یه‌كه‌م وێنه‌ی ئه‌و سه‌ربازه میسرییه‌ی به هۆی ته‌قه‌ی ئیسرائیله‌وه له نزیك شاری ره‌فه‌ح كوژرا
وێستگه نیوزـ
دوێنێ دووشه‌ممه، له رووداوێكی سه‌ر سنوری نێوان هێزه‌كانی ئیسرائیل و میسر، سه‌ربازێكی میسری كوژرا، هێشتا لێكۆڵینه‌وه‌كان له چۆنیه‌تی روودانی كوشتنه‌كه‌ی به‌رده‌وامه و له‌گه‌ڵیدا یه‌كه‌م وێنه‌ی سه‌ربازه كوژراوه بڵاوكرایه‌وه.
ماڵپه‌ڕی ئه‌لعه‌ره‌بییه نێت ئاشكرای كردووه سه‌ربازه‌كه ناوی عه‌بدوڵڵا ره‌مه‌زان عه‌شری حاجییه، خه‌ڵكی گوندی ئهلعهجمینه له پارێزگای فه‌یوم كه ده‌كه‌وێته باشوری خۆرئاوای میسر.
دوای ئه‌وه‌ی ناسنامه‌ی سه‌ربازه‌كه كوژراوه‌كه ئاشكرا ده‌بێت، به هه‌زاران كه‌س سه‌ردانی لاپه‌ڕه تایبه‌ته‌كه‌ی له‌سه‌ر تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك ده‌كه‌ن. له‌وێدا ده‌رده‌كه‌وێت گرنگی به‌و رووداوانه داوه كه له غه‌ززه به‌ڕێوه‌ده‌چن و زیا له جارێك ده‌رباره‌ی كاره‌سات و نه‌هامه‌تییه‌كانی كه‌رتی غه‌ززه و دانیشتوانه‌كه‌ی نووسیوه.
عه‌بدوڵڵا له دواهه‌مین پۆستیدا كه له رۆژی 7ی شوباتی رابردوو بڵاویكردووه‌ته‌وه ده‌ڵێت: "خودایه، ئارامی ته‌واوه‌تی بۆ غه‌ززه".
ئه‌م سه‌ربازه میسرییه، هاوكات له‌گه‌ڵ گواستنه‌وه‌ی خزمه‌تی سه‌ربازییه‌كه‌ی بۆ باكوری سینا، له مانگی حوزه‌یرانی ساڵی 2023، وێنه‌یه‌كی خۆی به جلوبه‌رگی سه‌ربازییه‌وه بڵاوده‌كاته‌وه.
ئه‌م سه‌ربازه كوژراوه، وێنه‌كه‌ی كه به جلوبه‌رگی سه‌ربازییه‌وه گرتبووی، له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی میسر، سه‌رله‌نوێ هه‌زاران جار بڵاوكراوه‌ته‌وه و دۆعا و نزای بۆ ده‌كه‌ن. هه‌روه‌ها هه‌ندێك له میسرییه‌كان له‌سه‌ر تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی نازناوی "شێره‌كه‌ی سنوری میسر"یان لێناوه.
ئه‌وانه‌ی له نزیكه‌وه ئه‌م سه‌ربازه كوژراوهیان ناسیوه، له كۆمێنته‌كانیاندا باس له‌وه ده‌كه‌ن له لایه‌ن هه‌موانه‌وه گه‌نجێكی خۆشه‌ویست بووه، هه‌میشه له‌گه‌ڵ خزم و هاوڕێكانی باسی ئه‌وه‌ی كردووه كه له غه‌ززه ده‌گوزه‌رێت و گرته‌یی ڤیدیۆیی له‌سه‌ر شه‌ڕه‌كه و وێرانكارییه‌كانی كه‌رتی غه‌ززه بڵاوكردووه‌ته‌وه، له ساته‌وه‌ختی ده‌ستپێكردنی شه‌ڕه‌كه له 7ی تشرینی یه‌كه‌می 2023.
ئه‌وه له كاتێدایه سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی رایگه‌یاند لێكۆڵینه‌وه سه‌ره‌تاییه‌كان، ده‌ریده‌خه‌ن: " به چه‌ندین ئاراسته، ته‌قه له نێوان هێزه‌كانی ئیسرائیل و چه‌كدارانی فه‌له‌ستین روویداوه، ئه‌مه‌ش وایكردووه كارمه‌ندانی ئاسایشی میسر، رێوشوێنی پاراستنی كارپێكراو بگرنه‌به‌ر و مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ سه‌رچاوه‌ی ته‌قه‌كردنه‌كه بكه‌ن".
هه‌روه‌ها سه‌رچاوه ئه‌منییه‌كه جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه میسر چه‌ندینجار هۆشداریداوه له ده‌رهاویشته‌كانی ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه‌كه‌ی ئیسرائیل له میحوه‌ری ڤیلادلفیا (سه‌ڵاحه‌دین).
هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا، سه‌رچاوه‌یه‌كی دیكه‌ی ئه‌مینی، هۆشداریداوه به‌وه‌ی هێرشی ئیسرائیل له میحوه‌ری ڤیلادلفیا ده‌بێته: "هۆی خولقاندنی بارودۆخێكی مه‌یدانی و ده‌روونی كه زه‌حمه‌ته كۆنترۆڵ بكرێت و ئه‌گه‌ری هه‌ڵكشان و په‌ره‌سه‌ندنیشی له‌ئارادایه".
دوێنێ دوو شه‌ممه 27ی ئایاری 2024، وته‌بێژی سه‌ربازی میسر رایگه‌یاند یه‌كێك له‌و كارمه‌ندانه‌ی ئه‌ركی پاراستنی ناوچه‌كه بووه، له ئه‌نجامی رووداوێكی ته‌قه‌كردندا له ناوچه‌ی سنوری ره‌فه‌ح كوژراو لیكۆلینه‌وه‌كان له‌و ڕووداوه به‌رده‌وامه.
له‌و كاته‌وه‌ی ئیسرائیل پێش سێ هه‌فته له‌مه‌وبه‌ر، واته له 7ی ئایاری ئه‌م مانگه‌وه، ده‌ستی به ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه‌كه‌ی بۆ سه‌ر شاری ره‌فه‌ح كردووه، هێزه‌كانی ئیسرائیل چوونه‌ته ناوچه‌ی سنوری نێوان كه‌رتی غه‌ززه و میسر.
له‌م باره‌یه‌وه میسر چه‌ندینجار هۆشداریداوه و دووباره‌ی كردووه‌ته‌وه كه په‌لاماردانی ره‌فه‌ح، كاردانه‌وه و ده‌رهاویشته‌ی مه‌ترسیداری لێده‌كه‌وێته‌وه. چونكه نزیكه‌ی 1.4 ملیۆن كه‌س له‌و شاره كۆبوونه‌ته‌وه و به‌شی هه‌ره زۆریان ئاواره‌ن. له ئێستادا ئیسرائیل داوا له یه‌ك ملیۆن كه‌سی ئه‌و شاره ده‌كات، چۆڵی بكه‌ن. هه‌روه‌ها ئیسرائیل ئه‌و به‌شه‌ی ده‌روازه‌ی ره‌فه‌حی كۆنترۆڵ كردووه كه ده‌كه‌وێته دیوی فه‌له‌ستین و تاقه خاڵی گواستنه‌وه‌ی سه‌ره‌كی گه‌یاندنی یارمه‌تییه مرۆییه‌كانه بۆ فه‌له‌ستینییه‌كان.
ئه‌وه‌ی لێره‌دا شایه‌نی ئاماژه پێدانه، ئه‌وه‌یه سوپای ئیسرائیل كاتی خۆی، له مانگی ته‌موزی ساڵی 2023، رایگه‌یاند سێ سه‌ربازی ئیسرائیل به ته‌قه‌ی پۆلیسێكی میسری كه به نهێنی له میسره‌وه دزهیكردبووه ناو ئیسرائیل كوژران، ئه‌مه پێش ئه‌وه‌ی خۆشی بكوژرێت.
قاهیره سه‌رباره‌ت به‌و رووداوه رایگه‌یاند ئه‌و پۆلیسه میسرییه، كه‌وتبووه دوای ژماره‌یه‌ك له قاچاخچییه‌كانی مادده‌ی هۆشبه‌ر، هه‌ر بۆیه له یه‌كێك له خاڵه سنورییه‌كان پهڕیبوهوه دیوی ئیسرائیل، ئه‌مه‌ش بووه‌ته هۆی ته‌قه‌كردنی نێوان هه‌ردوولا كه به‌هۆیه‌وه سێ سه‌ربازی ئیسرائیل و پۆلیسه میسرییهكهش كوژران.
ئاشكرایه میسر یه‌كه‌م ده‌وڵه‌تی عه‌ره‌بی بوو، ساڵی 1979، په‌یماننامه‌ی ئاشتی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ئه‌نجامدا.
PM:03:56:28/05/2024
ئه‌م بابه‌ته 1124
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت