سعودیە و ئیسرائیل و ئەمریکا و ئێران بەرەو ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان
وێستگەنیوز-ئاژانسەکان
بەپێی هەواڵ و بەدواداچوونەکانی هەردوو پێگەی (Al-monitor ) و (The times of Israel)، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زۆر بە چڕیی کار دەکات بۆ ئەوەی عەرەبستانی سعودیی ببێتە یەکێک لە وڵاتانی ئاساییکەرەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل و بشچێتە ناو ئەو ڕێککەوتننامەیەی ئاشتییەوە کە بە (ئەبراهام) ناسراوە، هەروەها بڵاویان کردەوە کە لە ئاییندەیەکی نزیکدا وەفدێکی ئەمریکا و ئێران ڕاستەوخۆ و بێ نێوەندگیریی کۆدەبنەوە.
بەپێی زانیاریی مێدیا و ئاژانسە جیهانییەکان بێت هەوڵە چڕەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ بەشدارییپێکردنی سعودیە لە ڕێکەوتننامەی ئاشتیی (ئەبراهام)ـی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی ئیسلامی، هەنگاوی باشی بڕیوە و پێ دەچێت بەو زووانە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
پێشتریش محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی شانشینی عەرەبستانی سعودی، ڕایگەیاندبوو کە زۆر نزیکە تەواوی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکەنەوە، هەفتەی پێشووش لە شاری نیویۆرک، دوای بەشدارییکردنی لە کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان؛ شازاده سعودییەکە بە کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکیی وت: "ڕۆژ لهدوای ڕۆژ لەو ڕێکەوتنە نزیک دەبینەوە کە بڕیارە لەگەڵ ئیسرائیل بیکەین".
هەر لەو میانەیە و لەم هەفتەیەدا بۆ یەکەمجار هایم کاتز، وەزیری گەشتوگوزاری ئیسرائیلی سەردانی ڕیاز-ی پایتهختی سعودیهی کرد و جەختی لە پتەوکردنی پەیوەندیی گەشتوگوزاریی نێوان هەردوو وڵات کردەوە.
بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکیشدا وەفدێکی ئەمریکی بە سەرۆکایەتی برێت مەکگۆرک، لەگەڵ لایەنی ئێرانی کۆ ببێتەوە، ئاژانسەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە ئەمجارە ئەمریکییەکان لە سوڵتاننشینی عوممان، ڕاستەخۆ و بێ هیچ نێوەندگیرییەک لەگەڵ نوێنەرانی باڵای ئێرانیی دەربارەی پرسی ئەتۆم کۆدەبنەوە، ئەویش دوای ئەوەی ڕابەری کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕەزامەندیی دهربڕی بەو کۆبوونەوە ڕاستەوخۆیە، ئهوهش زانراوه كه عەلی باقری سەرۆکی وەفدی ئێرانییەکان دەبێت بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ برێت مەکگۆرک.
پسپۆڕان و چاودێرانی سیاسیی پێیان وایە، لە ئەگەری ئاساییبوونەوەی پەیوەندیی نێوان سعودییە و ئیسرائیل و ئەمریکا و ئێران، ناوچەکە گۆڕانێکی ڕیشەیی و گەورە بە خۆیەوە دەبینێت، کە هێشتا دیار نییە چۆن دەبێت و بە چ ئاقارێکدا دەڕوات.
PM:11:49:27/09/2023
ئهم بابهته 2208
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت