وتەبێژی حکومەتی عێراق: نزیکەی دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلار لە پارەی گەندەڵیی گەڕێندراوەتەوە
وێستگەنیوز-ئارام عەلی
حەیدەر
عەبودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، لە چوارچێوەی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی
گەندەڵی ناسراو بە "هەڵمەتی بەرەبەیان"، زیاتر لە دوو ترلیۆن و 682 ملیار دینار و زیاتر لە 781ملیۆن دۆلار لە پارەی گەندەڵی گەڕێندراوەتەوە و دەخرێتە ناو (سندووقی نەوەکان) کە
لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027دا جێگیر کراوە.
عەبودی
ئاماژەی بەوەش کرد، (هەڵمەتی بەرەبەیان)ـی حکومەت بەردەوامە و لە رووی کردەییەوە
نەوەستاوە، ئاماژەی بەوەش دا کە ئەنجامەکانی بە شێوەیەکی روون لە رێگەی ئەو بڕیارە
دادوەرییانەوە دەرکەوتوون کە دژی تاوانباران دەرچوون، لەنێویاندا ژمارەیەک
سیاسەتمەدار، پەرلەمانتار و کەسایەتیی دیار هەن.
روونیشی کردەوە، ئەنجام و ئاماژەکانی ئەم هەڵمەتە لە
ماوەی 23 ساڵی ڕابردوودا و لە دوای ساڵی 2003ـوە وێنەیان نەبووە، جەختیشی لەوە کردەوە، عەلی زەیدی،
سەرۆک وەزیران، وەک بەرپرسی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و سیاسەتی گشتیی دەوڵەت و
فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، لەم ئەرکەدا تەواوکەری هەردوو دەسەڵاتی دادوەری
و یاسادانانە، چونکە حکومەت بە تەنها و بەبێ ئەم تەواوکارییە ناتوانێت لە
یەکلاکردنەوەی ئەم دۆسیەیەدا بەردەوام بێت.
سەبارەت بە وردەکاریی پارە گەڕێنراوەکان، وتەبێژی حکومەت
ئاشکرای کرد، قەبارەی ئەو پارانەی لە تۆمەتبارانی گەندەڵی گەڕێندراونەتەوە
گەیشتووەتە زیاتر لە دوو ترلیۆن و 682 ملیار دینار، وێڕای زیاتر لە 781 ملیۆن دۆلار، و سەرجەمیان دەچنە ناو (سندووقی نەوەکان) کە لە
پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027دا بە دەق دیاری کراوە.
لە کۆتایدا عەبودی ئاماژەی بەوەش کرد، سندووقی نەوەکان،
بۆ یەکەمجار ئاراستەیەکە بۆ دڵنیاییدان لە داهاتووی نەوەکان و وەک پاڵپشتییەکی
دارایی داهاتە نەوتییەکان و گەنجینەی دەوڵەت بەهێز دەکات.
PM:07:58:22/11/2026
ئهم بابهته 156
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت