رۆژنامەی العرب: تورکیا ئامادەیە دەستبەرداری گروپە چەکدارەکانی نەیاری بەشار ئەسەد بێت


وێستگەنیوز-العرب

لە ڕاپۆرتێکی ئەمڕۆیدا ڕۆژنامەی (العرب) باس لە پێشهاتێکی نوێ دەکات لە دۆسێی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سوریا، دەربارەی پرسی کانتۆنەکانی کورد لە باکووری خۆرهەڵاتی سوریا و بە پشتبەستن بە چەند پێدراوێک گەیشتۆتە ئەو دەرەنجامەی تورکیا ئامادەیە گرێبەستێکی گۆڕینەوە لەگەڵ ڕژێمی بەشار ئەسەد ئەنجام بدات، ئەویش بە دەستبەرداربوون لە گرووپە چەکدارەکانی نەیاری بەشار ئەسەد کە تورکیا پاڵپشتییان دەکات، لە بەرانبەر هەماهەنگیی ڕژێمی سوریا بۆ لەناوبردنی دەسەڵاتی کورد لە ئیدارەی خۆسەریی ڕۆژئاڤا.

ڕۆژنامەکە ئاماژە بەوە دەدات ئەو بایەخدانە سیاسیی و مێدیاییەی توورکەکان بە شەڕی نێوان هۆزە عەرەبییەکانی سەر بە دیمەشق و چەکدارانی سوریای دیموکرات لەو ناوچانەی دەیرەززوور کە هێزەکانی سوریای دیموکرات (قەسەدە) فەرمانڕەوایی دەکات؛ گوزارشت لە مەیلی توورکەکان دەکات بۆ ئەوەی لەگەڵ ڕژێمی بەشار ئەسەددا سەودا و مامەڵەیەکی ئاڵوگۆڕ ئەنجام بدەن.

بە بڕوای ڕۆژنامەکە، لە سەرەتای دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکانی دژی ڕژێمەکەوە لە ساڵی ٢٠١١، ئەمە یەکەم جارە تورکیا لەگەڵ ئەو ڕژێمەدا لە یەک پرسدا هاوڕا بن، ئەویش بە هۆی ئەوەی، دیمەشق پاڵپشتیی هۆزە عەرەبییەکانی ناوچەی دەیرەززوور دەکات لە شەڕیاندا دژی هێزە کوردییەکان کە ئەم هێزانە لە هەمانکاتدا دوژمنی لایەنی توورکییشن.

ڕۆژنامەکە نووسیویەتی: "لەوکاتەدا کە تورکیا هەوڵ دەدات لە هێز و دەسەڵاتی خۆسەرییەکەی کورد بدات و لاوازی بکات، سوریاش دەستی داوەتە هەمان کار و دەیەوێت لە ڕێی هۆزە عەرەبەکانی ناوچەی دەیرەززوور هەمان کار بکات ئەویش بۆ لێدان لە هێزە کوردییەکان و بەدەستهێنانەوەی ئەو ناوچانەی کە ئەو هێزانە دەستیان بەسەردا گرتووە و سامانێکی بەرچاوی نەوت و غازی سرووشتیی تێدایە و پشت بە پشتگیریی و کۆمەکی ئەمریکییەکان دەبەستن".

ڕۆژنامەکە ئاماژە بە لێدوانەکانی ڕەجەب تەیب ئاردۆگان، سەرۆک کۆمار و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە و ڕووماڵە مێدیاییەکانی ئاژانسی ئەنەدۆڵی توورکیی داوە کە هەموویان بریتیین لە پشتگیرییکردنی هۆزە عەرەبییەکان لە دژی هێزەکانی سوریای دیموکرات.

ڕۆژنامەکە پشتسبەست بە بۆچوونی چاودێرانی ڕەوشی سوریا، ئەو دەرەنجامەی گەڵاڵە کردووە کە تورکیا بەو لێدوان و پشتگیریی و ڕووماڵە مێدیاییە دەیەوێت هاوهەڵوێستیی لەگەڵ بەشار ئەسەد نیشان بدات لە دۆسێی دەیرەززووردا، بەو هیوایەی ئەمە ببێتە ڕێخۆشکردنێک بۆ ئەوەی لەگەڵ ڕژێمی سوورییدا بکەوێتە دانوستان لە کۆی دۆسێ ناکۆکییلەسەرەکانی نێوانیان، لەوانەش دیداری نێوان ئەردۆگان-ئەسەد، گەڕانەوەی ئاوارەکان و پاشەکشەی سوپای تورکیا لەسەر خاکی سوریا.

ڕۆژنامەکە ڕوونیشی کردۆتەوە کە لە بەرانبەر هێورکردنەوەی دۆخەکە لەگەڵ بەشار ئەسەد و گەڵاڵەکردنی دیدێکی هاوبەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێزە کوردییەکانی سوریا، بە دوور نازانرێت سەرۆکی تورکیا قوربانیی بە هێزە چەکدارە سوورییەکانی نەیاری بەشار ئەسەد بدات کە لایەنگریی تورکیان و لەلایەن ئەو وڵاتەوە پشتگیریی دەکرێن، ڕۆژنامەکە پێشی وایە تورکیا دەرگای کراوەیە بۆ ئەو ئاڵوگۆڕە سیاسییە، تورکیا دەستبەرداری هێزە سوورییەکان بێت لە بەرانبەر ئەوەی سوریا هەماهەنگیی لەگەڵدا بکات لە جەنگ دژی هێزە کوردییەکان.
(العرب) پێشی وایە تورکیا لە پرۆسەی دەستبەرداربوونی لەو هێزە سوریانەدا کە لایەنگری ئەون، دوو بژاردەی لەبەر دەستە، دەستبەرداری ئەو هێزانە ببێت لە چوارچێوەی ئاشتەواییەکی سوورییەکان خۆیاندا و بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکە، یاخود هەر دەستبەرداریان بێت بۆ ئەوەی ڕژێمی بەشار ئەسەد بە زەبری هێز پاکتاویان بکات.

ماوەی مانگێکە لە ناوچەی دەیرەززوور، کۆمەڵێک هۆزی عەرەبیی دەستیان داوەتە ناڕەزایی و ڕووبەڕووبوونەوەی دەسەڵاتدارە خۆجێیەکانی ناوچەکە کە لە لایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە بەڕێوە دەبرێت، ئەو هۆزانە ڕایانگەیاندووە ‌هێزەکانی سوریای دیموکرات پێڕەوی لە جیاکاریی نەتەوەیی دەکەن و ستەم لە دانیشتووە ڕەسەنەکانی ئەو ناوچەیە دەکەن و لە بواری ئابوورییشدا نادادیی و یەکسانییەکی زۆر هەیە، بەڵام هێزە کوردییەکە ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت بەشێک لە سەرانی ئەو هۆزە عەرەبییانە بە دنەی تورکیا و سوریا دەستیان داوەتە یاخییبوون.

دوا ڕووبەڕووبوونەوەی هۆزەکان لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات، ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو ڕووی دا، هەتا ڕۆژی سێشەممە درێژەی کێشا و بە تێکشکاندنی هۆزە عەرەبییەکان کۆتایی هات و هێزەکانیان هەتا ئەوبەری ڕووباری فوڕات پاشەکەشی پێ کران کە لەژێر دەسەڵاتی سوپای حکوومەتی سوریادایە.


PM:10:54:27/09/2023


ئه‌م بابه‌ته 1908 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت