تەندروستی عێراق: ئەمساڵ لە عێراق 4,358 حاڵەتی تووشبوون بە هەوکردنی پەردەی مێشک تۆمارکراون

‌

وێستگەنیوز- بابان عومەر

وەزیری تەندروستیی عێراق ئاماری تووشبووانی نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشکی بۆ ئەمساڵ و ساڵانی رابردوو خستە روو و رایگەیاند، ئەمساڵ 4,358 حاڵەتی تووشبوون لە عێراقدا تۆمارکراون.


بە گوێرەی راگەیەندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ عەبدولحوسێن مووسەوی، وەزیری تەندروستی کۆبووەتەوە، بە مەبەستی ئاگاداربوون لە دوایین پێشهاتەکانی پەیوەست بە نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشک و ئەو رێکارانەی بۆ بەدواداچوونی حاڵەتەکان و بەهێزکردنی چاودێریی تەندروستی و خۆپارێزی گیراونەتە بەر.

لە میانەی کۆبوونەوەکەدا، عەبدولحوسێن مووسەوی ئاشکرای کردووە، لە ساڵی 2024دا 3,948 کەس لە عێراق تووشی ئەم نەخۆشییە بوون، ساڵی رابردووش ژمارەی تووشبووان 4,129 کەس بووە و ئەمساڵیش 4,358 حاڵەتی تووشبوون تۆمارکراون.

وەزیری تەندروستیی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، تا ئەم ساتە حاڵەتەکانی تووشبوون لە سەرجەم پارێزگاکاندا لە چوارچێوەی رێژە چاوەڕوانکراودایە، هاوکات لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا 15 حاڵەتی گیانلەدەستدان لە پارێزگای واست تۆمارکراون، جەختیشی کردووەتەوە کە وەزارەتەکەیان بە وردی و بە بەردەوامی بەدواداچوون بۆ دۆخەکە دەکات.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، بڕیارە سبەی کۆبوونەوەیەک بە بەشداریی هەردوو وەزیری تەندروستی و پەروەردە و لیژنەی باڵای تەندروستی بەڕێوە بچێت، بۆ تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکانی دۆخی نەخۆشییەکە و گفتوگۆکردن لەسەر رێکار و راسپاردە پێویستەکان بە ئامانجی بەهێزکردنی خۆپارێزی و سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی.

لەلایەکی دیکەوە، د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشک لە هەرێمی کوردستان وەک پەتا تەشەنەی نەکردووە، بەڵام بەهۆی تۆمارکردنی ژمارەیەکی زۆری تووشبووان لە هەندێک لە شارەکانی عێراق، دۆخەکەیان بە هەند وەرگرتووە و تیمەکانیان بەدواداچوون بۆ هۆکارەکانی دەکەن تاوەکو رێگری لە بڵاوبوونەوەی بکەن.


AM:08:34:29/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 452 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت