بە فەرمی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی تورکیا راگەیەندرا
وێستگەنیوز_
دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا بە فەرمی ژمارەی کورسیی پارتەکانی لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە راگەیاند.
دوای ئەوەی رۆژی 14ی ئایاری 2023 هەڵبژاردنی پەرلەمانیی تورکیا بەڕێوەچوو و ئەنجامی بەرایی راگەیەندرا، دوێنێ سێشەممە بە فەرمی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی راگەیاندرا.
ئەحمەد یەنەر، سەرۆکی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا رایگەیاند، "دوایین ئەنجامەکان بۆ بڵاوکردنەوە نێردراوەتە رۆژنامەی فەرمی. پارتی داد و گەشەپێدان-ئاکپارتی 268 کورسی، پارتی گەلی کۆماری-جەهەپە 169 کورسی، پارتی چەپی سەوز-یەسەپە 61 کورسی، پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی-مەهەپە 50 کورسی، ئیی پارتی 43 کورسی، سەرلەنوێ رەفاهـ 5 کورسی و پارتی کرێکاریی تورکیا-تیپ 4 کورسی."
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ناوخۆی تورکیا رێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردن 88.92٪ بووە و لە دەرەوە 53.8٪ بووە. بە گشتی رێژەی بەشداریکردن 87.05٪ بووە. پارتەکان بە شێوەی سێ هاوپەیمانی چوونە نێو پەرلەمان کە ئەوانیش (جمهوور، میللەت و رەنج و ئازادییەکان) بوون.
ئەوەشی خستەڕوو، هاوپەیمانیی جمهوور (ئاکپارتی، مەهەپە، یەنیدەن رەفاهـ و هوداپار) 49.4٪ی دەنگەکانی بردەوە. هەروەها هاوپەیمانیی میللەت (جەهەپە، ئیی پارتی، ئایندە، دیموکراسی و پێشکەوتن، سەعادەت و پارتی دیموکرات) 35٪ی دەنگەکانیان بردەوە. هەروەها هاوپەیمانیی رەنج و ئازادییەکان کە هەدەپە رابەرایەتیی دەکات، 10.5٪ی دەنگەکانی بردووەتەوە.
PM:12:57:31/05/2023
ئهم بابهته 1752
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت