بۆچی له‌ غه‌ززه‌ كۆتایی به‌ ئاگربه‌ست هات؟

‌دیمەنێكی غەززە لە کاتی بۆردومان کردنیدا لەلایەن ئیسرائیلەوە

وێستگه‌نیوزـ

به‌ره‌به‌یانی رۆژی هه‌ینی رێكه‌وتی 1ی كانوونی یه‌كه‌می 2023، شه‌ری نێوان ئیسرائیل و حه‌ماس ده‌ستیپێكرده‌وه و كۆتایی به ئاگربه‌ستی حه‌وت رۆژه‌ی نێوان هه‌ردوولا هات. له‌و ئاگربه‌سته‌دا ژماره‌یه‌ك له‌ بارمته‌كان و دیله‌كانی هه‌ردوولا  ئازادكران و كۆمه‌ڵێك یارمه‌تی و هاریكاریی مرۆیی به‌ په‌له‌ و پێویست، گه‌یه‌نرانه‌ ناوه‌وه‌ی كه‌رتی غه‌ززه‌.

له‌ خواره‌وه‌ وه‌ڵامی هه‌ندێك له‌و پرسیارانه‌ ده‌ده‌ینه‌وه‌ كه‌ ده‌كرێت سه‌باره‌ت به‌ پێشهاته‌كانی ئه‌م دواییانه‌ بخرێنه‌ڕوو:
بۆچی كۆتایی به‌ ئاگربه‌ست هات؟

كاتژمێرێك به‌ر له‌ كۆتایی هاتنی واده‌ی ئاگربه‌سته‌ كاتییه‌كه؛‌ كه‌ بڕیاربوو له‌ كاتژمێر 7ی به‌یانی رۆژی هه‌ینی كۆتایی پێبێت، هێزه‌كانی ئیسرائیل رایانگه‌یاند: له‌ ئۆردوگانشینه‌كانی ئیسرائیل كه‌ هاوسنوورن له‌گه‌ڵ كه‌رتی غه‌ززه‌، زه‌نگی ئاگاداركردنه‌وه‌ لێدراوه‌، پاشان رایانگه‌یاند سوپای ئیسرائیل موشه‌كێكیان له‌ ئاسمان ته‌قاندووه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ كه‌رتی غه‌ززه‌وه،‌ ئاراسته‌ی ئۆردوگانشینه‌كان كرابوو.

دوای ئه‌وه‌ به‌ یه‌ك كاتژمێر، سوپای ئیسرائیل رایگه‌یاند شه‌ڕ ده‌ستی پێكردووه‌ته‌وه‌ و حه‌ماسی تۆماتبار كرد به‌وه‌ی مه‌رجه‌كانی رێكه‌وتنه‌كه‌ی پێشێل كردووه‌.

دوای ماوه‌یه‌كی كورت، بنیامین ناتانیاهۆ، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل وتی: "حه‌ماس به‌ڵێنه‌كانی خۆی بۆ ئازادكردنی سه‌رجه‌م ژنه‌ ده‌ستگیركراوه‌كان جێبه‌جێ نه‌كردووه‌ كه‌ بریاربوو ئه‌مڕۆ-هه‌ینی- ئازادبكرێن و موشه‌كیان ئاراسته‌ی هاووڵاتیانی ئیسرائیلی كردووه‌".

به‌ڵام بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس لای خۆیه‌وه‌، ده‌ستپیكردنه‌وه‌ی شه‌ڕه‌كه‌ی خسته‌ ئه‌ستۆی ئیسرائیل و وتی: "ئیسرائیل رازی نه‌بووه‌ به‌ هه‌موو ئه‌و پێشنیارانه‌ی بۆ ئازادكردنی بارمته‌كانی دیكه‌ خرابوونه‌ڕوو".

حه‌ماس له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند: "داگیركه‌ر بڕیاری پێشوه‌خته‌ی دابوو كه‌ هێرشه‌ دڕندانه‌كه‌ی ده‌ستپیبكاته‌وه‌". 

له‌ به‌یاننامه‌كه‌ی حه‌ماس دا هاتووه‌: "ئۆباڵی به‌رده‌وامی تاوانه‌كانی جه‌نگی زایۆنیزمه‌كان له‌ كه‌رتی غه‌ززه و هه‌ڵكردنی گلۆپی سه‌وز بۆ ئیسرائیل" ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی جۆ بایدن سه‌رۆكی ئه‌مریكا.

له‌ ماوه‌ی ئاگربه‌سته‌ كاتییه‌كه‌ كه‌ هه‌فته‌یه‌كی خایاند، ناتانیاهۆ بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی شه‌ڕه‌كه‌ و هێرشبردنه‌ سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه‌، رووبه‌ڕووی فشارێكی زۆر بوه‌وه‌، به‌تایبه‌ت له‌ لایه‌ن ئه‌ندامه‌ راستڕه‌وه‌كانی ناو حكومه‌ته‌كه‌ی. ئه‌مه‌ مه‌سه‌له‌یه‌ك بوو ئیسرائیل به‌ به‌رده‌وام ئاماژه‌ی پێده‌دا كه‌ له‌گه‌ل ته‌واوبوونی كاتی ئاگربه‌سته‌كه‌، ده‌ست به‌ هێرشه‌كانی ده‌كاته‌وه‌.

به‌ڵام له‌گه‌ل هه‌موو ئه‌وانه‌شدا، هێشتا ئومێدی ئه‌وه‌ ماوه‌ بگه‌نه‌ رێكه‌وتنێكی دی، له‌م باره‌یه‌وه‌ رۆژی هه‌ینی، قه‌ته‌ر رایگه‌یاند دانوستانه‌كان بۆ راگرتنی شه‌ڕه‌كه‌ به‌رده‌وامی هه‌یه‌. ئاشكرایه‌ دۆحه‌ رۆڵێكی گرنگی بینی له‌ دانووستانی تایبه‌ت به‌ ئاگربه‌سته‌كه‌.

بارودۆخی غه‌ززه‌ چۆنه‌؟
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی فه‌له‌ستینی رایگه‌یاند ته‌نها له‌ ماوه‌ی حه‌وت كاتژمێری ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی شه‌ڕه‌كه‌دا، زیاد له‌ 60 كه‌س كوژراون. ئه‌م ژماره‌یه‌ ده‌چێته‌ سه‌ر كۆی ئه‌و ژماره‌یه‌ی كه‌ پێش ئاگربه‌سته‌كه‌ كوژرابوون و زیاد له‌ 15 هه‌زار كه‌سه‌.

جێمس ئه‌لدڕ به‌رپرسی رێكخراوی یونسێف كه‌ رێكخراوێكی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌ و بایه‌خ به‌ منداڵ ده‌دات، دوای بۆردومانه‌كه‌ و له‌ یه‌كێك له‌ نه‌خۆشخانه‌كانی باشووری غه‌ززه‌، له‌ لێدوانێكیدا بۆ كه‌ناڵی بی بی سی، باس له‌ بارودۆخی نه‌خۆشخانه‌كه‌ ده‌كات و به‌ "ترسناك" وه‌سفی ده‌كات و ده‌ڵێت هه‌لومه‌رجه‌كه‌ بۆ "خه‌ڵك زۆر ترسناكه‌" و تۆ به‌ چاوی خۆت: "ترس له‌ رووخساریان ده‌بینیت" و ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات بۆردومانه‌ ئاسمانییه‌كه‌ شوێنێكی كردووه‌ته‌ ئامانج نزیك بووه‌ له‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌ی ئه‌وی تیادابووه‌.

هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌ كۆتایی هاتنی ئاگربه‌سته‌ كاتییه‌كه‌ ده‌ڵێت: "ئه‌و دێوه‌زمه‌یه‌یه‌‌ كه‌ هه‌موان لێی ده‌ترسن".

روون و ئاشكرایه‌ كه‌رتی غه‌ززه‌، پێش ئاگربه‌سته‌ حه‌وت رۆژییه‌كه‌، به‌هۆی هێرشی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی ئیسرائیل، وه‌ك وه‌ڵامێك بۆ هێرشه‌كه‌ی حه‌ماس له‌ حه‌وتی تشرینی یه‌كه‌م، رووبه‌ڕووی وێرانبوونێكی به‌ر فراوان ببوه‌وه‌.

ئیسرائیل باس له‌وه‌ ده‌كات له‌و هێرشه‌یدا بۆ سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه‌، زیاد له‌ 10 هه‌زار بۆمب و موشه‌كی به‌كارهێناوه‌. به‌شی شیكاریی له‌ كه‌ناڵی بی بی سی، گه‌شتوون به‌و ئه‌نجامه‌ی نزیكه‌ی 98 هه‌زار خانووبه‌ره‌ له‌ كه‌رتی غه‌ززه‌، وێران بوون كه‌ به‌شی هه‌ره‌ زۆریان ده‌كه‌ونه‌ ناوچه‌كانی باكوری غه‌ززه‌.

دواتر چی رووده‌دات؟
هه‌رچه‌نده‌ دانوستانه‌كان به‌رده‌وامه‌ و ئومێدی ئه‌وه‌ ده‌كرێت بگه‌نه‌ رێكه‌وتنێكی نوێ، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئێستا به‌ روونی دیاره‌ شه‌ڕ ده‌ستی پێكردووه‌ته‌وه‌. دوای چه‌ندین هه‌فته‌ له‌ شه‌ڕێكی توند و قورس له‌ باكوری كه‌رتی غه‌ززه‌- به‌تایبه‌ت له‌ ده‌وروبه‌ری شاری غه‌ززه‌- پێده‌چێت له‌ ئێستادا سوپای ئیسرائیل ته‌ركیزی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر باشور بێت و راپۆرته‌كانیش باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن بۆردومانه‌ ئاسمانییه‌كان، زیاتر بۆ سه‌ر ئه‌و ناوچه‌یه‌یه‌.

سوپای ئیسرائیل نه‌خشه‌یه‌كی بۆ كه‌رتی غه‌ززه‌ كێشاوه‌، تێیدا كۆی كه‌رته‌كه‌ی بۆ زیاد له‌ 2000 ناوچه‌ دابه‌شكردووه‌. سوپا به‌ وته‌ی خۆی ده‌ڵێت ئه‌و نه‌خشه‌یه،‌ بۆ ئه‌وه‌ به‌كارده‌هێنێت تاكو یارمه‌تی خه‌ڵكی غه‌ززه‌ بدات بڕۆن و له‌ ده‌ست شه‌ڕه‌كانی داهاتوو ‌رزگاریان ببێت.

سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته‌، فڕۆكه‌كانی ئیسرائیل، رۆژی هه‌ینی، ژماره‌یه‌كی زۆر بڵاوكراوه‌یان له‌ ئاسمانه‌وه‌ فڕێداوه‌ته‌ خواره‌وه‌ بۆ سه‌ر ناوچه‌كانی خۆرهه‌ڵات و باكوری شاری خان یونس كه‌ گه‌وره‌ترین شاره‌ له‌ باشوری كه‌رتی غه‌ززه‌ و بڵاوكراوه‌كان په‌یوه‌ستن‌ به‌ نه‌خشه‌كه‌وه‌.

بڵاوكراوه‌كان به‌ زمانی عیبری په‌یامێكی تیادا نووسراوه‌ و دانیشتوانی چوار ناوچه‌ كه‌ به‌ ناو ناوی هه‌ر چوار ناوچه‌كه‌ی هێناوه‌، ئاگادارده‌كاته‌وه‌ كه‌ پێویسته‌: "ده‌ستبه‌جێ شوێنه‌كانیان چۆڵ بكه‌ن و به‌ره‌و ره‌فه‌ح بكه‌ونه‌ڕێ".

ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێی شه‌ڕه‌كه‌، دوای ئه‌وه‌ دێت كه‌ ئه‌نتۆنی بلینكن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی ئیسرائیلی بینیوه‌ و له‌و چاوپێكه‌وتنه‌دا، داوایكردووه‌ له‌ قۆناغی داهاتووی شه‌ڕه‌كه‌دا، زه‌مانه‌تی پاراستینی هاووڵاتیانی مه‌ده‌نی بكه‌ن.

بلینكن ده‌ڵێت به‌ حكومه‌تی ئیسرائیلم راگه‌یاندووه‌، له‌سه‌ریه‌تی خۆی له‌ ئاواره‌كردنی به‌كۆمه‌ڵی فه‌له‌ستینییه‌كان و وێرانكردنی ژێرخانه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانی وه‌ك نه‌خۆشخانه‌كان و وێستگه‌كانی كاره‌با و ئاو بپارێزێت.

له‌ ماوه‌ی ئاگربه‌سته‌ كاتییه‌كه‌دا چی روویدا؟
له‌ ماوه‌ی حه‌وت رۆژی ئاگربه‌سته‌كه‌دا، حه‌ماس رازی بوو به‌ ئازادكردنی 110 كه‌س كه‌ له‌ غه‌ززه‌ ده‌ستبه‌سه‌ربوون، له‌وانه‌ 78 كه‌سیان ژن و منداڵی ئیسرائیلی بوون. له‌ هه‌مان ئه‌و چوارچێوه‌یه‌دا، ئیسرائیل 240 فه‌له‌ستینی ئازادكرد كه‌ له‌ زیندانه‌كانی ئیسرائیلدا بوون. ئه‌و زیندانیانه‌ هه‌ر یه‌كه‌یان به‌ تۆمه‌تی جیاواز جیاواز به‌ندكرابوون، له‌ به‌رد تێگرتنه‌وه‌ بۆ هاندان و هه‌وڵێ كوشتن.

به‌گوێره‌ی خه‌مڵاندنه‌كان، تا ئێستاش نزیكه‌ی 140 بارمه‌ته‌ی ئیسرائیلی له‌ غه‌ززه‌ ماونه‌ته‌وه‌ و ده‌ستبه‌سه‌رن.


PM:02:45:03/12/2023


ئه‌م بابه‌ته 4012 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت