پوتین داوای هێوركردنه‌وه‌ ده‌كات و تاران په‌ره‌سه‌ندنی زیاتری ناوێت


وێستگه‌نیوز-
له‌كاتێكدا ترسه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌سه‌ر تێكچوونی دۆخی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕێكی فراوانتر له‌ نێوان ئیسرائیل و ئێران زیاتر ده‌بێت، به‌له‌به‌رچاوگرتنی‌ هه‌ڕه‌شه‌ی هه‌ردوو وڵات له‌ یه‌كتر، سه‌رۆكی روسیا هۆشداریدا له‌وه‌ی په‌ره‌سه‌ندنی زیاتر له‌ ناوچه‌كه‌دا ره‌نگه‌ "كاردانه‌وه‌ی كاره‌ساتبار" به‌دوای‌ خۆیدا بهێنێت.


به‌ گوێره‌ی ئه‌وه‌ی كۆشكی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ روسیا "كریملین" رایگه‌یاندووه‌، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 16ی‌ نیسانی‌ 2024، له‌ میانه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ ئیبراهیم ره‌ئیسی هاوتا ئێرانییه‌كه‌ی، ڤلادیمیر پوتین سه‌رۆكی‌ روسیا هیوای خۆی ده‌ربڕی كه‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان دان به‌خۆیاندا بگرن و ناوچه‌كه‌ له‌ خولێكی نوێی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ كه‌ پڕ بێت له‌ كاردانه‌وه‌ی كاره‌ساتبار به‌دوور بگرن.

هێرشێكی‌ ناچاری‌
لای‌ خۆیه‌وه‌ ئیبراهیم ره‌ئیسی‌ سه‌رۆك كۆماری ئێران جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌ی په‌ره‌سه‌ندنی زیاتری نایه‌وێت.

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ "ئێران هێرشێكی سنووردار و به‌په‌له‌ی له‌ شه‌وی شه‌ممه‌ و یه‌كشه‌ممه‌ ئه‌نجامداوه‌"، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئیسرائیل بۆ بۆردومانی كونسوڵخانه‌كه‌ی له‌ دیمه‌شق له‌ سه‌ره‌تای مانگی نیساندا.
وه‌ڵامێكی ترسناك

ئه‌م لێدوانانه‌ دوای ئه‌وه‌ هات كه‌ ره‌ئیسی هۆشداری دا له‌ "وه‌ڵامێكی ترسناك" بۆ هه‌ر كارێك له‌ دژی وڵاته‌كه‌ی.

كاتێكی‌ پێشتری ئه‌مڕۆ له‌ پۆستێكدا له‌ ماڵپه‌ڕی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری ئیسلامیی ئێران، هاتووه‌ كه‌ ره‌ئیسی له‌ میانه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ شێخ ته‌میم بن حه‌مه‌د ئال سانی میری قه‌ته‌ر وتی: "ئۆپه‌راسیۆنی سزادانی ده‌ستدرێژكار به‌ سه‌ركه‌وتوویی ئه‌نجامدرا، ئێستاش به‌هێزه‌وه‌ رایده‌گه‌یه‌نن كه‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ بچوكترین رێوشوێنی دژ به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئێران، به‌ شێوه‌یه‌كی‌ ترسناك و به‌رفراوان و توند وه‌ڵام ده‌درێته‌وه‌”.

لای‌ خۆیه‌وه‌ عه‌لی باقری كنی جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی‌ ئێران بۆ كاروباری سیاسی جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ "وڵاته‌كه‌ی له‌ چه‌ند چركه‌یه‌كدا وه‌ڵامی هه‌ر هێرشێكی نوێی ئیسرائیل ده‌داته‌وه‌".

له‌ ماوه‌ی چه‌ند كاتژمێر و رۆژانی رابردوودا زۆرێك له‌ به‌رپرسانی سیاسی و سه‌ربازی ئیسرائیل جه‌ختیان له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هێرشه‌كه‌ی ئێران بێ‌ وه‌ڵام نابێت.

بڕیاره‌ كابینه‌ی جه‌نگی ئیسرائیل بۆ جاری سێیه‌م كۆببێته‌وه‌ و تاووتوێی رێگاكانی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و هێرشه‌ی ئێران بكات كه‌ شه‌وی شه‌ممه‌ به‌ زیاتر له‌ 300 مووشه‌ك و فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان كردیه‌ سه‌ر ئیسرائیل.


PM:09:37:16/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 1632 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت