حه‌ماس بیر له‌ جێگره‌وه‌ی سنوار ده‌كاته‌وه‌ و ئه‌مه‌ش ناوه‌كه‌یه‌تی

‌یه‌حیا سنوار

وێستگه‌نیوز-
ده‌سته‌ی په‌خشی ئیسرائیل، له‌ زاری سه‌رچاوه‌كانی كه‌رتی غه‌ززه‌وه‌، بڵاویكرده‌وه‌ حه‌ماس ده‌ستیكردووه‌ به‌ بیركردنه‌وه‌ له‌ دانانی جێگره‌وه‌ی سنوار، له‌ حاڵه‌تی كوشتنی‌. ئه‌و كه‌سه‌ش كه‌ ناوی وه‌ك جێگره‌وه‌ی سنوار، ئاماژه‌ی بۆ ده‌كرێت، بریتییه‌ له‌ ره‌وحی موشته‌ها.


ره‌وحی موشته‌ها كێیه‌؟
* ره‌وحی موشته‌ها ئه‌ندامی مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسه‌ له‌ كه‌رتی غه‌ززه‌ و نزیكترین كه‌سه‌ له‌ یه‌حیا سنواره‌وه‌.

*پێكه‌وه‌ له‌ هه‌مان زیندان بوون، هه‌ردووكیان له‌ ئاڵوگۆڕكردنی سه‌ربازه‌ ئیسرائیلییه‌كه‌ جلعاد شالیت، له‌ زیندان ئازادكران.

*له‌و كاته‌وه‌ موشته‌ها بووه‌ته‌ ده‌سته‌ راستی سنوار و نوێنه‌ری سنوار بۆ ئه‌ركه‌ تایبه‌ته‌كان.

*له‌وانه‌یه‌ موشته‌ها له‌م ماوه‌یه‌ی دوایدا، په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس، له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات هه‌بووبێت.

به‌ گوێره‌ی ده‌سته‌ی په‌خشی ئیسرائیل، له‌ ناوه‌وه‌ی ئیسرائیل ده‌نگۆی ئه‌وه‌ بڵاوببووه‌وه‌ كه‌ ره‌وحی موشته‌ها، له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د غه‌ندور فه‌رمانده‌ی فیرقه‌ی باكووری كه‌رتی غه‌ززه‌ و پردی په‌یوه‌ندی نێوان باڵی سه‌ربازی و سه‌ركردایه‌تی سیاسی بزووتنه‌وه‌كه‌، پێكه‌وه‌ كوژرابن.

به‌ڵام دواتر ده‌ركه‌وت موشته‌ها له‌و كاته‌دا، له‌ گه‌ڕه‌كی ئه‌لریمال، خۆی شاردبووه‌وه‌ و هیچی لێنه‌هاتبوو. له‌و كاته‌وه‌ جموجوڵه‌كانی زۆر كه‌م كردووه‌ته‌وه‌، به‌ ئاشكرا نه‌بینراوه‌ و كه‌س گوێی له‌ ده‌نگی نه‌بووه‌، یان هیچ شتێك له‌ زاری ئه‌وه‌وه‌ بڵاونه‌بووه‌ته‌وه‌.


PM:07:42:22/02/2024




ئه‌م بابه‌ته 1704 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت