ئەمڕۆ گه‌ڕی دووەمی هەڵبژاردنەکانی فەڕەنسا دەستپێدەکات


وێستگه‌نیوزـ

ئەمڕۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی فەرەنسایە، کە چاوەڕوان دەکرێت گۆڕانکاریی گەورە لە نەخشەی سیاسیی ئەو وڵاتە بهێنێتەدی.

 
ناوچە فەرەنسییەکانی دەرەوەی خاکی سەرەکیی فەرەنسا لە رۆژی شەممەوە دەستیان بە دەنگدان کرد، دەنگدانێک کە پێشبینی دەکرێت ژمارەی کورسیی راستڕه‌وه‌کان بگەیێنێتە بەرزترین ئاست لە مێژووی پەرلەمانی فەرەنسادا.
 
رۆژی شەممە 6ی ته‌مموزی 2024، بانگەشەی هەڵبژاردن کۆتاییهات و ئەمڕۆ یەکشەممە 7ی ته‌مموز 2024، لە سەرانسەری فەرەنسا گەڕی دووەمی دەنگدانەکەیە.
 
لە نێوان هەردوو گەڕەکەدا، هەڵمەتێکی گەرموگوڕی هەڵبژاردن هەبوو. هەڵمەتەکە بە جۆرێک تەنگژەدار بوو، ژمارەیەک كاندید هێرشیان کرایەسەر و لێیاندرا.  
 
لە دەرەوەی خاکی سەرەکی، یەکەمین هەرێمی سەر بە فەرەنسا کە دەنگی دا، سان پیێر و میکولۆن بوو، کە کۆمەڵە دوورگەیەکی بچووکی فەرەنسییە لە نزیک کەناراوەکانی کەنەدا. هاووڵاتییانی ئەو هەرێمە کاتژمێر 1:00ی (دوای نیوەڕۆی شەممە بە کاتی هەولێر) دەنگیاندا.
 
دوای ئەوان، دانیشتووانی ناوچە فەرەنسییەکانی ناوچەی کاریبی، لەناویاندا مارتینک و گەدەلۆپ هەروەها گییانا لە ئەمریکای باشوور دەنگیاندا.
 
پاشان ناوچە فەرەنسییەکانی زەریای هێمن دەنگ دەدەن و لە کۆتاییشدا ئەمڕۆ یەکشەممە کاتژمێر 08:00ـی بەیانی بەکاتی پاریس (09ـ:00ی بەیانی بە کاتی هەولێر)، دەنگدان لە خاکی سەرەکیی فەرەنسا دەستپێدەکات.
 
کاتژمێر 08:00ی ئێوارە بە کاتی پاریس (09:00ـی شەو بەکاتی هەولێر) بنکەکانی دەنگدان دادەخرێن و ئەنجامی بەرایی رادەگەیه‌ندرێت.

بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردنی فەڕەنسا، بۆ بەدەستهێنانی زۆرینەی پەرلەمانی، دەبێت یەکێک لە هاوپەیمانێتییەکان بتوانێت لە کۆی 577 کورسی، 289 کورسی بباتەوە، بەڵام بەگوێرەى راپرسییەکی دامەزراوەی "هاریس ئینتەرئاکتیڤ" پارتەکەی لوپێن و هاوپەیمانە کۆماریخوازەکەی، لە باشترین حاڵەتدا 270 کورسی دەهێنن.

خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکانی فەڕەنسا، بەبەشداری 49 ملیۆن هاووڵاتی فەرەنسی بەڕێوەچوو، تیایدا پارتە راستڕەوە توندڕەوەكان نزیکەی %34ی دەنگەكان و پارتە چەپی سۆسیالیستەكان %28ی دەنگەكان و پارتەكەی ئیمانوێل ماكرۆنیش %22ی  دەنگەكانیان بەدەستهێنا.


AM:09:00:07/07/2024


ئه‌م بابه‌ته 540 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت