عەلی زەیدی: گرنگیدان بە دۆسیەی پڕچەککردن بۆ پاراستنی سەروەریی عێراقە

‌

وێستگەنیوز- بابان عومەر

ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی تشرینی دووەمی 2026، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بڵاویکردەوە، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای پڕچەککردنی کردووە، بە مەبەستی تاوتوێکردنی پێداویستییەکانی پەرەپێدانی تواناکانی پڕچەککردنی هێزە چەکدارەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەباشییان.


بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا عەلی فالح زەیدی جەختی لەوە کردووەتەوە، کە گرنگیدان بە دۆسیەی پڕچەککردن و بەهێزکردنی ئامادەباشیی هێزە چەکدارەکان، لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتیی نیشتمانیدایە بۆ پاراستنی سەروەریی عێراق و ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی گەلەکەی.

هاوکات سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەش داوە، ئاراستەکانی حکومەت گەشەپێدەرانەن و سەرنج دەخەنە سەر بنیاتنان، ئاوەدانکردنەوە، باشترکردنی ئاستی خزمەتگوزارییەکان و دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیانێکی شایستە و شکۆمەندانە بۆ هاووڵاتییان.

لەو چوارچێوەیەشدا روونی کردووەتەوە، بەهێزکردنی تواناکانی بەرگری پێویستییەکە بۆ پاراستنی ئەم رێڕەوە گەشەپێدەرانە و رەخساندنی ژینگەیەکی ئارام و سەلامەت لەپێناو بەردەوامبوونیاندا.

لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی ئەو بابەتانەوە کراوە کە لە کارنامە و خشتەی کاردا هاتبوون و بڕیار و راسپاردەی پێویستیان لەسەر دەرکراوە، بە جۆرێک کە تواناکانی هێزە چەکدارەکان بەهێز بکات و ئاستی پڕچەککردن، کەرەستە و ئامادەباشییان بەرز بکاتەوە.


PM:03:52:25/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 216 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو