دادگای فیدراڵی رێکارەکانی سەرۆک وەزیرانی بە دەستووری ناساند و مەودای دەسەڵاتی هەرێمی دیاری کرد
وێستگەنیوز- فیردەوس دڵشاد
دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاری دا بە دەستووریبوونی ئەو رێکارانەی لەلایەن سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانەوە گیراونەتەبەر، هاوکات مەودای جوگرافیی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتی بەغدای بەسەر سنوور، دەروازەکان، نەوت و داهاتەکاندا دیاری کرد.
بەپێی بڕیارە تەفسیرییەکەی دادگای باڵای فیدراڵی کە لەسەر بنەمای ماددەی (93/دووەم)ـی دەستوور و یاسای دادگاکە ژمارە (30)ـی ساڵی 2005 دەرچووە، مەودای دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان تەنها ئەو خاکانە دەگرێتەوە کە لە 19/3/2003ـدا لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بەڕێوەدەبران لە پارێزگاکانی دهۆک، هەولێر، سلێمانی، کەرکووک، دیالە و نەینەوا (لەگەڵ رەچاوکردنی ماددەی 140)، و ناوچەکانی دەرەوەی ئەو سنوورە لەلایەن دەسەڵاتە فیدراڵییەکانەوە بەڕێوەدەبرێن.
دادگاکە جەختی کردووەتەوە، پاراستنی سنوورەکان، بڵاوەپێکردنی هێزە فیدراڵییەکان، کۆنترۆڵکردن و بەئەلیکترۆنیکردنی سەرجەم دەروازە سنوورییەکان (بەوانەی هەرێمیشەوە) لە دەسەڵاتی فیدراڵیدایە بە رەچاوکردنی هەماهەنگیی دەستووری لە بەڕێوەبردنی گومرگەکاندا، هەروەها وەزارەتی نەوت و لایەنە چاودێرییە فیدراڵییەکان مافی وردبینی و سەرپەرشتیکردنی کێڵگە و گرێبەستە نەوتییەکان و چاودێریکردنی داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستانیان هەیە بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ گەنجینەی گشتی.
PM:02:25:25/11/2026
ئهم بابهته 448
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت