پارتی راستڕهوی دژە کۆچبەر و دژە ئیسلام گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکانی فەرەنسای بردەوە
وێستگە نیوز-
پارتی بەرەی نیشتمانی راسترەوی توندڕەوی فەرەنسا، به سهرۆكایهتیی ماری لۆپێن گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەو وڵاتەی بردەوە و بهپێی ئهنجامه بهراییهكان 34% دەنگەکانی بەدەستهێناوە.
ئهمشهو یەکشەممە، ئەنجامە بهراییهكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی فەرەنسا بڵاوکرایەوەو پارتی بەرەی نیشتمانی راسترەوی دژە کۆچبەر و دژە ئیسلام، سەرکەوتنێکی گەورەی لە گەڕی یەکەمدا بەدەستهێناوە و پارتی چەپڕهوی بەرەی نوێ 28.1%ی دەنگەکان و لە پلەی سێیەمیش، هاوپەیمانی ئۆنسومبل کە هاوپەیمانێتییەکی میانڕهوی ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسایە، 20.3%ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، هەرچی پارتی کۆمارییەکانیشه کە پێکهاتووە لە نەریتخوازە فەرەنسییەکان، 10.2%ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و بهمجۆرهش ههڵبژاردن چوهته گهڕی دووهم.
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی فەرەنسا، لایەنگرانی راستڕهو توندڕهوهکان دەستیانکرد بە ئاهەنگگێڕان و ماکرۆنیش داوای پێکهێنانی هاوپەیمانێکی فراوانی چەپ و میانرهوهکانی کرد لە بەرامبەر راستڕهوهکان.
بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا، رێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا بەرزترین بووە لە 40 ساڵی رابردوودا و دهوترێت رێژەی بەشداری گهیشوهته نزیکەی 65%، هاوكات بهپێی پەیڕەوی هەڵبژاردنی فەرەنسا، لە كۆی 577 كورسیی پهلهمانی فەرەنسا پارتی براوەی هەڵبژاردنەکان بۆ بەدەستهێنانی زۆرینە پێویستی بە 289 کورسییە.
ئەمە یەکەمجارە، پارتێکی راستڕهو، گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکانی فەرەنسا بباتەوە، ئێستاش هەمووان چاویان لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکانە کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو لە 7ی تەمموز بەڕێوەبچێت.
لە وتاری سەرکەوتینیشدا، ماری لۆپێن، سەرکردەی بەرەی نیشتمانی ( راستهرهوه توندرهوهكان) رایگەیاند، ئەوان چاویان لە بەدەستهێنانی زۆرینەی پهلهمانی فەرەنسایە "تا لە هەشت رۆژی دیکە، جۆردان پاردێلا، (سەرۆکی پارتی بەرەی نیشتمانی) ببێتە سەرۆک وەزیران و حکومەت پێکبهێنێت."
ههر لهمیانی وتاری سهركهوتندا جۆردن پاردێلا، رایگەیاند، دەیەوێت ببێتە سەرۆک وەزیرانی "هەموو فەرەنسییەکان و بە "رێزەوە" و بە گوێرەی دەستوور پێکەوە لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری وڵاتەکەی کاربکات".
پاردێلا وتیشی: "بەدەمەوەهاتنەکە بێوێنە و وەڵامەکەش روونە، دەنگیان بە گۆڕانکاری دا. روونە کە وازیان لەو زۆرینەیە هێناوە کە سەرۆک هەیبوو."
پاردێلا گهنجێكی تەمەن 28 ساڵانە کە بە رووی هەموواندا زەردەخەنە دەکات و سێڵفییان لەگەڵدا دەگرێت، چاوی لەوەیە ببێتە سەرۆک وەزیرانی فەرەنسا و لە دایکبووی 13ـی ئەیلوولی 1995ـە و لە تشرینی دووەمی 2022ەوە سەرۆکی پارتی بەرەی نیشتمانییە و لە تەمموزی 2019ەوە تا ئێستاش ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپایە.
پاردێلا لە ساڵی 2020ـەوە لەگەڵ خوشکەزایهکی ماری لوپێندا لە پەیوەندیی خۆشەویستیدایە، کچەکە ناوی نلوێن ئۆلیڤیێ-یە، هەر ئەوەش بوو کە وایکرد، رەخنە لە پارتەکەی لوپێن بگیرێت بەوەی بە خزمخزمێنە پاردێلای هێناوەتە پێشەوە و کارئاسانی بۆ کردوە تا ببێتە سەرۆکی پارتەکە و ئێستاش كاندید بێت بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران.
PM:11:05:30/06/2024
ئهم بابهته 660
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت