راوێژکارێکی زەیدی: حکومەت پاشەکشێ ناکات لە کۆنترۆڵکردنی دەروازەکان و داخستنی دەروازە نافەرمییەکان

‌

وێستگەنیوز- نێچیر کەمال

راوێژکارێکی عەلی زەیدی دەڵێت، حکومەت بەردەوامە لە کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنوورییەکان، زیادکردنی داهاتەکان و سەپاندنی سەروەریی یاسا لە سەرجەم ناوچەکانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، هادی سەلامی، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دەروازە سنوورییەکان، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع)ی ڕاگەیاند، عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیران، هەوڵێکی زۆر بۆ جێبەجێکردنی یاسا و کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان دەدات و داخستنی ژمارەیەک دەروازەی نافەرمی لە چوارچێوەی ڕێکارەکانە بۆ سنووردارکردنی قاچاخچێتی.

ئاماژەی بەوە کرد، تێڕوانینی سەرۆکوەزیران پشت بە بڕگەکانی دەستوور و یاسا بەرکارەکان دەبەستێت و ئامانجی کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان، بەهێزکردنی داهاتەکان و جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدایە، جەختیشی کردەوە پێویستە لە سەرجەم ناوچەکانی عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، پەنا بۆ دەستوور و یاسا ببرێت.

وتیشی، بڕیارەکانی سەرۆکوەزیران سەبارەت بە دەروازە سنوورییەکان لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی دەستووردان و بڕیاری دادگای فیدراڵیش لەبارەی پابەندبوون بە چوارچێوە دەستووری و یاساییەکان بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندیی گشتی ڕوونە.

ڕوونی کردەوە، ئەسیکۆدا سیستەمێکی ئەلیکترۆنییە تایبەت بە خۆکارکردنی ڕێکارە گومرگییەکان و وەرچەرخانی دیجیتاڵی، کە یارمەتیدەرە لە ڕێکخستنی کار لە دەروازە سنوورییەکان، بەهێزکردنی شەفافییەت و پاراستنی سامانی گشتی، سەرەڕای ئاسانکاریکردن بۆ ڕێکارەکانی هاووڵاتییان و جووڵەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی.

لە کۆتاییشدا دووپاتی کردەوە، داخستنی دەروازە نافەرمییەکان و جێبەجێکردنی یاسا هەنگاوێکن بە ئاراستەی دروست و پێویستە هەمووان ملکەچی سەروەریی یاسا بن.


PM:05:28:29/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 464 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو