ئه‌مریكا سه‌باره‌ت به‌ هێزه‌كانی‌ له‌ ناوچه‌ی‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بڕیاری نوێی‌ دا


وێستگه‌نیوز-
وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مریكا (پنتاگۆن) رایگه‌یاند كه‌ دوای‌ زنجیره‌ هێرشه‌كانی‌ سه‌ر بنكه‌كانی‌ ئه‌مریكا له‌ سوریا كه‌ له‌لایه‌ن گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی‌ سه‌ر به‌ ئێرانه‌وه‌ ئه‌نجام دراون، ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان هێزه‌كانی‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست به‌هێزتر ده‌كات.

ڤیل ڤێنتۆرا، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مریكا (پنتاگۆن) له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا وتی‌: " به‌هۆی ئه‌و هێرشانه‌ی‌ له‌ ماوه‌كانی‌ دواییدا كرانه‌سه‌ر هێزه‌كانمان له‌ سوریا، به‌ر له‌ واده‌ی خۆی ده‌ستده‌كه‌ین به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ پۆلێك له‌ فڕۆكه‌ هێرشبه‌ره‌كانی جۆری (A- 10) له‌و ناوچانه‌ی كه‌ بۆی دیاریكراوه‌".

وتیشی‌: "هاوكات كه‌شتی فڕۆكه‌ هه‌ڵگری جۆری جۆرج ئێچ ده‌بلیو بۆش و پاپۆره‌ جه‌نگییه‌كانی یاوه‌ری‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا ده‌هێڵینه‌وه‌ تا پاڵپشت و هاوكارییه‌كی به‌هێزی هێزه‌كانی فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندی‌ ئه‌مریكا بێت له‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاستدا".

وته‌بێژه‌كه‌ی‌ پنتاگۆن جه‌ختی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مریكا پابه‌ند ده‌بێت به‌ ئه‌ركی‌ له‌ ناوبردنی پاشماوه‌كانی رێكخراوی داعش شان به‌ شانی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان له‌ سوریادا و "بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی هه‌ر هێرشێك كه‌ پێوست بكات، ئاماده‌ین".

ڤیل ڤێنتۆرا راشیگه‌یاند كه‌ "هه‌موو ئه‌و رێكاره‌ سه‌ربازییانه‌ی كه‌ هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ ناوچه‌كه‌دا گرتوونیه‌ته‌به‌ر به‌هێزیی هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مریكا له‌ دووباره‌ خۆرێكخستنه‌وه‌ و بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ هێزه‌كان به‌ خێرایی له‌ سه‌رانسه‌ری‌ جیهاندا ده‌رده‌خات و هه‌موو رێوشوێنێكی‌ پێویست بۆ به‌رگریكردن له‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكا ده‌گرینه‌به‌ر".



AM:08:57:01/04/2023


ئه‌م بابه‌ته 10880 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت