بایدن هۆشداری‌ ده‌داته‌ ئیسرائیل


وێستگه‌نیوز-
سه‌رۆكی‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی‌ ئه‌مریكا هۆشداری‌ ده‌داته‌ ئیسرائیل و رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ داگیركردنی غه‌ززه‌ هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌ ده‌بێت.


جۆ بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مریكا ئاشكرایكرد كه‌ به‌ ڕوونی به‌ بنیامین ناتانیاهۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیلی راگه‌یاندووه‌ كه‌ "چاره‌سه‌ری دوو ده‌وڵه‌تی تاكه‌ چاره‌سه‌ره‌ بۆ كێشه‌ی نێوان ئیسرائیل و فه‌له‌ستینییه‌كان و داگیركردنی غه‌ززه‌ هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌ ده‌بێت".

بایدن به‌ ڕۆژنامه‌نووسانی ڕاگه‌یاند، هه‌موو هه‌وڵێك ده‌دات بۆ ئازادكردنی بارمته‌كان له‌ غه‌ززه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ به‌ مانای ناردنی سوپای ئه‌مریكا نایه‌ت.

بایدن له‌م هه‌فته‌یه‌دا به‌ ڕۆژنامه‌نووسانی وت: "په‌یامم بۆ بارمته‌كان ئه‌وه‌یه‌ چاوه‌ڕێ بن، ئێمه‌ دێین"، ئه‌مه‌ش پرسیاری زۆری به‌ دوای خۆیدا هێنا سه‌باره‌ت به‌وه‌ی مه‌به‌ستی چییه‌.

له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكدا بایدن له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕوونیكرده‌وه‌ و وتی: "مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌م بۆ ئه‌وه‌ی ڕزگاریان بكه‌م، من باسی سه‌ربازیم نه‌ده‌كردووه‌".

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ كاركردن له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ و تا ئه‌و كاته‌ی بارمته‌كان ئازاد ده‌كرێن ناوه‌ستێت كه‌ له‌نێویاندا منداڵێكی سێ ساڵانی ئه‌مریكی هه‌یه‌.

له‌ به‌ره‌به‌یانی رۆژی حه‌وتی تشرینی یه‌كه‌می‌ 2023دا، ئیسرائیل له‌ چوارچێوه‌ی ئۆپه‌راسیۆنی باهۆزی‌ ئه‌قسا كه‌ باڵی سه‌ربازی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسی فه‌له‌ستینی رایگه‌یاند، له‌ كه‌رتی غه‌ززه‌وه‌ تووشی هێرشێكی موشه‌كی بێ وێنه‌ بوو، دوای ئه‌وه‌ چه‌كداره‌كانی ئه‌و رێكخراوه‌، چوونه‌ ناو ناوچه‌ سنوورییه‌كان له‌ باشووری ئیسرائیل و زیاد له‌ هه‌زار كه‌سیان كوشت و سه‌دان كه‌سیان به‌ بارمته‌ گرت.

له‌ وه‌ڵامی ئه‌وه‌دا، سوپای ئیسرائیل ئۆپه‌راسیۆنی "شمشێری ئاسنین"ی دژ به‌ حه‌ماس له‌ كه‌رتی غه‌ززه‌ راگه‌یاند و ده‌ستیكرد به‌ هێرشی ئاسمانی بۆ سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه‌، ئه‌مه‌ش‌ بووه‌ هۆی كوشتنی هه‌زاران كه‌س مه‌ده‌نی و وێرانكردنێكی گه‌وره‌ و به‌رفراوانی باڵه‌خانه‌ و ژێرخانی لێكه‌وته‌وه‌. هه‌روه‌ها ئیسرائیل گه‌مارۆیه‌كی ته‌واوه‌تی به‌سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه‌دا سه‌پاند و ئاو و كاره‌با و خۆراك و سووته‌مه‌نی لێ قه‌ده‌غه‌كرد و هێزی‌ سوپای‌ ناردووه‌ته‌ناو كه‌رتی‌ غه‌ززه‌وه‌ ئه‌مه‌ش قه‌یرانێكی‌ گه‌وره‌یی مرۆیی دروست كردووه‌.


PM:10:46:16/11/2023


ئه‌م بابه‌ته 3432 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت