شاندی ئێران ناڕه‌زایی به‌رامبه‌ر به‌شداریی ئیسرائیل له‌ لوتكه‌ی COP28 ده‌ربڕی‌ و كشایه‌وه‌

‌وێنەیەکی گروپی بیست و هەشتەمین کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان (COP28) لە دوبەی

وێستگه‌نیوز-
شاندی ئێرانی ناره‌زایی ده‌ربڕی به‌رامبه‌ر به‌ به‌شداریی ئیسرائیل له‌ لوتكه‌ی جيهانى كه‌ش وهه‌وا COP28 له‌ وڵاتی‌ ئیمارات و له‌ لوتكه‌كه‌ كشایه‌وه‌.


به‌گوێره‌ی میدیا فه‌رمییه‌كانی ئێران، شاندی ئێران له‌ لوتكه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ كه‌ش و هه‌وا (كوب 28) كه‌ له‌ ئێستادا له‌ دوبه‌ی به‌ڕێوه‌ده‌چێت، كشاوه‌ته‌وه‌. هۆكاری كشانه‌وه‌كه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ به‌شداری و ئاماده‌بوونی نوێنه‌رانی ئیسرائیله‌وه‌ هه‌یه‌.

له‌م هه‌فته‌یه‌دا، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران، له‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ هاوتا ئیماراتییه‌كه‌ی، ناڕازیبوونی خۆی له‌ به‌رامبه‌ر "ئاماده‌بوونی به‌رپرسانی رژێمی داگیركه‌ر" له‌ لوتكه‌ی (كوب 28) ده‌ربڕیوه‌ به‌هۆی‌  "تاوانی جینۆساید" كه‌ "رژێمی زایۆنی" له‌سه‌ر خاكی فه‌له‌ستین ئه‌نجامیده‌دات.

ئاژانسی فه‌رمی "ئیرنا"ی ئێرانی، له‌سه‌ر زاری ئه‌كبه‌ر محرابیان، وه‌زیری وزه‌ی ئێران رایگه‌یاندووه‌ كه‌ ئاماده‌بوونی ئیسرائیل له‌ لوتكه‌ی (كوب 28)، پێچه‌وانه‌ی ئامانجه‌كانی لوتكه‌كه‌یه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌، شاندی ئێرانی وه‌ك ناڕه‌زایه‌تییه‌ك، شوێنی لوتكه‌كه‌ی به‌جێهێشتووه‌.

ئه‌م هه‌نگاوه‌ی شاندی ئێرانی، دوای چه‌ند كاتژمێرێك هات له‌ كۆتاییهاتنی ئاگربه‌ستی حه‌وت رۆژه‌ی نێوان ئیسرئیل و حه‌ماس و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی شه‌ڕی نێوا هه‌ردوولا له‌ غه‌ززه‌.

به‌گوێره‌ی ئاژانستی "ئیرنا"ی ئێرانی، له‌ مانگی حوزه‌یرانی رابردوو، عه‌بدوڵلا بن زاید ئال نهیان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیمارات، له‌ میانه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ هاوتا ئێرانییه‌كه‌ی، بانگهێشتی ئیبراهیم ره‌ئیسی سه‌رۆكی ئێران كرد بۆ به‌شداری له‌ لوتكه‌كه‌دا. به‌ڵام سه‌رۆكی ئێران "به‌هۆی بانگهێشتكردنی به‌رپرسانی رژێمی زایۆنی" رازی نه‌بوو ئاماده‌ ببێت.

له‌ ئێستادا شانده‌كانی زیاد له‌ 200 وڵاتی به‌شداربوو له‌ لوتكه‌ی كه‌ش و هه‌وا COP28، روبه‌ڕووی فشارێكی زۆر بوونه‌ته‌وه‌، بۆ خێراتركردنی هه‌وڵه‌كانیان له‌ پێناو كه‌مكردنه‌وه‌ی گه‌رمبوونی كه‌ش و هه‌وای جیهان، به‌ڵام شه‌ڕی نێوان ئیسرائیل و حه‌ماس كه‌ پێی ناوه‌ته‌ هه‌فته‌ی هه‌شته‌مییه‌وه‌، باڵی كێشاوه‌ به‌سه‌ر دۆخی كۆنگره‌كه‌دا.


PM:09:16:03/12/2023


ئه‌م بابه‌ته 1628 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت