وه‌زیرێكی‌ ئیسرائیل: ره‌فه‌ح كۆنترۆڵ ده‌كه‌ین ئه‌گه‌ر ناكۆكی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكاش دروست بێت

‌رۆن دێرمه‌ر، وه‌زیری كاروباری ستراتیژی ئیسرائیل

وێستگه‌نیوز-
به‌رپرسێكی باڵای ئیسرائیل رایگه‌یاند كه‌ ئیسرائیل شاری ره‌فه‌ح كۆنترۆڵ ده‌كات ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ ببێته‌ هۆی درز و ناكۆكی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا، جه‌ختیشی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ له‌ ئێستادا سه‌دا 25ی هێزی شه‌ڕكه‌ری حه‌ماس له‌و شاره‌دایه‌.


ئه‌گه‌ری هێرشی تانك و هێزه‌كانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر ره‌فه‌ح نیگه‌رانییه‌كان له‌ واشنتۆن ده‌وروژێنێت به‌تایبه‌ت به‌هۆی‌ نه‌بوونی‌ پلانێك بۆ گواستنه‌وه‌ی زیاتر له‌ ملیۆنێك فه‌له‌ستینی كه‌ له‌ دوای ئاواره‌بوونیان له‌ شوێنه‌كانی دیكه‌ی كه‌رتی غه‌ززه‌ له‌ كاتی شه‌ڕی غه‌ززه‌دا په‌نایان بۆ ئه‌و شاره‌ بردووه‌.

بنیامین ناتانیاهۆ، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل، له‌سه‌ر داوای جۆ بایدن، سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، به‌ڵێنیدا دڵنیایی بدات له‌ چۆڵكردنی‌ شاره‌كه‌ له‌ خه‌ڵكی مه‌ده‌نی‌ و پێشكه‌شكردنی هاوكاری مرۆیی پێیان. ئه‌مه‌ش ئه‌و رێوشوێنانه‌ن كه‌ بڕیاره‌ له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوودا یاریده‌ده‌ره‌ باڵاكانی بایدن له‌ كۆشكی سپی تاووتوێی بكه‌ن.

رۆن دێرمه‌ر، وه‌زیری كاروباری ستراتیژی ئیسرائیل، به‌ پۆدكاسته‌كه‌ی دان سێنۆر به‌ناوی Call Me Back-ی وت كه‌ "ئێمه‌ به‌ ته‌واوی متمانه‌مان به‌ توانای خۆمان هه‌یه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌مه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی كاریگه‌ر... نه‌ك ته‌نها له‌ رووی سه‌ربازییه‌وه‌، به‌ڵكو له‌ رووی مرۆییه‌وه‌ و متمانه‌یان به‌ توانای ئێمه‌ بۆ "ئه‌وه‌ كه‌متره‌".

دێرمێر كه‌ پێشتر باڵیۆزی ئیسرائیل بووه‌ له‌ ئه‌مریكا، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئیسرائیل گوێ له‌ بیرۆكه‌كانی لایه‌نی ئه‌مریكی ده‌گرێت سه‌باره‌ت به‌ ره‌فه‌ح، به‌ڵام ئه‌و شاره‌ی كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر سنووری میسر كۆنترۆڵ ده‌كرێت، ئایا هه‌ردوو هاوپه‌یمانه‌كه‌ بگه‌نه‌ رێككه‌وتن یان نا.

ناوبراو له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا وتی: "ئه‌مه‌ رووده‌دات ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئیسرائیل ناچار بێت به‌ ته‌نیا شه‌ڕ بكات، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌موو جیهان پشت له‌ ئیسرائیل بكه‌ن به‌ ئه‌مریكاشه‌وه‌، ئێمه‌ ده‌جه‌نگین تا له‌و شه‌ڕه‌دا سه‌ركه‌وتوو ده‌بین".

له‌كاتێكدا  كه‌ شه‌ڕه‌كه‌ له‌ باكووری غه‌ززه‌ توندتر ده‌بێت، ئه‌نتۆنی بلینكن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا سه‌ردانی قاهیره‌ی پایته‌ختی‌ میسر كرد و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی عه‌ره‌ب سه‌باره‌ت به‌ ئاگربه‌ستی پێشنیاركراو وتووێژ ئه‌نجامدا. ئیسرائیل ئاماده‌یی خۆی بۆ گه‌یشتن به‌ ئاگربه‌ست ده‌رده‌بڕێت، به‌ڵام ره‌تیده‌كاته‌وه‌ كۆتایی به‌ شه‌ڕ له‌گه‌ڵ حه‌ماس له‌ ده‌سه‌ڵاتدا بهێنێت.

دێرمێر ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، جێهێشتنی حه‌ماس له‌ غه‌ززه‌ ده‌بێته‌ هۆی هێرشی بێكۆتایی بۆ سه‌ر ئیسرائیل له‌ سه‌رانسه‌ری ناوچه‌كه‌وه‌، "هه‌ر بۆیه‌ش ئیراده‌ بۆ دوورخستنه‌وه‌یان ئه‌وه‌نده‌ به‌هێزه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ ببێته‌ هۆی ئه‌گه‌ری دروستبوونی‌ ناكۆكی‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا".




PM:05:01:21/03/2024


ئه‌م بابه‌ته 1524 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت