عێراق بڕیاریداوە تا ناوەڕاستی 2027 مامەڵەی کاش نەهێڵێت و بیکاتە دیجیتاڵی
وێستگەنیوز- ئارام عەلی
حکومەتی عێراق بڕیاریداوە تا ناوەڕاستی
ساڵی 2027 کۆتایی بە
مامەڵەکردن بە پارەی کاش لە بازاڕەکاندا بهێنێت و سیستەمی دارایی بکاتە دیجیتاڵی،
ئەوەش لە کاتێکدایە کە مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی
عێراق، جەختی لەسەر گرنگیی گواستنەوەی سەرمایە لە دەرەوەی بانکەکانەوە بۆ سیستەمی
ئەلیکترۆنی و پەرەپێدانی ئامرازەکانی پارەدانی دیجیتاڵی کردووەتەوە بە مەبەستی
چاودێریکردنی جووڵەی پارە و زانینی قەبارەی راستەقینەی داهات و سامان.
بەگوێرەی بڕیارەکە، ناوەڕاستی ساڵی 2027 وادەی کۆتایی دەبێت
بۆ گواستنەوەی مامەڵە داراییەکان بۆ کارتە بانکییەکان و سیستەمی دیجیتاڵی، بە
جۆرێک هاووڵاتییان و بازرگانان لە کڕین و فرۆشتن و مامەڵە رۆژانەکاندا
پشت بە دراوی کاغەزی نابەستن، ئامانجیش لەم هەنگاوە ئەوەیە دەسەڵاتە داراییەکان
داتای راستەقینەیان سەبارەت بە داهات، خەرجی و جووڵەی سەرمایە لەبەردەستدا بێت و
سەرجەم مامەڵەکان بچنە ژێر چاودێریی فەرمییەوە.
مەزهەر محەمەد ساڵح رایگەیاند، هەنگاوەکانی
بەدیجیتاڵکردن و بەرەوپێشبردنی دیناری ئەلیکترۆنی بە شێوەیەکی خۆکار سیولەی زیادە
دروست ناکات، بەڵکو کارایی بەڕێوەبردنی سیولەی بەردەست بەرز دەکاتەوە و
یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی مامەڵە رێکنەخراوەکان و هاندانی پاشەکەوت و وەبەرهێنان،
لە رووی کرداریشەوە، ئەم بڕیارە چەند ئامانجێکی سەرەکی هەیە:
·شەفافیەتی دارایی: ئاشکرابوونی
سەرچاوەی داهاتی تاک و کۆمپانیاکان و سنووردارکردنی مامەڵەکانی دەرەوەی بانکەکان.
·بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و سپیکردنەوەی
پارە: ئاسانتر چاودێریکردنی گواستنەوەی سەرمایە و ڕێگری لە شاردنەوە یان
سپیكردنەوەی پارەی نایاسایی.
·کۆکردنەوەی باج و رسومات: دیاریکردنی
باج بە شێوەیەکی وردتر و دادپەروەرانەتر لەسەر بنەمای داهاتی راستەقینە.
·پاراستن و کەمکردنەوەی تێچوو:
کەمبوونەوەی مەترسییەکانی دزی، ونبوون و تێکچوونی دراوی کاغەزی، لەگەڵ کەمکردنەوەی
تێچووی چاپکردنی پارە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە.
لە بەرامبەردا، چاودێرانی ئابووری
پێیان وایە پابەندبوون بە وادەی ناوەڕاستی ساڵی 2027 پێویستی بە تێپەڕاندنی چەندین ئاستەنگ هەیە،
وەک:
·لاوازیی ژێرخانی بانکی و پێویستیی
فراوانکردنی ئامێرەکانی پارەدانی ئەلیکترۆنی (POS) لە بازاڕ و دووکانەکاندا.
·کێشەکانی پچڕانی هێڵی ئینتەرنێت و
کارەبا لە هەندێک ناوچە.
·کەمبوونەوەی متمانەی بەشێک لە
هاووڵاتییان بە سیستەمی بانکی و پێویستیی بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی دارایی بۆ
بەکارهێنانی ئەپڵیکەیشن و کارتەکان.
کۆتاییهێنان بە مامەڵەی کاش تا
ناوەڕاستی 2027 گۆڕانکارییەکی
بەرچاوە لە سیستەمی دارایی عێراقدا، بەڵام جێبەجێکردن و سەرکەوتووتنی پەیوەستە بە
ئامادەکاریی تەکنیکی و یاسایی حکومەت و بانکی ناوەندی، لەگەڵ ئەوەشدا دابینکردنی
خزمەتگوزاریی بێ کێشە بۆ ئەوەی ژیانی رۆژانەی هاووڵاتییان پەکینەکەوێت.
PM:05:37:23/11/2026
ئهم بابهته 176
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت