هێزە عێراقییەکان چوونە ناو جورف سەخەرەوە؟

‌

وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ هەینی 20ی تشرینی دووەمی 2026، قۆناغی یەکەمی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ چوونە ناو ناوچەی جورف سەخەر لە پارێزگای بابل دەستیپێکرد و هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی بارەگای پۆلیسی بابلیان بەرەو ئەو پێگانە جێهێشت کە لە سنووری ناوچەکە بۆیان دیاریکراوە تا تێیدا جێگیر ببن.


بەپێی زانیارییەکان، ئەو هێزەی جووڵەی پێکراوە زەبەلاح نییە و لە نزیکەی 50 ئۆتۆمبێلی سەربازی پێکهاتووە کە قورسترینیان ئۆتۆمبێلی جۆری (هەمەر)ن و چەکی قورس و مامناوەندیان پێیە، لەگەڵ ژمارەیەک ئەمبوڵانس، هاوکات تا ئێستا روون نییە کە ئەو لیوایانەی حەشدی شەعبی کە پێشتر بڕیار بوو هاوشانی پۆلیسی فیدراڵی بەشداری بکەن، دەستیان بە جووڵە کردووە یاخود نا.

ئەم جووڵەیە دوای ئەوە دێت کە پێشتر عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق کاتژمێر 6:00ی بەرەبەیانی ئەمڕۆی بۆ چوونە ناو ناوچەکە دیاریکردبوو، بەڵام پرۆسەکە بۆ کاتژمێر 8:00 دواخرا. هەر ئەمڕۆ 6 یەکەی جیاوازی هێزە ئەمنی و سەربازییەکان کە پێکهاتبوون لە لیوایەکی سوپای عێراق، لیوایەکی پۆلیسی فیدراڵی، 2 لیوای حەشدی شەعبی، فەوجێکی دژەتیرۆری عێراقی و فەوجێکی پاراستنی بۆرییە نەوتییەکان، گەیشتنە نزیک یەکێک لە دەروازەکانی جورف سەخەر لە قەزای موسەیبی پارێزگای بابل.

لەو هێزانەی لەسەر رێگای بەغداوە تا موسەیب و نزیک جورف سەخەر کۆکراونەتەوە، هیچ چەکێکی قورسی وەک تانک و مووشەک بەدی نەکراوە و هێزەکان بە ئۆتۆمبێلی سەربازی، کۆستەر و پاس هێنراونەتە نزیک ناوچەکە؛ ئەمەش وەک ئاماژەیەک دەخوێنرێتەوە بۆ ئەوەی بۆ شەڕ نەهاتوون، بەڵکو بۆ ئاڵوگۆڕی شوێن و جێگیربوون بە شێوەیەکی قۆناغبەندی هاتوون تا حکومەت هەیمەنەی خۆی لە ناوچەکەدا بسەپێنێت.

هەر بەپێی پلانەکان، ئامادەکاری کراوە بۆ ئەوەی لە کاتی چوونە ژوورەوەدا، چەند شوێنێکی دیاریکراو کە پێشتر بە دەست کەتائیبی حزبوڵڵاوە بوون رادەستی هێزە عێراقییەکان بکرێن و لەمەودوا بە شێوەی هاوبەش بەڕێوەببرێن، هەروەها لە رۆژانی داهاتوودا بە شێوەی قۆناغبەندی پێشڕەوی بەرەو ئەو شوێنانەش بکرێت کە ساغ بوونەتەوە بەقاچاخبردنی نەوتیان تێدا دەکرێت یان گومانی دەرهێنانی نەوت لە ژێرزەوییەوە لێدەکرێت، بە مەبەستی دروستکردنی پشتوێنێکی ئەمنی و کۆنترۆڵکردنی هەر 3 دەروازە سەرەکییەکەی جورف سەخەر.

لە لایەکی دیکەوە، سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە ناوچەی ژێر دەستی لیوای 16ی پۆلیسی فیدراڵی لە جورف سەخەر، وردەکاریی تەواو لەبارەی پێشهاتەکان و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە لەلایەن پۆلیسی فیدراڵی و دەستەی حەشدەوە ئاشکرا دەکەن. هاوکات حەشدی شەعبیش رایگەیاندووە کە بۆ جێبەجێکردنی فەرمانی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکان، ئەمڕۆ پرۆسەی جێگۆڕکێی کەرتەکان لە جورف سەخەر دەستپێدەکات و هەم سەرۆکوەزیران و هەم سەعد مەعن جەختیان کردووەتەوە کە هیچ پاشگەزبوونەوەیەک لە بڕیارەکە نییە.

هەرچەندە پێشبینی دەکرێت هێزەکان بەبێ رووبەڕووبوونەوە و شەڕ بچنە ناو جورف سەخەر و لە پێگەکانیان جێگیر ببن، بەڵام تەواوی هێزە عێراقییەکان لە موسەیب، جورف سەخەر، بابل، ئەنبار و سەرتاسەری عێراق خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و لە بەرامبەریشدا چەکدارانی کەتائیبی حزبوڵڵا لە ناو جورف سەخەردا بە چەکەوە لە ئامادەباشیی تەواودان. زانیارییە مەیدانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن تا ئێستا هیچ رێککەوتنێک لە نێوان سوپا و حکومەتی عێراق لەگەڵ کەتائیبی حزبوڵڵا نەکراوە و چەکدارەکانیان رایانگەیاندووە لە ئەگەری هەر حاڵەتێکی نەخوازراودا وەڵام دەدەنەوە، سەرەڕای ئەوەی پێشتریش ئەگەری بوونی لێکتێگەیشتنێک بۆ دوورکەوتنەوە لە پێکدادان و چوونە ناوەوەی تەنیا چەند هێزێک دەخرایەڕوو. هاوکات ئیسماعیل قائانی، سوپاسالاری ئێران لە رۆژی دووشەممەوە لە عێراقە و بەردەوام لەگەڵ سەرکردەکانی شیعە و عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە گفتوگۆدایە بە مەبەستی رێگریکردن لە هەر رووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازی لە نێوان هێزەکاندا.

ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدان، دوێنێ پێنجشەممە 19ی تشرینی دووەمی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی وەزیران و فەرماندە ئەمنییەکانی کرد بۆ بەدواداچوونی دۆخی جورف سەخەر و ئاڵوگۆڕپێکردنی یەکە سەربازییەکان لە چوارچێوەی کەرتەکانی بەرپرسیارێتیدا، کە تێیدا فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان جەختی لە پابەندبوون بە بەرزترین ئاستی بەرپرسیارێتی، مامەڵەکردنی پیشەییانە، پاراستنی بەرژەوەندی و موڵک و ماڵی هاووڵاتییان و جێبەجێکردنی تەواوی رێنمایی و فەرمانە سەربازییەکان کردەوە لە پێناو سەقامگیریی ئاسایشی ناوچەکەدا.


AM:09:13:20/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 348 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت