وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی میسر نیقابی قه‌ده‌غه‌كرد.. وڵات توشی مشتومڕێكی زۆر بووه
وێستگه نیوزـ
بڕیارێكی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده له میسر، بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی نیقاب له نێو كچانی قوتابخانه‌كاندا، له چوارچێوه‌ی رێكخستنی جلوبه‌رگی قوتابیان له ماوه‌ی ئه‌م ساڵی خوێندن 2023-2024، مشتومڕێكی به‌رفراوانی له نێو چین و توێژه‌كانی میسردا هێناوه‌ته ئاراوه، به تایبه‌ت له نێو دایكان و باوكان و خوێندكاره كچه‌كاندا.
ئه‌م بڕیاره، له ماوه‌ی چه‌ند كاتژمێری رابردوودا، رووكاری پێشه‌وه‌ی مشتومڕه سیاسی و ئاینییه‌كانی گرته‌وه. هه‌روه‌ها هاشتاگی" # قەدەغەکردنی_نیقاب” له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی میسر، زۆرترین بڵاوبوونه‌وه‌ی به‌خۆیه‌وه‌بینی. كۆمێنت و تێچێنی به‌كارهێنه‌رانی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، بۆ دوو به‌ره دابه‌شبوون: به‌ره‌ی لایه‌نگرانی بڕیاره‌كه و به‌ره‌ی نه‌یارانی بڕیاره‌كه. به‌شی زۆریان، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی سه‌ر به ڕه‌وتی ئاینی كۆنه‌پارێز بوون، بڕیاره‌كه‌یان ڕه‌تكردووه‌ته‌وه. هه‌ندێكی دیكه پێیانوایه ئافره‌ت له قوتابخانه و شوێنه گشتییه‌كاندا، مافی خۆیه‌تی نیقاب بكات. هه‌رچی ئه‌وانه‌ی لایه‌نگری ڕه‌وتی لیبرالیزمن، له‌گه‌ڵ بڕیاره‌كه‌دان و داوا ده‌كه‌ن ئه‌م بڕیاره، له كه‌رته‌كانی دیكه‌شدا جێبه‌جێ بكرێت.
به گوێره‌ی ئه‌وه‌ی هه‌ردوو رۆژنامه‌ی "الاهرام" و "الاخبار" كه دوو ڕۆژنامه‌ی فه‌رمین، بڵاویانكردووه‌ته‌وه، د. ره‌زا حیجازی وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی میسر، رۆژی دوو شه‌ممه، بڕیاری جلوبه‌رگی یه‌ك پۆشی بڵاوكردووه‌ته‌وه، تێیدا هاتووه "سه‌باره‌ت به سه‌ر داپۆشینی كچان ئاره‌زوومه‌ندانه‌یه (ئیختیارییه)، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی سه‌ر داپۆشینهكه كه قوتابییه‌كه به ئاره‌زوومه‌ندانه هه‌ڵیبژاردووه، رووخسار و ده‌موچاوی دانه‌پۆشێت".
بریاره‌كه باس له‌وه‌ش ده‌كات "پێویسته به‌خێوكاری قوتابی، ئاگاداری بژارده‌ی كچه‌كه‌ی بێت، ئه‌وه‌ی كچه‌كه‌ی هه‌ڵیبژاردووه ده‌بێت به پێی ویست و حه‌زی كچه‌كه خۆی بێت، نه‌ك ئه‌وه‌ی له ڕێگه‌ی فشاره‌وه بێت یان كه‌سێك یا لایه‌نێك ناچاری كردبێت ئه‌و كاره بكات. بۆ ئه‌وه‌ش پێویسته قسه له‌گه‌ڵ به‌خێوكاری قوتابییهكهدا بكرێت و بزانرێت تا چه‌ند ئاگاداری ئه‌و بژارده‌یه‌ی كچه‌كه‌یه‌تی".
ژماره‌یه‌ك له پیاوانی ئاینی و كه‌سایه‌تی گشتی، هاوڕابوون له‌گه‌ل بڕیاره‌كه. له‌وانه د. ئه‌حمه‌د كه‌ریمه مامۆستای فیقهی له زانكۆی ئه‌زهه‌ر، ئاوا وه‌سفی بڕیاره‌كه ده‌كات: "بڕیارێكی راست و دروسته"، ئه‌م مامۆستایه له لێدوانێكی ته‌له‌فزیۆنیدا، رایگه‌یاندووه ئه‌و پشتگیری بڕیاری قه‌ده‌غه‌كردنی نیقاب ده‌كات، چ له داموده‌زگاكانی خوێندنی گشتی یان له داموده‌زگاكانی سه‌ر به ئه‌زهه‌ر. هه‌روه‌ها جه‌ختی له‌وه كردووه‌ته‌وه، پێویسته ده‌وڵه‌ت له كۆی داموده‌زگاكاندا، نیقاب قه‌ده‌غه بكات. به‌ڵام له ده‌ره‌وه‌ی شوێنی كاركردن، ئه‌وه‌یان ئازادییه‌كی تاكه كه‌سییه یان ڕێگه‌پێدراوه.
به هه‌مان ئه‌و ئاراسته‌یه، سامح عه‌سكه‌ر كه نووسه‌رێكی لیبرالی و توێژه‌ره له مێژووی فه‌لسه‌فه، ده‌ڵێت: "بڕیاره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده، لایه‌نی ناسینی ناسنامه‌ی له‌به‌رچاو گرتووه، چونكه قوتابی بۆی نییه ناسنامه‌ی خۆی بشارێته‌وه. گه‌وره‌ترین كه‌موكوڕی نیقاب ئه‌وه‌یه به هه‌ڵپێچانی ڕووخسار، ناسنامه‌ی كه‌سه‌كه ده‌شارێته‌وه".
له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، سه‌باره‌ت به بڕیاری قه‌ده‌غه‌كردنی نیقاب، لیدوانێكی رۆژنامه‌نووسی میسری ئه‌حمه‌د مو‌سا، زۆر بڵاوكرایه‌وه كه ده‌ڵێت: "بڕیاره‌كه سه‌ره‌تایه‌كی گرنگه بۆ له‌ناوبردنی تۆوی توندڕه‌وی و ڕاستكردنه‌وه‌ی دۆخی كاره‌ساتباری خوێندن".
كاریگه‌ری بڕیاره‌كه ته‌نها په‌یوه‌ست نه‌بوو به میسرییه‌كانه‌وه، به‌ڵكو ده‌ره‌وه‌ی میسریشی گرته‌وه. ئه‌وه‌تا خانمی هونه‌رمه‌ند شهمس ئهلكویتییه، له تویتێكیدا له‌سه‌ر تۆری "ئێكس" تویته‌ری پێشوو، بڕیاره‌كه‌ی به ڕه‌هایی ڕه‌تكردووه‌ته‌وه و جه‌خت له‌وه ده‌كات هه‌مو كه‌س ئازاده له هه‌ڵبژاردنی ئه‌و جلوبه‌رگه‌ی بۆ خۆی به گونجاوی ده‌زانێت و ده‌ڵێت: "نیقاب ئازادییه‌كی تاكه كه‌سییه و پێویسته ڕێزی لێبگرین. وه‌ك چۆن ده‌مانه‌وێت له پۆشینی جلوبه‌رگدا، ئازادییه‌كی ته‌واومان هه‌بێت. به هه‌مان شێوه ده‌مانه‌وێت ئه‌وانی دیكه‌ش ئازادییه‌كی ته‌واویان هه‌بێت".
تۆڕی "ئێكس" له نێوان لایه‌نگرانی بریاره‌كه و نه‌یارانی بڕیاره‌كه، ژماره‌یه‌كی زۆر تویتی به‌خۆیه‌وه بینی. ئه‌كاونتێك به ناوی سۆفیا ده‌ڵێت: "پێویسته ڕێز له بڕیاره‌كه بگیرێت و گشتاندنی بۆ بكرێت و سه‌رجه‌م پیشه‌كانی دیكه‌ش بگرێته‌وه"، پاساوی بۆ ئه‌و وته‌یه‌ی ئه‌مه‌یه: " من مافی ئه‌وه‌م هه‌یه بزانم له‌گه‌ل كێ مامه‌ڵه ده‌كه‌م". ئه‌مه له كاتێكدایه به‌شی زۆری تویته‌كان كۆكن له‌سه‌ر "نه‌خێر بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی نیقاب"، پاساویان بۆ ئه‌و ڕه‌تكردنه‌وه‌یه‌ش ئه‌وه‌یه نیقاب پێش ئه‌وه‌ی ئازادییه‌كی تاكه كه‌سی بێت، ئاینداریی و پاكیزه‌ییه.
دكتۆر دالیا ئهلحزاوی، دامه‌زرێنه‌ری "ئه‌نجومه‌نی دایك و باوكانی میسر" و راوێژكاری ته‌ندروستی ده‌روونی، بڕیاره‌كه‌ی وه‌زیری په‌روه‌رده به "بوێرانه" وه‌سف ده‌كات و پێوایه چه‌ندین لایه‌نی ئه‌رێنی تێدایه. له‌وانه دڵنیابوون له ناسنامه‌ی قوتابییه كچه‌كه له‌ناو قوتابخانه. هه‌روه‌ها بڕیاره‌كه له پشتییه‌وه به‌ده‌ستهێنانی دیسپلینی په‌روه‌رده‌یی تێدایه، چ به پشتڕاستكردنه‌وه‌ی كاره‌كته‌ری قوتابییه‌كه، یان ڕێگه‌گرتن له گزی و قۆپییه و فێلكردن، ئه‌ویش به دانانی هێدفۆن له‌ژێر نیقابهكهدا.
ئه‌و دكتۆره له قسه‌كردنی بۆ رۆژنامه‌ی الشرق الاوسگ، ڕوونیكردووه‌ته‌وه پرۆسه‌ی خوێندن، پێویسته بێ به‌كارهێنانی ڕووپۆشی ده‌موچاو ئه‌نجامبدرێت، سا بۆ مامۆستابێت یان قوتابی كچ، چونكه ئه‌وه كاریگه‌ری له‌سه‌ر چالاكبوونی پرۆسه‌ی خوێندن و خێرا وه‌رگرتنی نێوان قوتابی و مامۆستا ده‌بێت.
ئه‌و پزیشكه، سه‌باره‌ت به‌و مشتومڕه‌ی بڕیاره‌كه له نێو دایكان و باوكان خستوویه‌تییه‌وه، ئاماژه به‌وه ده‌كات ئاگاداری كاردانه‌وه جیاوازه‌كانه، به تایبه‌ت له ناوچه گوندنشینه‌كان و گه‌ڕه‌كه میللیه‌كاندا. ئه‌و خانمه پزیشه پێوایه ده‌بێت ئه‌وانه‌ی ناڕازین، له ڕێگه‌ی بلاوكراوه و كۆڕ و سیمیناره‌وه، هۆشیار بكرێنه‌وه و هۆكاره‌كانی ده‌ركردنی بڕیاره‌كه‌یان بۆ شیبكرێته‌وه. بۆیان ڕوونبكرێته‌وه هه‌ڵسوكه‌وت و ڕه‌فتاری قوتابییه‌كان، په‌یوه‌ندی به نیقابه‌وه نییه، به‌ڵكو په‌یوه‌ندی به په‌روه‌رده و به‌خێوكردن له‌سه‌ر ئه‌خلاقی راست و دروسته‌وه‌یه.
دامه‌زرێنه‌ری ئه‌نجومه‌نی دایكان و باوكانی میسر، ئه‌و به‌شه‌ی بڕیاره‌كه‌ی به‌رز نرخاند كه پێویسته به‌خێوكاری كچه‌كه، ئاگاداری ئه‌وه بێت كچه‌كه‌ی نیقاب ده‌كات، بێ ئه‌وه‌ی له لایه‌ن هیچ كه‌سێك یان گروپیكهوه ناچار به‌و كاره كرابێت و ڕوونیكرده‌وه "چاوه‌ڕوانی ده‌ركردنی ئه‌م بڕیاره، زۆر درێژه‌ی كێشا". چونكه بڕیاره‌كه كار ده‌كات بۆ كۆتاییهێنان به پێداگریی سووربوونی هه‌ندێك له قوتابخانه‌كان، به‌وه‌ی حیجاب به‌سه‌ر قوتابییه كچه‌كاندا ده‌سه‌پێنن.
جێگای به بیرهێنانه‌وه‌یه پێشتر له میسر، سه‌باره‌ت به نیقاب، هه‌ندێك بڕیاری دیكه‌ی هاوشێوه‌ی ئه‌م بڕیاره ده‌رچووه. له‌وانه بڕیاری پێشووتری شێخی ئه‌زهه‌ر محه‌مه‌د سه‌ید ته‌نتاوی، به قه‌ده‌غه‌كردنی پۆشینی نیقاب له هه‌مو قوتابخانه‌كانی سه‌ر به ئه‌زهه‌ر، هه‌روه‌ها قه‌ده‌غه‌كردنی پۆشینی نیقاب له به‌شه ناوخۆییه‌كانی ئه‌و زانكۆیانه‌ی سه‌ر به ئه‌زهه‌ر بوون. شێخی ئه‌زهه‌ر هۆكاری ئه‌و قه‌ده‌غه‌كردنه‌ی گه‌ڕانده‌وه بۆ ئه‌وه‌ی نیقاب "دوور و نزیك په‌یوه‌ندی به ئاینی ئیسلامه‌وه نییه".
هه‌ر سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته، ساڵی 2015 زانكۆی قاهیره، بڕیارێكی ده‌ركرد، تێیدا قه‌ده‌غه‌ی كرد پزیشك و په‌رستاره‌كانی زانكۆ، به پۆشینی نیقابه‌وه، مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ نه‌خۆشه‌كاندا بكه‌ن. دواتر ئه‌م مه‌سه‌له‌كه گواسترایه‌وه بۆ گۆڕه‌پانی دادگاكان و له ساڵی 2020 له‌لایه‌ن دادگاوه بڕیاری كۆتایی له‌سه‌ردرا. له‌و ساڵه‌دا دادگای باڵای كارگێڕی له میسر، بڕیاری كۆتایی ده‌ركرد به‌وه‌ی مامۆستایانی ئافره‌ت له ستافی مامۆستایانی زانكۆی قاهیره، بۆیان نییه له زانكۆ نیقاب بكه‌ن.
به گوێره‌ی ئه‌و بڕیاره‌ی دادگا، زانكۆی عین الشمس، ساڵی 2020، ئه‌ویش بڕیاری دانانی نیقابی قه‌ده‌غه‌كرد. پێش ئه‌ویش و له ساڵی 2017، زانكۆی ئه‌مریكی له قاهیره، بڕیاری قه‌ده‌غه‌كردنی دانانی نیقابی له ناوه‌وه‌ی حه‌ره‌می زانكۆ قه‌ده‌غه‌كرد.
PM:04:21:13/09/2023
ئه‌م بابه‌ته 1792
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت