كۆچ به‌ره‌و باشوور دانیشتوانی ره‌فه‌ح رزگار ناكات
وێستگه نیوزـ
سه‌دان هه‌زار ئاواره‌ی فه‌له‌ستینی كه هاتوونه‌ته شاری ره‌فه‌ح له باشووری كه‌رتی غه‌ززه، هیچ شوێنێكی دیكه‌یان نییه بۆی بڕۆن، له ترسی ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه‌ی ئیسرائیل كه به‌م نزیكانه، ده‌كرێته سه‌ر ئه‌و شاره سنورییه زۆر قه‌ره‌باڵغه.
له شاری ره‌فه‌ح نزیكه‌ی ملیۆنێك و 400 هه‌زار فه‌له‌ستینی ده‌ژین، له‌و ژماره‌یه میلۆنێك و 200 هه‌زاریان ئاواره‌ن و له‌م چه‌ند مانگه‌ی دواییدا، له ترسی بۆردومانی ئیسرائیل، بۆ سه‌ر هه‌مو ناوچه‌كانی كه‌رتی غه‌ززه، رایانكردووه و له‌وێ گیرساوه‌نه‌ته‌وه. ئه‌وان له‌و بڕوایه‌دابوون له شاری ره‌فه‌ح، سه‌لامه‌ت ده‌بن، ئه‌مه دوای ئه‌وه‌ی ئیسرائیل به‌رده‌وام داوای لێ ده‌كردن شوێنه‌كانی خۆیان چۆڵ بكه‌ن و به‌ره‌و باشوور بڕۆن.
به‌ڵام له‌گه‌ڵ راگه‌یاندنی بنیامین ناتانیاهۆ، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل، به‌نیازن هێرش بكه‌نه سه‌ر ره‌فح، فه‌له‌ستینییه‌كانی ئه‌وێ له نیگه‌رانییه‌كی گه‌وره‌ی بێوێنه‌دا ده‌ژین و هه‌ست ده‌كه‌ن، چاره‌نووسێكی نادیار چاوه‌ڕێیان ده‌كات.
فه‌له‌ستینییه‌كان ترس و نیگه‌رانییه‌كانیان ئه‌و كاته زیاتر بوو كه به‌ره‌به‌یانی دوو شه‌ممه، 12 شوباتی 2024، ئیسرائیل له ئۆپه‌راسیۆنێكدا كه ژماره‌یه‌ك خانوو و مزگه‌وتی گرته‌وه، فراوانترین هێرشی له ره‌فه‌ح ئه‌نجامدا و تێیدا ده‌یان كه‌س كوژران و رایگه‌یاند دوو دیلی رزگار كردووه.
ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ی به‌ره‌به‌یانی دوو شه‌ممه، یاده‌وه‌رییه‌كانی یه‌كه‌م رۆژه‌كانی شه‌ڕه‌كه‌ی هێنایه‌وه بیری دانیشتوان- به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌یان له باكوری كه‌رتی غه‌ززه، ئاواره‌بوون و شه‌ڕه‌كه له ناوچه‌كانی ئه‌وانه‌وه ده‌ستی پێكرد- ئه‌مه‌ش ترس و نیگه‌رانییه‌كی قووڵی لا دروست كردوون.
ئۆپه‌راسیۆنه‌كه له كاتێكدایه كه ئیسرائیل، هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنێكی سه‌ربازی فراوان ده‌كات بۆ سه‌ر شاره‌كه. ئه‌گه‌رچی هۆشدارییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان باس له ئه‌گه‌ری روودانی (گۆمی خوێن) ده‌كه‌ن.
ئه‌یمه‌ن ده‌حلان، دانیشتووی كه‌مپی (الشاگئ) له خۆرئاوای شاری غه‌ززه، ماوه‌ی سێ مانگ و نیوه ئاواره‌ی ره‌فه‌ح بووه، ده‌ڵێت بریاریداوه له شاره‌كه‌ی خۆی بێته‌ده‌ره‌وه و بڕوات بۆ دێر ئه‌لبلح و به رۆژنامه‌ی "الشرق الاوسگ"ی راگه‌یاندووه: "نازانم سه‌ركه‌وتوو ده‌بم یان نا. خێمه‌كه‌ی ئێره به‌جێده‌هێڵم كه به 2300 شیقل به‌كرێم گرتووه- نزیكه‌ی 630 دۆلار- ده‌ڕۆم به دوای په‌ناگایه‌كی دیكه و خێمه‌یه‌كی دیكه‌دا ده‌گه‌ڕێم، یان له‌وانه‌یه له كاتی گه‌ڕان و هه‌وڵه‌كانم بكوژرێم. هیچ بژارده‌یه‌كی دیكه‌م بۆ نه‌ماوه‌ته‌وه".
ده‌حلان خۆی و خێزانه‌كه‌ی كه پێكهاتووه له 9 كه‌س، له‌وانه 6 كه‌سیان منداڵن، ئه‌و ژماره زۆره‌ی ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی، وایكردووه بژارده‌كان زۆر قورس و ئاڵۆزبێت. ئه‌و زۆر به تووڕه‌یی و نائومێدییه‌وه، باس له‌وه ده‌كات: "له سه‌ره‌تای شه‌ڕه‌كه‌دا، سوپای ئیسرائیل داوای لێكردین، ماڵ و حاڵمان له كه‌مپی الشاگئ به‌جێبێڵین و بڕۆین بۆ خان یونس، ئێمه ئه‌وه‌مان كرد. پاشان داوای لێكردین بڕۆین بۆ ره‌فه‌ح، كه‌چی ئێستا له ره‌فه‌ح وازمان لێناهێنێت و هیچ شوێنێكی سه‌لامه‌ت نییه بۆی بڕۆین. ته‌نانه‌ت دێر ئه‌لبلح كه بڕیارمدابوو خێزانه‌كه‌م بۆ ئه‌وێ بگوێزمه‌وه، بۆردومان ده‌كرێت، كه‌واته بۆ كوێ بڕۆین؟". ئه‌و ترسی ئه‌وه‌ی هه‌یه- وه‌ك چۆن هه‌مو دانیشتوانی ره‌فه‌ح ئه‌و ترسه‌یان هه‌یه- ئیسرائیل ئۆپه‌راسیۆنه‌كه جێبه‌جێ بكات، بێ ئه‌وه‌ی پلانێكی راسته‌قینه‌ی بۆ گواستنه‌وه‌ی هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی داڕشتبێت.
خاتوو ئامال عه‌ویسه كه له‌سه‌ره‌تای هێرشه زه‌مینییه‌كه‌ی مانگی تشرینی یه‌كه‌می رابردووه‌وه، له كه‌می جه‌بالیا له باكوری كه‌رتی غه‌ززه، ئاواره بووه، باس له‌وه ده‌كات خه‌ڵكێكی زۆر له كاتی گواستنه‌وه‌یان به‌و رێڕه‌وانه‌ی گوایه سه‌لامه‌تن، كه‌چی له‌ناو ئه‌و رێڕه‌وانه‌دا كوژران.
ئه‌و خانمه ئێستا نازانێ چی بكات، ئه‌مه دوای شه‌وێك، تێیدا هه‌وڵی ده‌دا سێ منداڵه‌كه‌ی هێور بكاته‌وه كه به هۆی بۆردومانی تووندی چه‌ند كاتژمێریی بێڕاوه‌ستان، زه‌نده‌قیان چووبوو.
ئامال به رۆژنامه‌ی ناوبراوی راگه‌یاندووه: "له ناوچه‌ی ته‌ل سوڵتان، ئه‌و خێمه‌یه‌مان به‌جێهێشت كه له نزیك یه‌كێك له مزگه‌وته‌كان بوو. چونكه له‌وه ده‌ترساین مزگه‌وته‌كه بۆردومان بكات، ئاخر پێشتر شه‌ش مزگه‌وت بۆردومان كرابوون. نه لێره و نه له ناوچه‌كه، هیچ خزم و ناسیاوێكمی لێ نییه، تاكو په‌نای بۆ ببم و خۆم و منداڵه‌كانم بپارێزێت كه له رۆژی پێنجه‌می شه‌ڕه‌كه‌دا، به هۆی بۆردومانی جه‌بالیا، باوكیان له‌ده‌ستدا".
ئامال بیرله‌وه ده‌كاته‌وه له خێمه‌كه‌ی خۆیدا بمێنێته‌وه و به‌جێینه‌هێڵیت، به‌و هیوایه‌ی بگه‌نه ڕێكه‌وتن بۆ راگرتنی شه‌ڕه‌كه، یان ئه‌وه‌تا رو‌به‌ڕووی چاره‌نووسی خۆی ببێته‌وه و ده‌ڵێت: "ماندووبووین، بۆ كوێ بڕۆین، ته‌واو جێگایه‌ك نه‌ماوه بۆی بڕۆین".
ئاواره‌بوون له باكوره‌وه بۆ ناوه‌ڕاست و بۆ باشور
ئه‌و خه‌م و نائومێدییه‌ی په‌یامنیری رۆژنامه‌ی ناوبراو، له قسه و سیمای ئاواره‌كاندا هه‌ستی پێكردوو‌ه، لای فاتمه ئه‌لنه‌واجحه‌ی ته‌مه‌ن 74 ساڵیش هه‌ستی پێكردوو‌ه. ئه‌م ژنه به ده‌ست چه‌ندین نه‌خۆشییه‌وه ده‌ناڵێنێت، له كۆتایی مانگی تشرینی یه‌كه‌م، ماڵه‌كه‌ی خۆی له گه‌ڕه‌كی شێخ ره‌زوان به‌جێهێشتووه و رووی كردووه‌ته كه‌مپی ئه‌لنه‌سیرات له ناوه‌ڕاستی كه‌رتی غه‌ززه، پاشان رۆشتووه خان یونس، ئینجا بۆ ره‌فه‌ح.
ئه‌م خانمه به‌ساڵاچووه به شێوه‌زاره فه‌له‌ستینییه‌كه‌ی خۆی ده‌ڵێت: "ئه‌وه‌ی ده‌یبین، هه‌رگیز نه‌مان بینیوه، نه ئێمه و نه باووباپیرانمان له نسكۆی 48 نه‌یان بینیوه. هیچ نه‌ماوه‌ته‌وه ئه‌وه نه‌بێ بمانبه‌ن بۆسینا"، ئاله‌م كاته‌دا، زاهیری كوڕی، قسه‌كانی پێده‌بڕێت و ده‌ڵێت: "ناڕۆین، لێره ده‌مرین و ئیتر ته‌واو".
زاهیر پێداگری ده‌كات و ده‌ڵێت: "هیچمان ناوێت، ته‌نها ده‌مانه‌وێت بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ماڵه‌كه‌ی خۆمان له باكوری غه‌ززه، جگه له‌وه، هیچ شتێكی دیكه ناكه‌ین. خۆ ئه‌گه‌ر مه‌رگ هات، ده‌توانین چی بكه‌ین؟ ناتوانین خۆمان له ده‌ستی رزگار بكه‌ین.
هه‌مو جیهان هێرشی ئیسرائیل بۆ سه‌ر غه‌ززه ره‌تده‌كه‌نه‌وه، چونكه له‌وه ده‌ترسن، له‌گه‌ڵ بوونی ئه‌و ژماره زۆره‌ی دانیشتوان و ئاواره‌كان، كۆمه‌ڵكوژی رووبدات. به‌ڵام ئیسرائیل ده‌ڵێت بۆ له‌ناوبردنی كه‌تیبه‌كانی حه‌ماس له‌وێ، په‌لاماری شاره‌كه ده‌دات.
PM:11:32:12/02/2024
ئه‌م بابه‌ته 1104
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت