له‌ خۆشییه‌كی ده‌گمه‌ندا...ئۆتۆمبێلێك ده‌بێته‌ نۆماڵی‌ بوك و زاوایه‌ك له‌ غه‌ززه‌

‌ئیبراهیم و نه‌رمین پێداگرن له‌سه‌رئه‌وه‌ی‌ له‌ ناو ئۆتۆمبێله‌كه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی كاتی درێژه‌ به‌ ژیان بده‌ن

وێستگه‌نیوز-
دوای ئه‌نجامدانی مه‌راسیمی هاوسه‌رگیری له‌ناو قوتابخانه‌یه‌كدا كه‌ ئاواه‌ فه‌له‌ستینییه‌كان له‌ ناوه‌ڕاستی كه‌رتی غه‌ززه‌ له‌خۆده‌گرێت، تازه‌ بوك و زاوایه‌كی‌ فه‌له‌ستینی له‌ ناو ئۆتۆمبیلێكدا له‌ شاری دێر ئه‌لبه‌لحی ناوه‌ڕاستی كه‌رتی غه‌ززه‌، ژیانی‌ هاوسه‌رگیرییان ده‌ستپێكرد.


ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ سپییه‌ی كه‌ بووه‌ته‌ نۆماڵی‌ ئیبراهیم و نه‌رمین، له‌ ته‌نیشت یه‌كێك له‌ شۆسته‌كان راگیرابوو، په‌نجه‌ره‌كانیشی له‌ ناوه‌وه‌ به‌ هه‌ندێك قوماش داپۆشرابوو.

سه‌ره‌ڕای شه‌ڕه‌كه‌، ئه‌و دوو هاوڵاتییه‌ فه‌له‌ستینییه‌ پێداگرییان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرد كه‌ ئاهه‌نگی هاوسه‌رگیرییه‌كه‌یان له‌ناو قوتابخانه‌ی "دێر ئه‌لبه‌لح” كه‌ سه‌ر به‌ ده‌زگای فریاگوزاری و كاره‌كانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ په‌نابه‌ران (UNRWA)یه‌ به‌ڕێوه‌بچێت و به‌شێوه‌یه‌كی كاتی له‌ناو ئۆتۆمبێله‌كه‌دا درێژه‌ به‌ ژیانی هاوسه‌رگیری خۆیان بده‌ن.

ئه‌و بوك و زاوایه‌ له‌ سه‌ره‌تای شه‌ڕه‌كه‌دا له‌ باكووری كه‌رتی غه‌ززه‌وه‌ ئاواره‌ بوون و ئیسرائیل ناچاری كردن بچنه‌ باشوور.

بووكه‌كه‌ ناوی نه‌رمینه‌ و به‌ هیوای ئه‌وه‌ بوو كه‌ عه‌زییه‌كی سپی بووكێنی له‌به‌ر بكات، هه‌روه‌ها له‌ كه‌شێكی خۆشیدا ئاهه‌نگێكی گه‌وره‌ی بۆ ساز بكرێت و هاوڕێ و خزمه‌كانی كۆبكاته‌وه‌، به‌ڵام به‌رده‌وامبوونی شه‌ڕه‌كه‌ رێگری له‌وه‌ كرد.

سه‌ره‌ڕای سه‌ختی‌ بارودۆخه‌كه‌ و ئه‌و كه‌شی‌ غه‌م و خه‌فه‌ته‌ی‌ به‌هۆی به‌رده‌وامی شه‌ڕ له‌ حه‌وتی ئۆكتۆبه‌ری ڕابردووه‌وه‌ به‌سه‌ر كه‌رتی‌ غه‌ززه‌دا زاڵه‌، هاوسه‌ره‌ تازه‌كان توانییان كه‌مێك خۆشی به‌ چوارده‌وریان ببه‌خشن.

كه‌سوكاری بوك و زاوا و خه‌ڵكی ئاواره‌ له‌ناو قوتابخانه‌ی دێر ئه‌لبه‌لح، ئاهه‌نگێكی بچووكیان سازكرد و تیایدا گوێیان له‌ هه‌ندێك له‌ گۆرانییه‌ دڵخوازه‌كانی بووك گرت و هه‌لهه‌له‌یان لێده‌دا.

دوای كۆتاییهاتنی ئاهه‌نگی هاوسه‌رگیرییه‌كه‌، بوك و زاوا گه‌شتێكیان به‌و قوتابخانه‌یه‌ كرد كه‌ ئاواره‌كانی تێدا نیشته‌جێیه‌، پێش ئه‌وه‌ی به‌ره‌و ئۆتۆمبێله‌كه‌یان بڕۆن، كه‌ ده‌بێته‌ شوێنی حه‌وانه‌وه‌یان له‌ ماوه‌ی هاوسه‌رگیرییه‌كه‌یاندا.

نه‌رمین عابید ده‌ڵێت: "له‌ حوزه‌یرانی رابردوودا گرێبه‌ستی‌ هاوسه‌رگیریمان ئه‌نجام دا، به‌ڵام به‌هۆی‌ شه‌ڕه‌كه‌وه‌ ده‌رفه‌تێكمان بۆ ئه‌نجامدانی ئاهه‌نگی هاوسه‌رگیریه‌كه‌ نه‌دۆزییه‌وه‌".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "به‌داخه‌وه‌ له‌ كاتی شه‌ڕدا ناچار بووین هاوسه‌رگیری بكه‌ین، هیواداربووین له‌بری ئه‌وه‌ له‌ شوێنێكی گونجاودا ئاهه‌نگه‌كه‌ سازبكه‌ین، وه‌ك هۆڵی ئاهه‌نگگێڕان، به‌ڵام به‌هۆی به‌رده‌وامی شه‌ڕه‌وه‌ نه‌توانرا ئاهه‌نگه‌كه‌ ڕێكبخه‌ین".

نه‌رمین ده‌ڵێت: "له‌گه‌ڵ هه‌موو سه‌ختییه‌كان، ئێمه‌ لێره‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م ساته‌ پێكه‌وه‌ بژین و بیكه‌ین به‌ یاده‌وه‌ری".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه‌ "دڵخۆشیمان به‌هۆی شه‌ڕه‌وه‌ ته‌واو نییه‌، به‌ڵام ده‌مانه‌وێت بژین".

بووكه‌ فه‌له‌ستینییه‌كه‌ روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ "پێویستمان به‌ شوێنێكه‌ بۆ ژیان كه‌ خێمه‌ی تێدابێت، به‌ڵام تێچووه‌كانی زۆره‌، ئۆتۆمبێله‌كه‌ش تاكه‌ بژارده‌یه‌ له‌به‌رده‌ستماندا، له‌كاتێكدا قوتابخانه‌كه‌ به‌هۆی‌ زۆری‌ خه‌ڵكی ئاواره‌وه‌ قه‌ره‌باڵغه‌".

له‌ ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌ی ڕابردوودا زۆرێك له‌ قوتابخانه‌كانی ناوچه‌ جیاوازه‌كانی كه‌رتی غه‌ززه‌ شایه‌تحاڵی رێوڕه‌سمی هاوسه‌رگیری ئاواره‌ فه‌له‌ستینییه‌كان بوون، چونكه‌ به‌رده‌وامبوونی شه‌ڕ بۆ ماوه‌یه‌كی دوور و درێژ ناچاری كردن په‌نا بۆ ئه‌م هه‌نگاوه‌ ببه‌ن.

له‌ 7ی ئۆكتۆبه‌ری‌ 2023دا، چه‌كدارانی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ حه‌ماسی‌ فه‌له‌ستینی‌ هێرشێكی غافڵگیر و بێ وێنه‌یان كرده‌ سه‌ر ئیسرائیل و 1160 هاوڵاتیان كوشت كه‌ به‌شی هه‌ره‌ زۆریان مه‌ده‌نی بوون، ئه‌مه‌ به‌ گوێره‌ی ئاماری ئاژانسی فرانس پرێس كه‌ پشتی به‌ ئاماره‌ فه‌رمییه‌كانی ئیسرائیل به‌ستووه‌.

له‌ وه‌ڵامی ئه‌و هێرشه‌دا، ئیسرائیل ده‌ستیكرد به‌ بۆردومانكردنی كه‌رتی غه‌ززه‌ و هێرشی زه‌مینی بۆ سه‌ر غه‌ززه‌ ئه‌نجامدا و گه‌مارۆیه‌كی تووندی خستووه‌ته‌سه‌ر. به‌ گوێره‌ی دواین ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له‌ غه‌ززه‌، تا ئێستا زیاتر له‌ 29 هه‌زار فه‌له‌ستینی كوژراون و نزیكه‌ی 70 هه‌زار كه‌سی تر برینداربوون كه‌ به‌شی هه‌ره‌ زۆریان خه‌ڵكی مه‌ده‌نین.


بۆ بینینی‌ ڤیدیۆ كلیك لێره‌ بكه‌:


PM:08:28:25/02/2024


ئه‌م بابه‌ته 1492 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو