی دووەمی هەڵبژاردن.

دوای داخستنی سندوقەكانی دەنگدان، كاتژمێر 8:00 ئێوارەی ئەمڕۆ به‌كاتی فه‌ره‌نسا (9:00 به‌كاتی هه‌ولێر) لایەنەكانی تایبەت بە رێكخستنی راپرسی پێشبینیەكانی خۆیان بۆ ئەنجامە بەراییەكانی هەندێك لە ناوەندەكانی دەنگدان بڵاودەكەنەوە.

ئەگەر ئەنجامەكان نزیكبن لەیەكەوە، رەنگە راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی بگاتە كاتژمێرەكانی سەرەتای رۆژی دووشەممە.

لەگەڕی یەكەمی هەڵبژاردنەكانی فەرەنسادا، پارتی راستڕەو بە بەدەستهێنانی سێ‌ یەكی ژمارەی دەنگەكان بووە یەكەم و راپرسییەكان پێشبینی دەكەن ژمارەیەكی بەرچاو لە كورسیەكانی پەرلەمان بەدەستبهێنێت، بەڵام رووبەڕوێكی زۆری لەبەردەمدانیە بۆ بەدەستهێنانی سەركەوتنێكی گەورە لە گەڕی دووەمدا، بەتایبەت دوای ئەوەی پارتە ركابەڕەكانی ریزەكانیان یەكخستەوە بۆ روبەڕوبونەوەی لە هەڵبژاردنەكاندا، بەوەش پێناچێت پارتی گردبونەوەی نیشتمانی زۆرینەی رەها بەدەستبهێنێت.

بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردنی فەڕەنسا، بۆ بەدەستهێنانی زۆرینەی پەرلەمانی، دەبێت یەکێک لە هاوپەیمانێتییەکان بتوانێت لە کۆی 577 کورسی، 289 کورسی بباتەوە، بەڵام بەگوێرەى راپرسییەکی دامەزراوەی "هاریس ئینتەرئاکتیڤ" پارتەکەی لوپێن و هاوپەیمانە کۆماریخوازەکەی، لە باشترین حاڵەتدا 270 کورسی دەهێنن.

خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکانی فەڕەنسا، بەبەشداری 49 ملیۆن هاووڵاتی فەرەنسی بەڕێوەچوو، تیایدا پارتە راستڕەوە توندڕەوەكان نزیکەی %34ی دەنگەكان و پارتە چەپی سۆسیالیستەكان %28ی دەنگەكان و پارتەكەی ئیمانوێل ماكرۆنیش %22ی  دەنگەكانیان بەدەستهێنا.


AM:10:42:07/07/2024


ئه‌م بابه‌ته 908 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت