عەلی زەیدی بڕیاری یەکخستنی پێناسی گومرگی و زیادکردنی پشکی دۆلاری گەشتیارانی دەرکرد

‌

وێستگەنیوز- ئارام عەلی


عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ هەینی لە چوارچێوەی رێکارەکانی تایبەت بە بەهێزکردنی سەقامگیریی ئابووری و رێکخستنی سیاسەتی بازرگانی و نەختینەیی، بڕیاریدا بە یەکخستنی پێناسی گومرگی لەسەر سەرجەم کاڵا هاوردەکراوەکان بە رێژەی (5%) و زیادکردنی پشکی دراوی بیانی بۆ گەشتیاران بۆ (12) جار لە ساڵێکدا.

بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، بڕیاری یەکخستنی پێناسی گومرگی لەسەر سەرجەم کاڵا هاوردەکراوەکان بە رێژەی (5%)، لە رۆژی یەکی مانگی کانوونی یەکەمی 2026ەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

هاوکات رێکارەکان راسپاردنی بانکی ناوەندیی عێراقیان لەخۆگرتووە بۆ زیادکردنی ژمارەی پشکە نەختینەییەکانی دراوی بیانیی تەرخانکراو بۆ گەشتیاران، بە جۆرێک لە ساڵێکدا لە (6) پشکەوە بکرێتە (12) پشک و بۆ هەر گەشتیارێکیش بڕی (3) هەزار دۆلار بێت.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، ئامانج لەم ئاسانکاری و رێکارە نوێیانە ئەوەیە هاووڵاتییان بە شێوەیەکی فراوانتر سوودمەند بن و سەقامگیریی ئابووری لە وڵاتدا بەهێزتر بکرێت.


PM:08:07:27/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 332 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو