كاندیدانی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری ئێران كێن؟

‌ئیبراهیم ڕه‌ئیسی سه‌رۆك كۆماری كۆچكردووی ئێران

وێستگه‌نیوز-
گیان لەدەستدانی ئیبراهیم ره‌ئیسی سه‌رۆك كۆماری ئێران له‌ رووداوی‌ كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی هێلیكۆپته‌رێكدا پرسیاری جددی‌ ده‌وروژێنێت كه‌ كێ ده‌بێته‌ شوێنگره‌وه‌ی‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدا و پۆسته‌كه‌ی‌ وه‌رده‌گرێت.


به‌پێی ده‌ستووری ئێران، محه‌مه‌د موخبر جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆك كۆماری كۆچكردوو بۆ سه‌رۆكایه‌تیی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن ڕاسپێردرا و ده‌بێت ئاماده‌كاری بكات بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی له‌ ماوه‌ی 50 رۆژدا.

به‌ڵام چاوه‌ڕوان ده‌كرێت كێ جێگه‌ی ره‌ئیسی‌ بگرێته‌وه‌؟

به‌گوێره‌ی هه‌واڵێكی تۆڕی‌ هه‌واڵی‌ (BBC)ی به‌ریتانی، هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری ئێران ته‌نها چه‌ند مانگێك دوای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت كه‌ له‌ ئازاری ساڵی ڕابردوودا ئه‌نجامدرا و تیایدا به‌شداریكردنی ده‌نگده‌ران به‌ ڕێژه‌یه‌كی پێوانه‌یی كه‌مبووه‌وه‌.

سیمای‌ هه‌موو هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی ئێران به‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی ساڵی 2021یشه‌وه‌ كه‌ ره‌ئیسی گه‌یاندنه‌ ده‌سه‌ڵات، دوورخستنه‌وه‌ی سیستماتیكی ركابه‌ره‌ میانڕه‌وه‌كان و لایه‌نگرانی گۆڕانكاری له‌ سیاسه‌ته‌كانی وڵاتدا بووه‌.

دكتۆره‌ سه‌نام فاكیل، به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باكووری ئه‌فریقا له‌ دامه‌زراوه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ چاتام هاوس ده‌ڵێت: "ئه‌وانه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ رژێمی ئێرانیان كۆنترۆڵ‌ كردووه‌، به‌دوای كه‌سێكدا ده‌گه‌ڕێن كه‌ بتوانێت یه‌كڕیزی‌ موحافیزكاره‌ توندڕه‌وه‌كان بپارێزێت و دڵسۆزی به‌رده‌وامی بۆ عه‌لی خامنه‌یی ڕێبه‌ری باڵای‌ شۆڕشی‌ ئیسلامی مسۆگه‌ر بكات”.

لای خۆیه‌وه‌، حه‌مید ره‌زا عه‌زیزی، هاوڕێی سه‌ردانكه‌ر له‌ SWB، كه‌ دامه‌زراوه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ و بنكه‌كه‌ی له‌ به‌رلینیه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ "له‌ ناو ڕیز و كه‌مپی ره‌ئیسی-ی موحافیزكاری‌ توندڕه‌ودا، پێناچێت جێنشینێكی دیار هه‌بێت".

به‌ڵام هه‌ندێك له‌ ڕۆژنامه‌ و ماڵپه‌ڕه‌ ناوخۆییه‌كانی ئێران باسیان له‌ كۆمه‌ڵێك ناو كردووه‌ كه‌ بۆ جێنشینی ڕه‌ئیسی كاندید كراون. له‌ نێویاندا حه‌سه‌ن ڕۆحانی و مه‌حمود ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد، هه‌ردوو سه‌رۆك كۆماری پێشوو، عه‌لی لاریجانی؛ ئه‌و سیاسه‌تمه‌داره‌ موحافیزكاره‌ میانڕه‌وه‌ی كه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی شورای ئێران كاری كردووه‌ و له‌ ساڵی 2021 له‌ خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری ئیسلامیی ئێران دوورخراوه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها محه‌مه‌د باقر قالیباف، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی ئێران كه‌ چه‌ندین جار هه‌وڵی داوه‌ بگاته‌ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری ئیسلامیی ئێران.

گۆڤاری "The Atlantic”ی ئه‌مریكی له‌گه‌ڵ به‌رپرسێكی نزیك له‌ قالیباف قسه‌ی كردووه‌ سه‌باره‌ت به‌ ده‌رئه‌نجامه‌ سیاسییه‌كانی رووداوی‌ كوژرانی‌ ره‌ئیسی‌، ئه‌ویش ده‌ستبه‌جێ وه‌ڵامی داوه‌ته‌وه‌ كه‌ "قالیباف ده‌بێته‌ سه‌رۆكی نوێ”.

قالیباف كه‌ زۆر كه‌س زیاتر به‌ ته‌كنۆكراتی ده‌زانن، له‌ كاتی شه‌ڕی ئێران و عێراقدا فه‌رمانده‌یه‌كی سوپای پاسدارانی ئێران بووه‌ و ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ پاڵپشتییه‌كی به‌رچاوی هه‌بێت ئه‌گه‌ر خۆی كاندید بكات.


PM:06:04:20/05/2024


ئه‌م بابه‌ته 2084 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت