عەلی زەیدی سوورە لەسەر ناردنی سوپا بۆ سەر سنوور و دەروازەکان
وێستگەنیوز- فیردەوس دڵشاد
عەلی زەیدی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سێ فراکسیۆنە کوردستانییەکەدا رۆژی سێشەممەی وەک "دوایین دەرفەت" ناوبردووە بۆ گەیشتن بە ئەنجام، هاوکات بڕیارە پێش سێشەممە وتارێکی تەلەفزیۆنی ئاراستەی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکات.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بڵاوکراونەتەوە، عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی لەگەڵ فراکسیۆنەکانی یەکگرتوو، کۆمەڵ و هەڵوێست لە بەغدا، سوور بووە لەسەر ناردنی سوپا بۆ سەر سنوورەکان و بە تایبەتیش دەروازە سنوورییەکان، هەروەها دەیەوێت کامێرای گەرمیبین (حەراری) لەسەر تەواوی سنوورەکانی عێراق، بە سنوورەکانی هەرێمی کوردستانیشەوە، دابنێت.
سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختیشی کردووەتەوە کە رۆژی سێشەممە دوایین دەرفەتە بۆ گەیشتن بە ئەنجام.
ئاماژە بەوەش کراوە بڕیارە لە ماوەی ئەم دوو ڕۆژەدا و پێش کۆبوونەوەکەی رۆژی سێشەممە، سەرۆک وەزیرانی عێراق وتارێکی تەلەفزیۆنی پێشکەش بکات و رووی وتارەکەی لە هەرێمی کوردستان بێت بۆ ئەوەی بۆچوونی خۆی بۆ هاووڵاتییانی هەرێم روون بکاتەوە.
بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، لەو وتارەدا زەیدی باسی بڕیارەکان دەکات و دەیەوێت بە خەڵک بڵێت کە دژی کورد نییە و سوپا نانێرێتە نێو هەرێمی کوردستان، بەڵکو دەیەوێت سنوورەکانی عێراق بپارێزێت.
هاوکات جەخت لەوە دەکاتەوە کە لە باشوورەوە تا باکوور وەک یەک تەماشا دەکات و دەیەوێت قاچاخچێتی بنبڕ بکات، گەندەڵی نەهێڵێت و یەکپارچەیی خاکی عێراق بپارێزێت.
AM:09:53:29/11/2026
ئهم بابهته 396
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت