فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سەرۆکی لیژنەی وزەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەجەف و براکەی دەرچوو
وێستگەنیوز- ئارام
عەلی
ئەنجوومەنی
باڵای دادوەریی عێراق فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەجەف
(کە هاوکات سەرۆکی لیژنەی وزەیە) و براکەی دەرکرد، هەروەها پێنج ئەفسەر و سێ
کارمەندی پۆلیسی وزەشی دەستبەسەر کرد، ئەمەش بە تۆمەتی تێوەگلان لە بەقاچاخبردنی
نەوت لە رێگەی زێدەڕۆییکردنە سەر بۆرییەکی نەوت لە ناو پارچە زەوییەکی خۆیاندا.
بەگوێرەی
راگەیەندراوێکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری کە ئەمڕۆ شەممە 21ـیتشرینی دووەمی 2026 بڵاوکرایەوە، دوای ئەوەی دادوەری لێکۆڵینەوەی تایبەتمەند پشکنینی
مەیدانی بۆ شوێنی زێدەڕۆیی سەر یەکێک لە بۆرییە نەوتییەکانی نەجەف ئەنجامداوە کە
دەکەوێتە ناو زەوییەکەی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگا و براکەی، لێکۆڵینەوە
سەرەتاییەکان بوونی ئۆپەراسیۆنی بەقاچاخبردنی نەوتیان لەو شوێنە سەلماندووە.
لە ژێر رۆشنایی ئەنجامەکان و وتەی دەستبەسەرکراوەکاندا،
دادگا بڕیاریدا پێنج ئەفسەر و سێ کارمەندی پۆلیسی وزە بۆ لێکۆڵینەوە دەستبەسەر
بکات و فەرمانی دەستگیرکردنیش بۆ سەرۆکی لیژنەی وزە و براکەی دەربکات، دوای ئەوەی
دەرکەوت دەستوەردانیان لە رووداوەکەدا هەبووە.
دادوەرە تایبەتمەندەکە ئاشکرای کردووە، ئەو دوو
تۆمەتبارە پێشتر خەندەقێکیان بە دەوری تەواوی پارچە زەوییەکەدا هەڵکەندووە بۆ
ئەوەی ڕێگری لە چوونەژوورەوەی خەڵک و ئاشکرابوونی چالاکییە نایاساییەکانی ناوی
بکەن، سەبارەت بە دەنگۆی بوونی بەقاچاخبردنی ماددە هۆشبەرەکانیش لە هەمان شوێندا،
دادگا رایگەیاندووە کە ئەو بابەتە هێشتا لە قۆناغی لێکۆڵینەوە و پشکنیندایە.
دادگا جەختی لە
بەردەوامبوونی لێکۆڵینەوەکان کردووەتەوە بۆ گرتنەبەری رێکاری یاسایی بەرامبەر هەر
کەسێک کە تێوەگلانی بسەلمێنرێت لە پێناو پاراستنی سامانی نیشتمانیدا.
ئەم پێشهاتە دوای ئەوە دێت کە رۆژی چوارشەممەی ڕابردوو (18ـی تشرینی دووەمی 2026)،
وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەستبەسەرداگرتنی مۆڵگەیەکی گەورەی بەقاچاخبردنی بەرهەمە
نەوتییەکانی لە نەجەف و دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی ڕاگەیاند، کە تێیدا دەست بەسەر
بارهەڵگرێکی جۆری کەنتەر بە 20 بەرمیلی 220 لیترییەوە و 12 تانکیی گەورەی پڕ لە بەرهەمی
نەوتیدا گیرابوو و ڕەوانەی دادگا کرابوون.
PM:07:57:21/11/2026
ئهم بابهته 164
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت