ئەردۆغان و ئەسەد لە بەغدا کۆدەبنەوە
ئەسەد و ئەردۆغان. وێنە: ئەرشیڤ
وێستگهنیوزـ
چاوەڕوان دەکرێت پێش هەڵبژاردنەکەی رۆژئاوای کوردستان، سەرۆکی تورکیا و سووریا بۆ دانووستادن لەسەر چۆنێتی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان لە بەغدا کۆببنەوە.
ئەم زانیارییانە لەلایەن رۆژنامەی (وەتەن)ی سووری بڵاوکرایەوە کە بە یەکێک لە رۆژنامە نزیکەکانی ناوەندی بڕیار لە دیمەشق دادەنرێت و ئەوەی خستەڕوو کە بەمنزیکانە بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا لە بەغدا کۆدەبنەوە.
هاكات رۆژنامەی (جەریدە)ی کوێتی بڵاویکردەوە، کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکە لەلایەن رووسیا، چین، ئێران و وڵاتانی عەرەبییەوە پشتیوانی دەکرێت.
لە لایەکی دیکەشەوە رۆژنامەی شەرقولئەوسەت لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە کە سەرباری هەوڵەکانی مۆسکۆ بۆ نزیککردنەوەی دیمەشق و ئەنقەرە، بەڵام هێشتا پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا ئاڵۆزن.
پێشتریش چەند هەوڵێکی هاوشێوەی رووسی و ئێرانی هەبوون، بەڵام سەرجەمیان شکستیان هێنا، بۆیە ئەمجارە مۆسکۆ نایەوێت هەوڵەکەی بەغداش هەمان چارەنووسی ئەوانەی پێش خۆی هەبێت.
سەرچاوەکانی هەواڵ بڵاویانکردوە کە تورکیا دەیەوێت کۆبوونەوەکە دووقۆڵی و دوور لە چاوی میدیا بێت، بۆ ئەوەی لەسەر هەموو وردەکارییەکان لەگەڵ لایەنی سووریا گفتوگۆ بکەن.
ئەم هەنگاوەش لەکاتێکدایە کە خۆبەڕێوەبەریی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان دەکات کە تورکیا بە توندی دژی ئەنجامدانی وەستاوەتەوە و ناوبەناویش هەڕەشەی هێرشی سەربازی دەکات بۆ رێگرتن لە هەڵبژاردنەکە.
AM:11:37:01/07/2024
ئهم بابهته 860
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت