بودجەی 2027ـی عێراق لەبەردەم مەترسیی دواکەوتندایە
وێستگەنیوز- ئارام
عەلی
چارەنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2027ـی عێراق کەوتووەتە بەردەم مەترسی گەورەی
دواکەوتن بۆ دوای پشووی یاسادانان، ئەگەر تاوەکو پێش 29ـی ئەم مانگە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەسەند نەکرێت و رەوانەی پەرلەمان
نەکرێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکانەوە، دانیشتنەکانی
پەرلەمان ماوەی 22 رۆژە بە تەواوی پەکیان کەوتووە و وڵات بەرەو
بۆشاییەکی گەورەی دارایی هەنگاو دەنێت.
محەمەد خەفاجی، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق، هۆشداریی تووندی
دا لەبارەی لەدەستدانی کات و ئاشکرای کرد، ئەگەر لەم هەفتەیەدا ئەنجوومەنی وەزیران
دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 نەدات و نەینێرێتە پەرلەمان،
ئەوا گفتوگۆکردن لەسەری دەکەوێتە دوای پشووی یاسادانان.
بەپێی وتەکانی خەفاجی سەرەڕای ئەوەی مانگی رابردوو پەرلەمان بڕیاری
درێژکردنەوەی وەرزی یاسادانانی داوە، بەڵام ماوەی 22 رۆژە هیچ دانیشتنێکی ئەنجام
نەداوە، جەختی لەوەش کردەوە، رۆژی 29ـی ئەم مانگە وادەی کۆتاییهاتنی وەرزی یاسادانان و دەستپێکردنی پشووی
پەرلەمانە، بۆیە نەناردنی بودجە پێش ئەو کاتە، پرۆسەکە بە تەواوی دوادەخات.
سەبارەت بە هۆکارەکانی پەککەوتنی پەرلەمان، ئەو ئەندامەی لیژنەی یاسایی
ئاماژە بەوەش کرد، بارودۆخی سیاسی و رووداوە ئەمنییەکانی ئێستا و هەڵنەبژاردنی
سەرۆکی لیژنە هەمیشەییەکانی پەرلەمان بوونەتە هۆی وەستانی دانیشتنەکان، بەڵام بە
بڕوای ئەو "ئەم دۆخە بەهانە نییە بۆ پەکخستنی کاری
یاسادانان"، بەتایبەت کە دەیان پڕۆژەیاسای
گرنگ چاوەڕوانی خوێندنەوەی یەکەم و دووەم و دەنگدانن.
لە بەرامبەر فشار و هۆشدارییەکانی پەرلەماندا، سەرچاوە فەرمییەکانی ناو
حکومەت و وەزارەتی دارایی عێراق جەخت لەوە دەکەنەوە، دواکەوتنی ناردنی پڕۆژەیاساکە
تەنها پەیوەندی بە ململانێ سیاسییەکانەوە نییە، بەڵکو پەیوەستە بە پێداچوونەوەی
وردی تەکنیکی بە داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان و خەمڵاندنی قەبارەی کورتهێنان.
وەزارەتی دارایی ئاماژە بەوەش کردووە، ئامادەکردنی رەشنووسی کۆتایی بودجەی 2027 لە قۆناغەکانی کۆتاییدایە و هەوڵدەدرێت خەرجییەکانی بەکاربردن کەمبکرێنەوە تاوەکو
لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی نرخی جیهانیی نەوتدا بگونجێت، هاوکات بەرپرسانی حکومی
دڵنیایی دەدەن، لە ئەگەری دواکەوتنی پەسەندکردنی بودجە و چوونە ناو ساڵی 2027 بەبێ یاسای بودجە، کار بە یاسای کارگێڕیی دارایی دەکرێت لە رێگەی خەرجکردنی رێژەی 1 لەسەر 12ـی خەرجییەکانی ساڵی پێشوو، بەوەش مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان پارێزراو
دەبێت.
چاودێرانی ئابووریش پێیانوایە، ئەگەر بودجەی 2027 بکەوێتە دوای پشووی یاسادانان و
سەری ساڵی نوێ، ئەوا زیانی گەورە بەر کەرتی وەبەرهێنان و خزمەتگوزاری دەکەوێت، چونکە بەپێی یاسای کارگێڕیی دارایی،
کارکردن بە سیستەمی 1 لەسەر 12 تەنها رێگە بە خەرجییە
بەردەوامەکان (وەک مووچە) دەدات و سەرجەم پرۆژە نوێیەکانی وەبەرهێنان و دامەزراندن
و پلەبەرزکردنەوە رادەگیرێت.
سەرەڕای کێشەی کات، هێشتا چەندین دۆسیەی هەستیاری وەک ناکۆکی لەسەر پشکی
هەرێمی کوردستان، شایستە داراییەکانی کۆمپانیا نەوتییەکان و قەبارەی قەرزە ناوخۆیی
و دەرەکییەکان وەک ئاستەنگی سەرەکی لەبەردەم تێپەڕاندنی بودجەدا ماونەتەوە، کە
پێویستیان بە سازانی سیاسی هەیە پێش ئەوەی پڕۆژەکە یاساکە بنێردرێتە ناو هۆڵی
پەرلەمان.
PM:05:18:22/11/2026
ئهم بابهته 248
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت