به‌هۆی چاوپێكه‌وتنێكی رۆژنامه‌وانییه‌وه‌، ئێران باڵیۆزه‌كه‌ی له‌ باكۆ ده‌كشێنێته‌وه‌


وێستگه‌نیوز-
به‌هۆی چاوپێكه‌وتنێكی رۆژنامه‌وانییه‌وه‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران باڵیۆزه‌كه‌ی له‌ باكۆی‌ پایته‌ختی‌ ئازه‌ربایجان ده‌كشێنێته‌وه‌ به‌ پاساوی‌ ئه‌وه‌ی‌ پێچه‌وانه‌ی عورف و نه‌ریتی دیبلۆماسی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ ئه‌نجام دراوه‌.

ئێواره‌ی رۆژی هه‌ینی 29ی ئازاری 2024، سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران رایگه‌یاند وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌، بڕیاریداوه‌ عه‌باس موسه‌وی باڵیۆزی وڵاته‌كه‌ی له‌ باكۆی پایته‌ختی ئازه‌ربایجان بكشێنێته‌وه‌: "به‌هۆی ئه‌وه‌ی چاوپێكه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ خانمه‌ رۆژنامه‌نووسێكدا ئه‌نجامداوه‌ كه‌ به‌ لای تارانه‌وه‌، پێچه‌وانه‌ی عورف و نه‌ریتی دیبلۆماسی و رێكاره‌ فه‌رمییه‌كانه‌وه‌ بووه‌".

سه‌رچاوه‌كه‌ به‌ تۆڕی هه‌واڵی "به‌غداد ئه‌لیه‌وم"ی راگه‌یاندووه‌ كه‌ "وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ بڕیاریداوه‌، عه‌باس موسه‌وی باڵیۆزی ئێران له‌ باكۆ بكشێنێته‌وه‌ و باڵیۆزێكی نوێ شوێنی ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ دواتر ده‌ستنیشان ده‌كرێت و ره‌وانه‌ی كۆماری ئازه‌ربایجان ده‌كرێت".

ئه‌م هه‌نگاوه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران، دوای ئه‌و هێرش و په‌لاماردانه‌ هات كه‌ میدیا فه‌رمییه‌كانی ئێران، كردیانه‌ سه‌ر عه‌باس موسه‌وی، به‌هۆی ده‌ركه‌وتنی له‌ناو باڵیۆزخانه‌ی ئێران له‌ باكۆی پایته‌خت، له‌ ته‌له‌فزیۆنی "باكۆ تی ڤی" له‌گه‌ڵ خاتوونێكی رۆژنامه‌وان كه‌ حیجابی نه‌كردبوو.

سه‌رچاوه‌كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات: "ئه‌م چاوپێكه‌وتنه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و خانمه‌ رۆژنامه‌نووسه‌، له‌ ناو باڵیۆزخانه‌ی ئێران له‌ باكۆ ئه‌نجامدراوه‌. له‌ رووی یاساییه‌وه‌، ناوه‌وه‌ی باڵیۆزخانه‌ی هه‌ر وڵاتێك، گوزارشت له‌ یاسا و رێسا به‌ركاره‌كانی ئه‌و وڵاته‌ و په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌كات و وه‌ك خاكی ئه‌و وڵاته‌ وایه‌، لێره‌وه‌ پێویست بوو به‌و خاتوونه‌ رۆژنامه‌نووسه‌ بوتریایه‌، ده‌بێت ره‌چاوی داب و نه‌ریتی ئێران بكات".

هه‌روه‌ها سه‌رچاوه‌كه‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكردووه‌ بڕیاری كۆتایی پێهێنانی ئه‌ركی عه‌باس موسه‌وی باڵیۆز له‌ كۆماری ئازه‌ربایجان، له‌لایه‌ن حسێن ئه‌میر عه‌بدولـله‌هه‌یان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران ده‌رچووه‌ و ده‌ڵێت: "خانمه‌ رۆژنامه‌نووسه‌كه‌، له‌م چاوپێكه‌وتنه‌دا، به‌ بێ دانانی حیجاب ده‌ركه‌وتووه‌، له‌وه‌ش خراپتر، به‌جۆرێك جلوبه‌رگه‌وه‌ ده‌ركه‌وتووه‌، زۆر كه‌متر بووه‌ له‌و جلوبه‌رگه‌ فه‌رمییه‌ی ژنان، له‌و وڵاتانه‌ ده‌یپۆشن كه‌ تێیدا حیجاب به‌ مه‌رجێكی یاسایی دانانرێت، ئه‌مه‌ش جۆرێكه‌ له‌ سوكایه‌تی كردن به‌ ژنان. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ باڵیۆزه‌كه‌ی ئێران بێ هیچ كاردانه‌وه‌یه‌ك، ئه‌م سوكایه‌تیه‌ی ئه‌نجامداوه‌".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "رۆژنامه‌نووسه‌كه‌ ئاڵای كۆماری ئازه‌ربایجانی له‌ ته‌نیشت خۆیه‌وه‌ داناوه‌، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ رۆژنامه‌نووسی وڵاتێك، وه‌ك به‌رپرسێكی فه‌رمی ئه‌و وڵاته‌ سه‌یر ناكرێت كه‌ ده‌یه‌وێت ئه‌م جۆره‌ بۆنانه‌ بۆ خۆی رێكبخات. گرتنه‌به‌ری ئه‌م ڕێوشوێنه‌ له‌لایه‌ن رۆژنامه‌نووسه‌كه‌وه‌، ئیهانه‌یه‌ بۆ به‌رپرسه‌ ئێرانییه‌كه‌ی كه‌ له‌و وڵاته‌دایه‌. به‌داخه‌وه‌ باڵیۆزی ئێران هیچ وه‌ڵامێكی ئه‌و كاره‌ی نه‌داوه‌ته‌‌وه‌".

سه‌رچاوه‌كه‌ له‌ كۆتایدا ده‌ڵێت: "پێشتر و له‌ كێشه‌یه‌كی دیكه‌دا، یه‌كێك له‌ باڵیۆزه‌كانی ئێران، له‌ یه‌كێك له‌ ده‌وڵه‌ته‌ ئه‌وروپییه‌كان، به‌هۆی كه‌مته‌رخه‌می نواندن له‌ پێشوازیكردن له‌ هه‌ندێك له‌ میوانه‌كان و رێزنه‌گرتنی له‌ داب و نه‌ریتی ئێرانی، له‌كاره‌كه‌ی فه‌سڵكرا".


PM:02:53:30/03/2024


ئه‌م بابه‌ته 2064 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت