عەلی زەیدی و ماکرۆن پەیوەندی تەلەفونییان ئەنجامدا
وێستگەنیوز- بابان عومەر
ئەمڕۆ شەممە، عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا و تێیدا گفتوگۆیان لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و کاردانەوەکانیان لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی و نێودەوڵەتی کرد.
بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە پەیوەندییەکەدا هەردوولا پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و فەرەنسا و ئاسۆکانی فراوانکردنی هاوکاریی هاوبەشیان لە کەرتە جیاوازەکاندا، بەتایبەت لە بوارەکانی ئابووری، بازرگانی و وەبەرهێناندا خستووەتە بەر باس.
هاوکات عەلی زەیدی ئاماژەی بەوەداوە کە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا پابەندبوون و بەردەوامیی حکومەتی بۆ جێبەجێکردنی بەرنامە چاکسازییەکان دووپاتکردووەتەوە، کە لە پێشینەیاندا بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، رێگریکردن لە قاچاخچێتی و دەستەبەرکردنی قۆرخکاریی دەوڵەتە لەسەر چەک و بەکارهێنانی هێز.
سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی لەوەش کردووەتەوە کە حکومەت بەردەوام دەبێت لە چاکسازییە ئابوورییەکان بە ئامانجی بەهێزکردنی سەقامگیریی دارایی و ئابووری و رەخساندنی ژینگەیەکی سەرنجڕاکێش بۆ وەبەرهێنان.
لە بەرامبەردا، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ هەوڵەکانی حکومەتی عێراق و بەرنامە چاکسازییەکانی راگەیاند و پەرۆشیی فەرەنسای بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی هاوکاری و هاوبەشی لەگەڵ عێراقدا لە سەرجەم بوارەکاندا دووپاتکردەوە.
ئەم پەیوەندییە لە کاتێکدایە کە هەڵمەتەکەی عەلی زەیدی دژی گەندەڵی و قاچاخچێتی، زنجیرەیەک رێکاری بەرفراوانی ئەمنی، دارایی و کارگێڕی لەخۆدەگرێت و لە ناوەڕاستی ساڵی 2026ـەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، قاچاخچێتیی نەوت و کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنوورییەکان دەستی پێکردووە.
لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتەدا، رۆژی 28ی حوزەیرانی ئەمساڵ، هێزە ئەمنییەکانی عێراق ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانیان لە ناوەوە و دەرەوەی ناوچەی سەوز ئەنجامدا و تێیدا دەیان بەرپرسی باڵا و پەرلەمانتار بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکران و دەست بەسەر بڕێکی زۆر پارە، زێڕ و موڵکدا گیرا.
PM:04:21:28/11/2026
ئهم بابهته 616
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت