سوپای ئێران ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كان له كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی هێلیكۆپته‌ره‌كه‌ی ره‌ئیسی راگه‌یاند
وێستگه‌نیوز-
ده‌سته‌ی ئه‌ركانی گشتی هێزه چه‌كداره‌كانی ئێران رایگه‌یاند كه هێلیكۆپته‌ره‌كه‌ی ئیبراهیم ره‌ئیسی سه‌رۆك كۆماری كۆچكردووی ئێران له دوای تێكشكانی ئاگری گرتووه، دوای دۆزینه‌وه‌شی هیچ شوێنه‌وارێكی گولـله یان ته‌قه‌مه‌نی به پارچه‌ی فڕۆكه‌كه‌وه نه‌بووه.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه ناوه‌ندی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌سته‌ی ئه‌ركانی گشتی هێزه چه‌كداره‌كانی ئێران راپۆرتی یه‌كه‌می لیژنه‌ی باڵای لێكۆڵینه‌وه له هۆكاری رووداوی تێكشكانی ئه‌و هێلیكۆپته‌ره‌ی بڵاوكرده‌وه كه ئیبراهیم ره‌ئیسی سه‌رۆك كۆمار و شاندی یاوه‌ری ده‌گواسته‌وه و دواتر كه‌وته خواره‌وه.
له راپۆرته‌كه‌دا هاتووه كه "گه‌لی ئێران ئاگادار ده‌كه‌ینه‌وه كه شاندی باڵای ده‌سته‌ی ئه‌ركانی گشتی هێزه چه‌كداره‌كانی ئێران بۆ لێكۆڵینه‌وه له رووداوی تێكشكانی ئه‌و هێلیكۆپته‌ره‌ی سه‌رۆك كۆماری ده‌گواسته‌وه، له رۆژی دوشه‌ممه كاتژمێر 5:30ی به‌ره‌به‌یان به‌ره‌و شوێنی كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی هێلیكۆپته‌ره‌كه به‌ڕێكه‌وتن و له كاتژمێر 9:00ی هه‌مان رۆژ گه‌یشتنه شوێنه‌كه".
ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو كه "زانیاری زۆر له بواری جیاوازی ته‌كنیكی و گشتی كۆكرانه‌وه كه ئه‌گه‌ری هه‌یه په‌یوه‌ندی به رووداوه‌كه‌وه هه‌بێت".
ده‌سته‌ی ئه‌ركانی گشتی هێزه چه‌كداره‌كانی ئێران ده‌ڵێت: "هه‌ندێك له زانیارییه‌كانیش پێویستی به كاتی زیاتره بۆ ئه‌وه‌ی بڕیاری كۆتایی له‌سه‌ر ئاشكرا بكرێت".
ئاماژه به‌وه‌شدراوه كه ئه‌و حاڵه‌تانه‌ی لیژنه‌ی باڵای لێكۆڵینه‌وه لێی دڵنیاییه بریتین له:
1. هێلیكۆپته‌ره‌كه‌ی ره‌ئیسی له رۆیشتن به رێڕه‌وی راست به‌رده‌وام بووه و له رێڕه‌وی گه‌شتی تایبه‌ت به خۆی لاینه‌داوه.
2. پێش نزیكه‌ی خوله‌كێك و 30 چركه له رووداوه‌كه، كاپتنی هێلیكۆپته‌ره‌كه‌ی ره‌ئیسی په‌یوه‌ندی به دو هێلیكۆپته‌ره‌كه‌ی دیكه‌وه كردووه.
3. هیچ شوێنه‌وارێكی گولـله یان ته‌قه‌مه‌نی به پارچه‌ی هێلیكۆپتهرهكهوه به‌دی نه‌كراوه.
4. دوای ئه‌وه‌ی هێلیكۆپته‌ره‌كه‌ی ره‌ئیسی به‌ر زه‌وی كه‌وتووه ئاگری گرتووه.
5. به‌هۆی ئاڵۆزی ناوچه‌كه، ته‌م و نزمبونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رما، پرۆسه‌ی گه‌ڕان به‌دوای هێلیكۆپته‌ره‌كه به درێژایی شه‌و به‌رده‌وامبوو، له به‌ره‌به‌یانی رۆژی دووشه‌ممه كاتژمێر 5:00ی به‌یانی به هاوكاری فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وانی ئێران، شوێنی روداوه‌كه دۆزرایه‌وه، هێزه‌كانی به‌دواداچوونی زه‌مینی له ئێستادا له‌و شوێنه‌ن.
6. هیچ حاڵه‌تێكی گوماناوی له گفتوگۆكانی تاوه‌ری گه‌شته ئاسمانییه‌كان و تیمی فڕۆكه‌وانی به‌دی نه‌كراوه.
رۆژی یه‌كشه‌ممه ئیبراهیم ڕه‌ئیسی سه‌رۆك كۆماری ئێران له سنووری ئێران-ئازه‌ربایجان به‌شداری له كردنه‌وه‌ی بهنداوێكدا كرد و، له كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ شاندی یاوه‌ریدا كه حسێن ئه‌میر عه‌بدولـله‌هیان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی، له‌نێودابوو به‌هۆی تێكشكانی هێلیكۆپتهرهكهیانهوه گیانیان له‌ده‌ست دا.
PM:11:17:23/05/2024
ئه‌م بابه‌ته 2608
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت