یه‌كه‌م كاردانه‌وه‌ی‌ ئێران بۆ هێرشه‌كه‌ی‌ دیمه‌شق: وه‌ڵامدانه‌وه‌مان توند ده‌بێت


وێستگه‌نیوز-
له‌ یه‌كه‌م كاردانه‌وه‌ی‌ به‌رپرسانی‌ ئێران بۆ هێرشه‌كه‌ی‌ سه‌ر قونسوڵخانه‌ی‌ وڵاته‌كه‌یان له‌ دیمه‌شقی‌ پایته‌ختی‌ سوریا، باڵیۆزی‌ ئێران رایگه‌یاند كه‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئێمه‌ بۆ هێرشی سه‌ر كونسوڵخانه‌ی ئێران له‌ دیمه‌شق توند ده‌بێت.

ئێواره‌ی‌ ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ ته‌له‌فزیۆنی فه‌رمی سوریا بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ ئیسرائیل هێرشی‌ كردووه‌ته‌سه‌ر باڵه‌خانه‌ی قونسوڵخانه‌ی ئێران له‌ دیمه‌شق و ژماره‌یه‌ك كوژراو و برینداری لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌.

حسێن ئه‌كبه‌ری باڵوێزی ئێران له‌ سوریا هێرشی ئیسرائیلی‌ بۆ سه‌ر قونسوڵخانه‌ی وڵاته‌كه‌ی‌ له‌ دیمه‌شق، پشتڕاست كرده‌وه‌ و رایگه‌یاند كه‌ وه‌ڵامێكی توند ده‌درێته‌وه‌.

حسێن ئه‌كبه‌ری وتی‌: "قه‌واره‌ی‌ زایۆنی‌ به‌ فڕۆكه‌ی جه‌نگی‌ ئێف 35 هێرشی كرده‌ سه‌ر بینای قونسوڵخانه‌كه‌مان له‌ دیمه‌شق".

وتیشی‌: "له‌ شوێنی كاره‌كه‌م سه‌رقاڵی كاركردن بووم. ئه‌مه‌ یه‌كه‌مجار نییه‌ كه‌ قه‌واره‌ی زایۆنی ئه‌م جۆره‌ كارانه‌ ده‌كات".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ "دوای 6 مانگ له‌ تاوانه‌كانی غه‌ززه‌، ئه‌مڕۆ ئه‌و قه‌واره‌ ئیسرائیلییه‌ ئه‌م تاوانه‌ قێزه‌ونه‌ی ئه‌نجامدا".

جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه‌ كه‌ "ئه‌و كارمه‌ند و ڕاوێژكاره‌ سه‌ربازییانه‌ی كه‌ له‌و بینایه‌ بوون و شه‌هید بوون، ناویان ڕاده‌گه‌یه‌نرێت و قه‌واره‌ی زایۆنی وه‌ڵامی توند ده‌درێته‌وه‌".

باڵوێزی ئێران له‌ سووریا راشیگه‌یاند كه‌ "5-7 كه‌س شه‌هید بوون، له‌ ئێستادا ناتوانین ناو و ژماره‌ی شه‌هیده‌كان رابگه‌یه‌نین".

میدیاكانی‌ ئێرانیش بڵاویان كرده‌وه‌ كه‌ له‌ هێرشه‌كه‌دا محه‌مه‌د ره‌زا زاهیدی، فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسداران له‌ سوریا و لوبنان و ژماره‌یه‌ك كه‌سی‌ تر كوژران.

 میدیای ئێرانی سوپای ئیسرائیلی‌ به‌ ئه‌نجامدانی‌ هێرشه‌كه‌ بۆسه‌ر بینای‌ قونسوڵخانه‌ی‌ ئێران تۆمه‌تبار كرد، به‌ڵام تا ئێستا له‌ لایه‌ن ئیسرائیله‌وه‌ هیچ لێدوانێك له‌باره‌ی هێرشه‌كه‌ی ئه‌مڕۆه‌وه‌ نه‌دراوه‌.
به‌پێی زانیارییه‌كان، محه‌مه‌د ره‌زا زاهیدی پێشتر بۆ ماوه‌یه‌كی كه‌م فه‌رمانده‌ی هێزه‌ ئاسمانییه‌كانی سوپای پاسداران بووه‌.
 
زاهیدی نزیكه‌ی 20 ساڵه‌ فه‌رمانده‌ی باڵای سوپای پاسداران و فه‌یله‌قی قودسه‌ له‌ سوریا و لوبنان.
   
ئاژانسی میزان كه‌ ئاژانسێكی فه‌رمیی ئێرانه‌، له‌باره‌ی هێرشه‌كه‌وه‌ ده‌ڵێت: "هێرشه‌كه‌ له‌ لایه‌ن ئیسرائیله‌وه‌ كراوه‌ و باڵه‌خانه‌ی ته‌نیشت قونسوڵخانه‌ی ئێران له‌ دیمه‌شق كراوه‌ته‌ ئامانج و به‌هۆیه‌وه‌ باڵه‌خانه‌كه‌ به‌ ته‌واوی خاپوور بووه‌".




PM:08:14:01/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 1896 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت