ئیسرائیل فڕۆكه‌خانه‌ی دیمه‌شقی له‌كار خست


وێستگه‌نیوز-
سوپای ئیسرائیل به‌هێرشكردنه‌سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی دیمه‌شق و بۆردوومانكردنی‌ شوێنی نیشتنەوەی فڕۆکەكان، فڕۆكه‌خانه‌كه‌ی‌ له‌كارخست.


 ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، 26ی تشرینی دووه‌می 2023، رێكخراوی‌ روانگه‌ی سووری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی ئیسرائیل فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی دیمه‌شقیان بۆردوومانكرد و به‌هۆیه‌وه‌ فڕۆكه‌خانه‌كه‌ له‌كاركه‌وت.

روانگه‌ی سووری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هیچ ئاماژه‌یه‌كی به‌ زیانه‌كان نه‌داوه‌، وتی‌: "له‌ ئاڕاسته‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی سه‌ربازیی ئه‌لمه‌زه‌ ده‌نگی‌ ته‌قینه‌وه‌ بیستراوه‌".

سه‌رچاوه‌كانی ڕوانگه‌ی سوری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ جه‌ختیان له‌وه‌كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ هێزی‌ به‌رگری ئاسمانی سوریا وه‌ڵامی هێرشه‌كه‌ی‌ ئیسرائیلی نه‌داوه‌ته‌وه‌.

لای‌ خۆیه‌وه‌ ڕۆژنامه‌ی "ئه‌لوه‌ته‌ن"ی حكومه‌تی سوریا بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ "جارێكی‌ تر له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی دیمه‌شق بۆردوومان كرا".

رۆژنامه‌ حكومییه‌كه‌ی‌ سوریا ده‌ڵێت: "به‌وهۆیه‌وه‌ ئه‌و فڕۆكانه‌ی به‌ره‌و دیمه‌شق ده‌چوون، ئاڕاسته‌كانیان به‌ره‌و فڕۆكه‌خانه‌كانی حه‌له‌ب و لازقیه‌ گۆڕدرا".

له‌ 22ی تشرینی یه‌كه‌مدا فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی دیمه‌شق به‌هۆی‌ هێرشی‌ فڕۆكه‌ ئیسرائیلییه‌كانه‌وه‌ له‌كاركه‌وتبوو.


PM:08:55:26/11/2023


ئه‌م بابه‌ته 4836 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت