خانمی‌ یه‌كه‌می‌ سوریا توشی شێرپه‌نجه‌ی خوێن بوو

‌خانمی‌ یه‌كه‌می‌ سوریا و بەشار ئەسەدی هاوسەری

وێستگه‌نیوز-
سه‌رۆكایه‌تی سوریا رایگه‌یاند كه‌ ئه‌سما ئه‌لئه‌سه‌د خانمی یه‌كه‌می وڵاته‌كه‌ توشی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ی خوێن بووه‌، ئه‌مه‌ش نزیكه‌ی پێنج ساڵ دوای ئه‌وه‌ی ڕایگه‌یاند كه‌ به‌ ته‌واوه‌تی له‌ نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ی مه‌مك چاك بووه‌ته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ سه‌رۆكایه‌تی سوریا له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ "ئه‌سمای ته‌مه‌ن 48 ساڵ به‌ پڕۆتۆكۆڵێكی چاره‌سه‌ریی تایبه‌تدا تێپه‌ڕ ده‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ش ده‌بێت داببڕێندرێت، هه‌روه‌ها له‌ ئه‌نجامی ئه‌وه‌شدا دوورده‌كه‌وێته‌وه‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌ گشتییه‌كانی".

له‌ مانگی هه‌شتی ساڵی 2019 دا ئه‌سما ئاشكرایكرد كه‌ به‌ ته‌واوه‌تی له‌ شێرپه‌نجه‌ی مه‌مك چاك بووه‌ته‌وه‌ كه‌ زوو پێی زانیبوو.

له‌ دوای ئه‌وه‌ی سوریا له‌ ساڵی 2011 دا كه‌وته‌ ناو شه‌ڕی ناوخۆوه‌، ئه‌سمای له‌ دایكبووی به‌ریتانیا كه‌ پێشتر كاری وه‌به‌رهێنانی كردووه‌، ڕۆڵێكی گشتی بینی له‌ سه‌ركردایه‌تیكردنی هه‌وڵه‌ خێرخوازییه‌كاندا و كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ خێزانه‌كانی سه‌ربازه‌ كوژراوه‌كاندا، به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتیشدا ئۆپۆزسیۆن رقییان لێیه‌تی.

ئه‌سما ڕێكخراوی ناحكومی " ئه‌مانه‌تی سوریا بۆ گه‌شه‌پێدان " به‌ڕێوه‌ ده‌بات، كه‌ وه‌كو ڕێكخراوێكی چه‌تریی وایه‌ بۆ زۆرێك له‌ یارمه‌تی و گه‌شه‌پێدانه‌كان له‌ سوریادا.

ساڵی ڕابردوو ئه‌سما هاوه‌ڵی هاوسه‌ره‌كه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د سه‌رۆكی سوریای كرد له‌ سه‌ردانێكدا بۆ میرنشینه‌ یه‌كگرتووه‌كانی عه‌ره‌ب، ئه‌وه‌ش یه‌كه‌مین گه‌شتی فه‌ڕمی ئاشكرای بوو له‌گه‌ڵ به‌شار ئه‌سه‌ددا له‌ دوای ساڵی 2011 ه‌وه‌.

 ئه‌سما له‌وێ له‌گه‌ڵ شێخ فاتمه‌ بنت موباره‌ك دایكی سه‌رۆكی میرنشینه‌ یه‌كگرتووه‌كانی عه‌ره‌ب كۆبووه‌وه‌، ئه‌وه‌ش ئاماژه‌یه‌ك بوو له‌سه‌ر زیادبوونی رۆڵی ئه‌سما له‌ كاروباره‌ گشتییه‌كاندا.


PM:09:30:21/05/2024


ئه‌م بابه‌ته 2320 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو