دادگایه‌كی‌ ئه‌وروپی‌ بڕیاری‌ دا ناردنی‌ پارچه‌ی فڕۆكه‌ی F-35 بۆ ئیسرائیل رابگیرێت


وێستگه‌نیوز-
دادگایه‌كی وڵاتی‌ هۆڵه‌ندا فه‌رمانی‌ به‌ حكومه‌تی‌ ئه‌و وڵاته‌ كرد كه‌ رێگری‌ له‌ ناردنی‌ پارچه‌ی فڕۆكه‌ی F-35 بۆ ئیسرائیل بكات.

دوای سكاڵایه‌كی یاسایی كه‌ له‌لایه‌ن گروپه‌كانی مافه‌كانی مرۆڤه‌وه‌ تۆماركرا و نیگه‌رانییه‌كانی سه‌باره‌ت به‌ هێرشه‌كانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه‌ خسته‌ڕوو، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 12ی‌ شوباتی‌ 2024، دادگایه‌كی پێداچوونه‌وه‌ له‌ هۆڵه‌ندا فه‌رمانی به‌ حكومه‌ت كرد هه‌نارده‌كردنی پارچه‌ی فڕۆكه‌ی جه‌نگی F-35 بۆ ئیسرائیل رابگرێت.

دادگاكه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌ كه‌ "ئاشكرایه‌ كه‌ مه‌ترسییه‌كی ڕوون هه‌یه‌ كه‌ره‌سته‌كانی فڕۆكه‌ی F-35ی له‌و كرده‌وانه‌دا به‌كاربهێندرێن كه‌ سه‌رپێچییه‌كی روونی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌".

دادگاكه‌ ده‌ڵێت: "پێویسته‌ ده‌وڵه‌ت له‌ ماوه‌ی 7 ڕۆژدا پابه‌ند بێت به‌ فه‌رمانه‌كه‌وه‌".

هاوكات دادگاكه‌ داواكارییه‌كی ره‌تكرده‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن پارێزه‌ری حكومه‌ته‌وه‌ پێشكه‌شكرابوو بۆ تانه‌دان له‌به‌رده‌م دادگای باڵا بۆ راگرتنی فه‌رمانه‌كه‌ تۆماركرابوو.

ئیسرائیل ڕه‌تیده‌كاته‌وه‌ تاوانی جه‌نگی له‌ غه‌ززه‌ ئه‌نجامدابێت، له‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ی كه‌ پاش هێرشه‌كه‌ی مانگی ده‌ی ساڵی ڕابردووی حه‌ماس بۆ سه‌ر ئیسرائیل ده‌ستیپێكرد، كه‌ به‌پێی ئاماره‌كانی ئیسرائیل هه‌زار و 200 كه‌س له‌و هێرشه‌دا كوژران.

به‌گوێره‌ی ئاماری وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی حه‌ماس له‌ غه‌ززه‌، له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ی ئیسرائیل بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و هێرشه‌، زیاتر له‌ 28 هه‌زار و 300 فه‌له‌ستینی له‌ غه‌ززه‌ كوژراون.


له‌ ئێستادا كۆگایه‌كی پارچه‌ی فڕۆكه‌ی F-35 ی ئه‌مریكی له‌ هۆڵه‌ندایه‌ و له‌وێوه‌ پارچه‌كان ڕه‌وانه‌ی چه‌ندین وڵات ده‌كرێن.


PM:04:46:12/02/2024


ئه‌م بابه‌ته 964 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت