ئه‌ردۆغان: له‌ كۆتاییدا ناتانیاهۆ وه‌ك تاوانباری جه‌نگ دادگایی ده‌كرێت

‌ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك كۆماری توركیا

وێستگه‌نیوز-
سه‌رۆكی‌ توركیا رایگه‌یاند كه‌ به‌هۆی هێرشی به‌رده‌وامی سوپای‌ وڵاته‌كه‌ی‌ بۆ سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه‌. سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل وه‌ك تاوانباری جه‌نگ دادگایی ده‌كرێت.


ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 4ی‌ كانوونی‌ یه‌كه‌می‌ 2023 ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك كۆماری توركیا له‌ وتارێكدا كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌یه‌كی ڕێكخراوی هاوكاری ئیسلامی له‌ ئیستانبوڵ پێشكه‌شی كرد، وتی:"غه‌ززه‌ خاكی فه‌له‌ستینه‌ و هه‌میشه‌ش سه‌ر به‌ فه‌ڵه‌ستینییه‌كان ده‌بێت".

وتیشی‌: "ئه‌و وڵاته‌ رۆژئاواییانه‌ی‌ پشتیوانی‌ ئیسرائیل ده‌كه‌ن، هاوكاری‌ بێ‌ مه‌رجی‌ پێشكه‌ش ده‌كه‌ن بۆ كوشتنی‌ منداڵان و له‌ تاوانه‌كانه‌وه‌ تێوه‌گلاون".

جه‌ختیشی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ "بنیامین ناتانیاهۆ تاوانباری جه‌نگه‌ و له‌ كۆتاییدا به‌هۆی هێرشه‌ به‌رده‌وامه‌كانی ئیسرائیل بۆسه‌ر غه‌ززه‌ وه‌كو تاوانبارێك دادگایی ده‌كرێت وه‌ك چۆن سلۆبۆدان میلۆسۆڤیچ سه‌رۆكی‌ پێشووتری‌ یوگسلافیا دادگایی كرا".

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ "ئه‌وانه‌ی هه‌وڵ ده‌ده‌ن به‌ پاساوی حه‌ماس چاوپۆشی له‌ كوشتنی ئه‌و هه‌موو كه‌سه‌ بێتاوانه‌ بكه‌ن، هیچیان نه‌ماوه‌ به‌ مرۆڤایه‌تی بڵێن”، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك به‌ وڵاتانی‌ زلهێزی ڕۆژئاوا كه‌ به‌ "كوێر و كه‌ڕ” وه‌سفی كردن.

به‌ پێچه‌وانه‌ی زۆربه‌ی هاوپه‌یمانه‌كانی ڕۆژئاوا له‌ ناوچه‌كه‌ و به‌شێك له‌ ده‌وڵه‌تانی كه‌نداو، توركیا كه‌ ئه‌ندامی ناتۆیه‌، بزووتنه‌وه‌ی‌ حه‌ماس به‌ گروپێكی تیرۆریستی نازانێت و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامان و سه‌ركرده‌كانی‌ له‌و وڵاته‌دا ده‌ژین و چالاكی‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن.


PM:04:43:04/12/2023


ئه‌م بابه‌ته 1404 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت